شیوعى و زه‌حمه‌تكێشان داواكارییه‌ك ئاڕاسته‌ى سه‌رجه‌م حزبه‌كانى هه‌رێم ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 02/01/2018‌ :: 254‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
هه‌ریه‌ك حزبى شیوعى و زه‌حمه‌تكێشان داواده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، سه‌رجه‌م حزبه‌كانى كوردستان به‌یه‌ك لیست به‌شدارى بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌پێناو "داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى كانوونى دووه‌م، هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسى حزبى شیوعى كوردستان و زه‌حمه‌تكێشان له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌، دواتر له‌ راگه‌یاندراوێكدا داواكاریه‌كیان ئاڕاسته‌ى سه‌رجه‌م حزب و پارته‌كانى هه‌رێم كرد.

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌یاندا، هاتووه‌ "لەرۆژی 2 /1/ 2018 هەردوو مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان‌و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان سەبارەت بەبارودۆخی سیاسی كوردستان‌ وعێراق‌ و ناوچەكە كرد، لە بابەتە گرنگەكانی كۆبوونەوەكەدا هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق بوو".

سەبارەت به‌شدارى كورد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، هه‌ردوو حزبه‌كه‌ ده‌ڵێن "پێویسته‌و داواكارین هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە لیستێكی نیشتمانی هاوبەشی هەمووان بەیەكەوە بەشداری ئەو پڕۆسەیە بكات".

له‌به‌شێكى ترى راگه‌یاندراوه‌كه‌، هه‌ردوو حزبه‌كه‌، ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌ كە ده‌بێت لیستەكە ببێتە نوێنەری راستەقینەی گەلی كوردستان‌ و لەوێ داكۆكی لەمافە رەواكانی گەل بكات‌ و دووربێ لەبەرژەوەندی تەسكی حزبیایەتی.

بڕیاره‌ له‌ 12ى ئایارى 2017، هه‌ڵبژاردنى گشتى له‌ عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure