پێنجوێن: یەكەم كەمپینی 2018 بەشێوازێكی جیاواز رادەگەیەندرێت

هەواڵ / کوردستان :: 02/01/2018‌ :: 264‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
لەقەزای پێنجوێن و لەلایەن رێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستنی ژینگە، كەمپینێك بەدروشمی (درەختەكان ژیانمانە) راگەیاندرا و بۆ ماوەی یەك مانگ بەردەوام دەبێت، ژینگەپارێزێكیش ئاشكرایدەكات "بۆ یەكەمجارە كەمپینەكە لەشێوەی ناردنی سێڵفی یان ڤیدیۆیەك دەبێت و تەواوی ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر ژینگە و دارستانەكان كراون، دەكرێنە كورتە ڤیدیۆ و دواتریش ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت".

رێبوار كەمال، سەرۆكی رێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستنی ژینگە بە دواڕۆژی وت، ئەمڕۆ وەك رێكخراوەكەمان، بەپێویستمانزانی لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێی 2018،  یەكەمین كەمپین بەناونیشانی (درەختەكان ژیانمانە) رابگه‌یه‌نین.

 وتیشی "مەبەستی سەرەكی راگەیاندنی كەمپینەكە، بۆ ده‌رخستنى ئه‌و مه‌ترسیانه‌یه‌ كه‌ رووبەڕوی دارستنەكانی كوردستان بەگشتی و قەزای پێنجوێن ده‌بێته‌وه‌، بەتایبەت درەختی دارستانە سروشتیەكان، وه‌ك (بڕین، سوتان، لەناوبردن بۆ مەبەستی ڤێلا، پڕۆژە، جێگای نیشتەجێبوون، بڕین و لەناوبردنی درەختەكان بەهەر هۆكارێكی دیكە لەناو دارستان و شارو شارۆچكەكان)".

روونیشیكردەوە، لەم كەمپینەدا لەهەر جێگایەكی باشوری كوردستان، هەر هاوڵاتیەك ئەگەر هاوڕابێت لەگەڵمان بۆ رەتكردنەوەی لەناوبردنی دارستانەكان بۆ بەڵێنی پاراستن و خۆشەویستی درەختەكان، ئەوا دەتوانێت بەشداربێت، كەمپینەكە لەمڕۆوە بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ یەكەمجارە كەمپینەكە بەو شێوەیەیە كە دەتوانرێت بەناردنی سێڵفیەك بەشێوەی لەئامێزگرتنی درەختێك و لەئامێزگرتنەكە ئاماژەیە بۆ خۆشەویستی و بەڵێنی پاراستنی درەختەكان، یاخود ناردنی كورتە ڤیديۆیەك بەهەمان شێوە و دروشمی كەمپینەكە و ناوی سیانی بوترێتەوە (درەختەكان ژیانمانە).

رێبوار كەمال، هێمای بۆ ئەوەشكرد، یەكێكی تر لەئامانجی سەرەكی كەمپینەكە، گەیاندنی وشیاری گرنگی پاراستنی درەخت و زەنگێكە بۆ مەترسیەكانی لەناوچوونیان.

باسی لەوەشكرد، بەپێی ئەو ئامارانەی لەهەردوو پۆلیسی دارستان و ژینگە و ئاگركوژێنەوەی پێنجوێن هەیە، لەساڵی 2017 بەسەدان هەزار، رووبەڕی زەوی دارستان و پوش و پاوان، لەوەرزی هاوین بەهۆی ئاگركەوتنەوە و لەپایز و زستانیشدا بەهۆی بڕینەوە لەناوچوون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure