"كورد بەمەرج دەنگ بەیاسای هەڵبژاردنی عێراق دەدات"

هەواڵ / عێراق :: 06/01/2018‌ :: 331‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت "بەبێ‌ هەڵگرتنی ئەو بڕگەیەی باس لەدیاریكردنی چارەنوسی كەركوك دەكات لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، دەنگ بەیاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان نادەین".

پێشنیوەڕۆی رۆژی 4ی کانونی دووەمی 2018 ئارام شێخ محمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەشاری بەغدا لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكان و ئەندامانی كورد لەلیژنەی دارایی كۆبوەوە و تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكەش تایبەت بوو بەپرسی ناوچە دابڕاوەكان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018.

لەدەستپێكی كۆبونەوەكەدا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وردەكاری كۆبونەوەكەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی بۆ ئامادەبوان ڕونكردەوە كە بەیانی هەمان رۆژ بەڕێوەچو و ڕایگەیاند، لەكۆبونەوەكەدا بەسەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگری یەكەمی ڕاگەیاندوە، فراكسیۆنە كوردییەكان ئامادە نین دەنگ بە یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان بدەن ئەگەر بڕگەی سێیەمی مادەی 37ی پڕۆژەیاساكە هەڵنەگیرێت كە داوادەكات چارەنوسی كەركوك لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دیاریبكرێت و بەدەنگدان یەكلابكرێتەوە كە دیارە كورد كەمینەیە لەپەرلەمان و مافەكانی پێشێلدەكرێت.

وتیشی "ئێمە لەگەڵ ئەوەین پرسی شارەكە بەپێی سیاقە دەستورییەكان یەكلابكرێتەوە".

لەتەوەری پڕۆژەیاسای بودجەشدا، دوای تاتوێكردنی سەرنج و تێبینییەكان لەسەر پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەندامانی كورد لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئارام شێخ محەمەد، ئاماژەی بەوەكرد، پاراستنی بەركەوتەی خەڵكی كوردستان لەبەشە بودجەی عێراق و دابەشكردنی بەشێوەیەكی دادوەرانە و دورخستنەوەی لەململانێ‌ سیاسییەكان، مەرجی سەرەكی بەدیهێنانی بنەماكانی هاووڵاتیبونە و بەگرنگی دەزانین لەم قۆناغەدا بەغدا ئیلتزاماتە داراییەكانی بەرامبەر بەهاووڵاتیانی هەرێم جێبەجێبكات و كۆتایی بەدۆخی ناهەمواری خەڵك بێنێت.

 

بەگرنگیش زانرا بەرپرسانی هەرێم تەواوی پابەندبونە ئیتحادییەكانی سەرشانیان جێبەجێبكەن و هیچ پاساوێك نەدەنە بەغدا بۆ درێژەدان بەو دۆخە.

هەر لەكۆبونەوەكەدا ئامادەبوان بڕیاریاندا دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق بایكۆت بكەن بەهۆی سەرنج و تێبێنییەكانیان لەسەر بەشە بودجەی هەرێم.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە