"زیاتر له‌ پێنج هەزار پێشمه‌رگه‌ به‌ نایاسایی مووچه‌ وه‌رده‌گرن"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 03/01/2018‌ :: 1993‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك 
ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان ئاشكراى ده‌كات، پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاواى كوردستان ( له‌شكرى رۆژ ) به‌نایاسایى مووچه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌رده‌گرن.


مەحمود ساڵح، ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، بە دواڕۆژی راگەیاند" پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاوا ( له‌شكرى رۆژ ) هێزێكى نایاساییە، بە هیچ پێوەرێک ناکرێت لەسەر هەرێمی کوردستان مووچە وەربگرن، باشترە لەگەڵ هێزەکانی پەیەدە یەکبگرن و لەوێ مووچەی خۆیان وەربگرن".

وتیشی "لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ باسمان لەوە کردووە، کە پێویستە ئەوانە فەسڵ بکرێن، چونكه‌ ئه‌و هێزه‌ له‌سه‌ر خواستى هیچ هێزێكى باشورى كوردستان دانه‌مه‌زراون، ئه‌وان سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نى نیشتیمانى كورد- سوریا (ئه‌نه‌كه‌س)ه‌ن، و بۆ دژایه‌تى پارتى یه‌كێتى دیموكرات و یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل دامه‌زراون".

وته‌بێژى پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاوا ( له‌شكری رۆژ) بۆ دواڕۆژ رایگه‌یاند، ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌كانى ئه‌وان نزیكه‌ى 5 هه‌زار و 500 كه‌سه‌ و سه‌ربه‌ فه‌رمانده‌ى زێره‌ڤانین، كه‌مترین مووچه‌یان 512 هه‌زار دینارى عێراقى بووه".

شه‌ڕڤان دێركى، وته‌بێژى پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاوا ( له‌شكری رۆژ ) وتیشى "جگه‌ له‌و پێشمه‌رگانه‌ى كه‌ ئێستا له‌ ئه‌ركدان، نزیكه‌ى 4 هه‌زار گه‌نجى دیكه‌ى رۆژئاواى كوردستان خۆیان له‌ ناو له‌شكرى رۆژ ناونوس كردووه‌ و وه‌ك هێزى یه‌ده‌گ هه‌موو كاتێك ئاماده‌ن چه‌ك هه‌ڵبگرن".

(ق. د.ش) فه‌رمانده‌ى پێشمه‌گه‌ى رۆژئاوا(له‌شكه‌رى رۆژ) بۆ دواڕۆژ وتى" پیشمه‌رگه‌كانى رۆژئاواى كوردستان ئێستا له‌ میحوه‌رى رۆژئاواى دیجله‌ له‌ ناوچه‌ى(عه‌ین عیاز) له‌ ئه‌ركدان".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌ دواین هێرشى سوپاى عێراق بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ده‌روازه‌ى سیماڵكا له‌ نێوان باشور و رۆژئاواى كوردستان و ئیبراهیم خه‌لیل له‌ نێوان باشور و باكورى كوردستان، له‌ 26-ى تشرینى یەکەمی ساڵى رابردوو، له‌شكرى رۆژ به‌رامبه‌ر سوپاى عێراق وه‌ستان و 8 پێشمه‌رگه‌یان شه‌هیدبوو و 12 دیكه‌ش برینداربوون.

كاوە ئەزیزی، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد لەسوریا، بۆ دواڕۆژ وتى"هەموو چەکدارەكانى (له‌شكرى رۆژ) خەڵکی سوریان واتا ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵام تا ئێستا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هیچ شتێك لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی، یاخود نەهێشتنی مووچەكانیان بەئێمە نەوتراوە".

ساڵى رابردوو (ئه‌نه‌كه‌سه‌)  رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر (ئه‌نجۆمه‌نى سه‌ربازى یه‌كگرتووى سوریا) دامه‌زرا، هه‌وڵده‌دەین پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاواى كوردستان ببنه‌ به‌شێك له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ و بگه‌ڕێنه‌وە رۆژئاواى كوردستان و سوریا.

سه‌باره‌ت گه‌رانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاوا (له‌شكرى رۆژ) بۆ رۆژئاواى كوردستان، نه‌واف خه‌لیل، به‌رپرسى سه‌نته‌رى لێكۆلینه‌وه‌ى كوردى له‌ شارى بۆخۆم له وڵاتى‌ ئه‌ڵمانیا بۆ دواڕۆژ وتى"(ئه‌نه‌كه‌سه)‌ ناتوانێن 5 هه‌زار بوتلى ئاو بداته‌ پێشمه‌رگه‌ى خۆى، چوون ده‌تو‌انێت 5 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ به‌رێوه‌به‌رێت، (ئه‌نه‌كه‌سه)‌ هه‌موو پێداویستى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ باشور وه‌رده‌گرێت".

وتیشى "بابه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ى ( له‌شكرى رۆژ) بۆ رۆژئاواى كوردستان بۆ په‌یه‌ده‌ كۆتاى هاتووه‌ و نابێت ئه‌و پیشمه‌رگانه‌ وه‌ك هێزێكى جودا بگه‌رێنه‌وه رۆژئاوا‌ ".

پێشمه‌رگه‌ى رۆژئاوا ( له‌شكری رۆژ)  له‌ ساڵى 2012 له‌ باشورى كوردستان به‌هاوكارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ دامه‌زرا و له‌ بنكه‌كانى سه‌ربازى قه‌زاى سوران و فه‌زاى شێخان سه‌ر به‌ پارێزگاى دهۆك، چه‌ندین خۆڵى سه‌ربازى وه‌رگرتووه كه‌ به‌شێك له‌و پێشمه‌رگانه‌ ژنن و ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ یه‌ك سریه‌ى سه‌ربازى‌.

ئێستا به‌هێزترین هێز له‌ رۆژئاواى كوردستان یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌) و یه‌كینه‌كانى پاراستنى ژن (یه‌په‌ژه‌ن) و رازى نین هیچ هێزێكى دیكه‌ى له‌ باشورى كوردستان به‌ناوى پێشمه‌ر‌گه‌ بچێته‌ رۆژئاواى كوردستان.

نورى مه‌حمود، وته‌بێژى هێزه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌) له‌ رۆژئاواى كوردستان بۆ دواڕۆژ وتى" ئێمه‌ هیچ هێزك به‌ناوى پێشمه‌رگه‌ له‌ رۆژئاواى كوردستان قبول ناكه‌ین، چونكه‌ تا ئێستا ئێمه‌ ئه‌و هێزه‌ ناسنه‌كردووه‌ و پێویستیشمان پێنیه‌".

وتیشى" گه‌نجه‌كانى رۆژئاوا له‌ چوارچێوه‌ى سیسته‌مى یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ له‌ رۆژئاواى كوردستان كۆتاى به‌داعش هێناوه‌، بوویه‌ هیچ پێوستیمان به‌ پێشمه‌رگه‌ى رۆژئاوا نیه‌".





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure