بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان: عەبادی ئاگاداری پڕۆسەی بەعەرەبكردنە

هەواڵ / کوردستان :: 04/01/2018‌ :: 336‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان، رایدەگەیەنێت "بەئاگاداری حەیدەر عەبادی پڕۆسەی راگواستن و بەعەرەبكردن ئەنجامدەدرێت و ئەوەشی كە روودەدات پلانە، چونكە حكومەتی عێراق پشتیوانی بۆ عەرەبە هاوردەكان دەربڕیووە". 


لوقمان حسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4ى كانونى دووه‌مى 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند "لەچەند رۆژی رابردوو شاندێكی باڵای سەربازی لەڕێی نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەردانی ئەو ناوچانە و ناحیەی سەرگەڕانیان كردووە پشتیوانی عەبادی و حكومەتیان بۆ عەرەبە هاوردەكان دەربڕیوە".

وتیشی "شاندەكە لەكاتی سەردانیان بۆ ناحیەی سەرگەڕان، بە عەرەبە ھاوردەكانی وتبوو، ئێوە ناسنامە و ھەموو بەڵگەنامەكانتان لێرەن، دەتوانن بمێننەوە و ژیانتان دەستپێبكەن و ئێمەش هاوكار و پشتیوانتانین".

بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان، بۆ دواڕۆژ ئاشكراشیكرد، ئێستا حەشدی شەعبی یەكەیەكی دامەزراندووە بۆ ناونووسینی ئەو عەرەبە گەنجانەی هاوردە كراون تا جگە لەكاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری، بتوانن وەك چەكداری حەشدی شەعبیش ناحیەكە بپارێزن و بمێننەوە.

لەچەند رۆژی رابردوودا، هێزە عێراقییەكان بەفەرمانێكی راكان جبووری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، چەند رۆژێك مۆڵەتیان داوەتە خێزانە كوردەكان بۆ ئەوەی ناوچەكە چۆڵبكەن و خێزانە عەرەبەكان لەشوێنی ئەوان نیشتەجێبكەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure