بەفشاری ئه‌مریكا هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی پێشمەرگە جارێكیتر یەكدەگرنەوە

هەواڵ / کوردستان :: 03/01/2018‌ :: 388‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
له‌هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ لیوا هاوبه‌شه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كه‌ پێشتر له‌سنوری كه‌ركوك بوون یه‌كده‌گرنه‌وه‌ و بۆ رێكخستنه‌وه‌شیان ره‌وانه‌ی یه‌كه‌ی مه‌شق و راهێنان ده‌كرێن، فه‌رمانده‌یه‌كیش ده‌ڵێت "پرۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌ به‌فشاری ئه‌مریكییه‌كان بووه‌ ".


عه‌مید روكن رێبوار عه‌بدوڵا، فه‌رمانده‌ی لیوای 1ی پیاده‌ ئه‌مڕۆ چوارشەممە 3ی كانونی دووه‌م به‌ دواڕۆژی وت "هێزه‌كانی یه‌كێتی و پارتی له‌لیواكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌یه‌كتری دانه‌بڕاون، ته‌نها هێزه‌كانی پارتی به‌فه‌رمانێكی حزبی و به‌مه‌به‌ستی سیاسی له‌هه‌ردوو لیوای 1 و 2ی وه‌زاره‌ت كشاونه‌ته‌وه‌ كه‌ هاوبه‌شه‌ و پێشتر ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییان له‌ سنوری كه‌ركوك بووه"‌.

وتیشی "تا ئه‌م ساته‌ یه‌كێتی هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌كی خۆی نه‌كشاندۆ‌ته‌وه‌ له‌ چوار لیواكه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌سنوری بادینان كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ به‌هاوبه‌شی له‌یه‌كه‌ی 70 و 80ی هه‌ردوولا پێكهاتوون".

فه‌رمانده‌ی لیوای یه‌كی پیاده‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، "كه‌ له‌سه‌ر داوای به‌رپرسانی یه‌كێتی و به‌فشاری ئه‌مریكییه‌كان پارتی ناچار كراوه‌ هێزه‌كه‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه‌".

رونشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 7ی كانونی دووه‌م هێزه‌كانی یه‌كێتی و پارتی له‌هه‌ردوو لیوای 1 و 2ی پیاده‌ به‌مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه‌و تێكه‌ڵكردنه‌وه‌یان فه‌وجه‌كانیان ره‌وانه‌ی یه‌كه‌ی مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌ن، بڕیاریشه‌ هه‌ر فه‌وجێك ماوه‌ی 2 هه‌فته‌ راهێنان بكات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure