فراکسیۆنی بزوتنەوە نەخشەڕێگایەکی راگەیاند

هەواڵ / کوردستانی :: 02/01/2018‌ :: 763‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئەمڕۆ سیشەممە فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان نەخشەرێگایەکی بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستان راگەیاند.

ئه‌مه‌ش ده‌قی نه‌خشه‌ڕێگاكه‌یه‌:
ڕاگه‌یاندنی نه‌خشه‌كاری هه‌نووكه‌یی
بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌ت
به‌ په‌له‌ و ده‌ستبه‌جێ‌...
به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
نه‌خشه‌كاری هه‌نووكه‌یی، فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی، بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستان

دوور له‌ كاوێژ و موزایه‌ده‌ی سیاسیی و له‌ قوڵایی هه‌ستكردنمان به‌ دۆخی خراپی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، له‌و هه‌موو قه‌یران و قوڕبه‌سه‌رییه‌ی تێی كه‌وتووه‌، فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئه‌ركی ئه‌خلاقیی و په‌رله‌مانیی خۆی ده‌زانێت، بێ‌ پشوو، میكانیزمێكی واقیعیی به‌ په‌له‌، له‌ چوارچێوه‌ی دیفاكتۆ هه‌رێمخوازییه‌كه‌دا بدۆزێته‌وه‌، تا خه‌ڵكی كوردستان، ده‌رباز بكات له‌و ناعه‌داله‌تیی و كۆتوبه‌نده‌ سته‌مكارییه‌ی كه‌ حیزبی كوردیی به‌ ئه‌زموونی دوور و نزیكی خولقاندوویه‌تیی.

له‌ كاتێكدا ئه‌م حكومه‌ته‌ش ده‌سته‌نه‌مامی ئه‌و حیزبانه‌یه‌، بێگومان به‌رپرسیاری ئه‌و دۆخه‌یه‌، كه‌ ئیتر به‌ناچارییه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ وه‌ك فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ ده‌یخه‌ینه‌وه‌ به‌رده‌م لێپێچینه‌وه‌ و دواجاریش پرساندن و سه‌ركۆنه‌كردنی له‌ بری ده‌سته‌پاچه‌یی و ناعه‌داله‌تیی و خولقاندنی ئه‌و بوركانه‌ قه‌یرانه‌ی، خه‌ریكه‌ كۆی ته‌نانه‌ت ژیانی ئاسایی و مافی سه‌ره‌تاییش ده‌خاته‌ به‌رده‌م فه‌وتان و نغرۆبوونه‌وه‌.

فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی له‌م ساته‌وه‌خته‌ی ناڵه‌ی بێده‌نگی خه‌ڵك و خۆخواردنه‌وه‌ی له‌ ماڵ و شه‌قامه‌كانیاندا، كه‌ هیچ ئه‌مه‌لێكیان به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌ت نه‌ماوه‌ و له‌ چاوه‌ڕوانیی خوای گه‌وره‌ و پاشان هێزی ڕزگاریی و هیوای نیشتیمانیدان، به‌م حه‌وت خاڵه‌ ڕای ئه‌مڕۆی ئاشكرا ده‌كات:

یه‌كه‌م/ وازهێنان و خۆخه‌ریكنه‌كردنی په‌رله‌مان، به‌ هه‌ر پڕۆژه‌ بریار و پڕۆژه‌ یاسایه‌ك كه‌ خزمه‌ت به‌ ئێستای ڕه‌وشی خراپی گه‌له‌كه‌مان ناكات و ده‌ستبه‌جێ‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر چاره‌نووسی هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا و به‌شه‌بودجه‌ی جێگیركراوی (%17)و دانیشتن و به‌شداریی یان بایكۆت و كشانه‌وه‌ی كورد و فراكسیۆنه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و حكومه‌تی ناوه‌ند، كه‌ ئیتر مایه‌ی شه‌رم و شوره‌ییه‌ ئه‌و هه‌موو نه‌رمینواندن و سازش و چاوه‌ڕوانییه‌ له‌ عێراقێكی عه‌ره‌بیی و به‌غدایه‌كی سه‌ر كه‌لی شه‌یتان، به‌مه‌ش په‌رله‌مان ده‌ستی كراوه‌ ده‌بێت بۆ هه‌ر بڕیار و هه‌ڵبژاردنی ڕێگایه‌كی تر.

دووه‌م/ بانگهێشتی سه‌رۆك و جێگری سەرۆکی حكومه‌ت بۆ په‌رله‌مان و درووستكردنی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش و به‌كاربردنی هه‌موو توانستێك تا لانی كه‌م له‌ (3) سێ‌ مانگی ئایینده‌دا به‌ هه‌ر نرخێك بووه‌، وه‌ك، قه‌رز له‌ وڵاتان و پشتبه‌ستن به‌ خۆ، موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وه‌ك پێویستی ژیان بدرێت، به‌مه‌ش به‌شێك له‌ توڕه‌یی خه‌ڵك و شه‌قام ئارام ده‌بێته‌وه‌، كه‌ مافیانه‌ شه‌ووڕۆژ داكۆكیی بكه‌ن و یه‌خه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌ت بگرن.

سێیه‌م/ ده‌ستبه‌جێ‌ دانیشتنی په‌رله‌مان له‌سه‌ر نه‌هێشتن و ڕاستكردنه‌وه‌ی لیستی خانه‌نشینان و ده‌رماڵه‌ و دوو یان سێ‌ موچه‌یی و بندیوار و به‌هه‌ده‌ردانی به‌شێكی زۆر له‌ داهاتی گشتی بۆیان، كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای عه‌داله‌ت و ڕێگریكردن له‌ فه‌ساد و تاڵانیكردنی ئه‌و داهاته‌ گشتییه‌ی كه‌ مافی هه‌موو هاوڵاتییه‌كه‌.

چواره‌م/ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر بڕیاری به‌ پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و ناساندنی به‌ فه‌رمیی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مان و حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌، به‌ دانانی پشكی پارێزگاكه‌ له‌ بودجه‌ی 2018 و ده‌نگدان له‌سه‌ری، كه‌ ئه‌مه‌ش دیسان شكۆی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ و ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی كورد و فراكسیۆنه‌كانه‌ كوردییه‌كان له‌ به‌غداد به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌هێڵن ئه‌م مافه‌ی كورد و هه‌ڵه‌بجه‌ بفه‌وتێت.

پێنجه‌م/ دانان و شه‌ڕكردن له‌سه‌ر به‌شه‌ بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ بودجه‌ی گشتی 2018ی ناوه‌ند و دیسانه‌وه‌ تێپه‌ڕاندنی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌غداد، مایه‌ی شكست و شوره‌ییه‌ بۆ كورد و نوێنه‌رانی.

شه‌شه‌م/ ئه‌گه‌ر خاڵی یه‌كه‌م به‌ باری نه‌كشانه‌وه‌ و به‌شداریكردنی كورد دا بوو له‌ ناوه‌ند، پێویسته‌ خاڵی چواره‌م و پێنجه‌می ئه‌م نه‌خشه‌كاره‌ به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌رپرسیارانه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كورد نییه‌ و خه‌مساردیش ئه‌و په‌ڕی نابه‌رپرسیارێتییه‌ و قه‌بوڵ نه‌كراوه‌.

حه‌وته‌م/ له‌ پێناو هه‌ڵبژاردنێكی ته‌ندروست و دوور له‌ ته‌زویر و ساخته‌كاریی، پێش پاككردنه‌وه‌ی لیستی ده‌نگده‌ران، خودی (كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی) له‌ ده‌ستی حیزب و لایه‌نگیریی پاك بكرێته‌وه‌، داواش ئه‌كه‌ین وه‌ك فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌، كۆمسیۆن له‌ قۆرخكاریی (پێنج حیزبه‌كه‌) ڕزگار بكرێت و حیزبه‌كانی تریش مافی پۆستی كۆمسیاریی و جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمسیۆنیان هه‌بێت، ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، به‌ یاداشتی ژماره‌ (510) ی ڕۆژی 23/1/2016 داوامان ئاڕاسته‌ی كۆمسیۆن كردووه‌ كه‌ ناكرێت له‌سه‌ر ئه‌و پێنج حیزبه‌ كۆمسیۆن وه‌ك خه‌ڵات له‌سه‌ر سینی برۆنز به‌ش بكرێت، ئه‌گه‌رنا، وشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی له‌ ناوه‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا وه‌ڵامیان نه‌بووه‌ و ئه‌مجاره‌ له‌ ڕێی په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵوێستی ترمان ده‌بێت، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ له‌ پێناو ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌كی خاوێنی نیشتیمانیی، تا ده‌نگده‌ری كورد، بتوانێت هه‌م تۆڵه‌ی خۆی هه‌میش دڵخوازی خۆی بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ خراپه‌ هه‌ڵبژێرێت.

له‌ كۆتاییدا فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌، به‌ڵێنی به‌رده‌وامیی ده‌دات به‌ خه‌باتی په‌رله‌مانیی و یاسایی، له‌ پێناو به‌ سه‌روه‌ركردنی یاسا و ڕێگریی له‌ ناعه‌داله‌تیی و گه‌شتن به‌ ژیانێكی شایسته‌، بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان.

فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی
له‌ په‌رله‌مانی كوردستان
سێشه‌ممه‌
2/1/2018



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure