وەزیری ناوخۆی عێراق لەسەر تەعریب دێتە دەنگ

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 04/01/2018‌ :: 394‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
لەسنوری كەركوك، تەعریب دەستیپێكردووە و بەپێی چەند نوسراوێكیش بەهاوكاری پارێزگاری كەركوك و پۆلیسی فیدڕاڵی ئەو كارە كراوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت "پاش ئاگاداركردنەوەی وەزیری ناوخۆی عێراق، بڕیاری وەستاندنی دراوە".


سه‌ره‌تاى زه‌نگى ئاگاداركردنه‌وه‌ له‌لایه‌ن یەكێتی گشتی جوتیارانی كوردستانه‌وه‌ بوو كه‌ لە راگەیەنراوێكدا هێمای بۆ ئەوە كرد "دوای 14 ساڵ لە رووخانی ڕژێمی بەعس و گەڕانەوەی كوردان بۆ سەر زێدی خۆیان، وا جارێكی دیكە حكومەتی بەغدا دەبێتەوە میراتگری سیاسەتە شۆڤێنییەكانی بەغدا و هەوڵی تەعریبكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكان دەدات".

هەروەها ئەوەشی خسته‌ڕوو، سەرەتا ئەم سیاسەتەش لەگوندەكانی دەشتی كەندیناوە سەر بە قەزای دوبس دەستپێدەكات، لە قۆناغی سەرەتادا (13) گوندە، ژمارەیەكی زۆر لە عەرەبە هاوردەكان بە پاڵپشتی هێزی پۆلیسی فیدڕاڵی و بە فەرمانی پارێزگاری كەركوك ماوەی 72 سەعات دادەنێت بۆ چۆڵكردنی گوندەكان.

لاى خۆیه‌وه‌ ئەمین بەكر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان، بۆ دواڕۆژ دەڵێت "هەڵوێستی توندمان لەسەر هەڵمەتی تەعریبكردنی كەركوك دەربڕیوە، بۆ ئەوەش قاسم ئەلئەعرەجی، وەزیری ناوخۆی عێراق ئاگاداركراوەتەوە".

وتیشی "وەزیری ناوخۆی عێراق دواتر بڕیاریدا بەزوترین كات حەملەی تەعریب بوەستێنرێت و ئەو بەرپرسەی پۆلیسی فیدڕاڵیش كەناوی رائد حەیدەرە سزابدرێت و بگوازرێتەوە، كە پێش عەرەبە هاوردەكان كەوتبوو تەبلیغی ماڵە كوردەكانی دەكرد شوێنەكانیان بەجێبهێڵن" .

ئەمین بەكر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "لەسەر دەستی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت هەوڵی بەعەرەبكردنەوەی كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری دەستی پێكردۆتەوە و دەستكراوە بەهاندانی ئەو عەشیرەت و ماڵە عەرەبانەی كە كاتی خۆی بەمەبەستی تەعریبكردنی ناوچەكە هێنرابونەسەر ماڵ و موڵكی كوردەكان".

بەكر رونیشكردەوە، دوای رزگاركردنی كەركوك وەك بەشێك لەجێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستور و دوای وەرگرتنی قەرەبوو، ئەو عەرەبانە گەڕابوونەوە شوێنەكانی خۆیان و كوردەكان ماڵ و موڵكەكانی خۆیان وەرگرتبۆوە، بەڵام ئێستاو دوای ١٦ ئۆكتۆبەر، دەست كراوە بەهەوڵدان بۆ گێڕانەوەی عەرەبە هاوردەكان و دەركردنی كوردە گەڕاوەكان، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە عەرەب دەستبەرداری سیاسەتی شۆڤێنییانەی خۆی نەبووە".

ئەم پرۆسەیە لەكاتێكدایە كە شاندێكی پەرلەمانی عێراق سەردانی ئەو ناوچانەی كردبوو.

ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی بۆ دواڕۆژ، وتی "سەردانی ئەو ناوچانەمان كرد كە هەوڵی تەعریبی تیادا دەدرێت و چوینە شارۆچكەی دبس و ناحیەی سەرگەڕان و گوندی پەڵكانە، بۆ بەدەمەوەچوونی ئەو ماڵە كوردانەی كە پێیان ڕاگەیەندرابوو دەبێت ماڵ و موڵكەكانیان چۆڵ بكەن بۆ ئەو عەرەبانەی كە پێشتر هێنرابوونە ناوچەكە".

راشیگەیاند "لەگەڵ هاوڵاتیانی گوندەكە و ئەنجومەنی ناحیەی سەرگەڕان و ئەنجومەنی قەزای دبز و هەروەها ئەو عەرەبانەی هاتونەتە ناوچەكە لە عەشرەتی شەمەر كۆبوینەوە و گوێمان لێگرتن".

وتیشی "تەئكیدمان لەسەر بێلایەنكردنی هێزی ئەمنی و چارەسەركردنی كێشەكان لەڕێگەی یاسا و كاركردن لەسەر چارەسەركردنی كێشە چارەسەرنەكراوەكانی زەویوزار لەڕێگەی هەمواری یاسای دەستەی كێشەكانی زەوی وزارو ڕێگەنەدان بە بەكارهێنانی فەڕزی ئیرادە و دەسەڵاتی ئیداری و حكومی بۆ ناچاركردنی كوردەكان بۆ جێهێشتنی ماڵ و موڵكەكانیان كردووە".

وتیشی "داوامان لەهاوڵاتیان كرد بەهیچ شێوەیەك شوێنەكانیان جێنەهێڵن و ئێمە بەهەموو توانامانەوە لەپشتیان دەبین".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure