داواكاری گشتی هەرێم لێدوان له‌ ئه‌ندامانى قەدەغە دەکات

هەواڵ / کوردستانی :: 02/01/2018‌ :: 414‌ جار بینراوە

تاگ :: داد

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
سه‌رۆكایه‌تى داواكارى گشتى هه‌رێم به‌ بڕیارێك رێگه‌ له‌ لێدوانى ئه‌ندامانى و به‌شدارییان له‌ كارى رێكخراویدا ده‌گرێت، له‌ ئه‌گه‌رى پابه‌ندنه‌بوونى ئه‌ندامانیش به‌ توندى "رێكارى یاسایى" له‌ دژیان ده‌گیرێته‌به‌ر.


به‌پێى نووسراوى ژماره‌ى (2)ى سه‌رۆكایه‌تى داواكارى گشتى هه‌رێم كه‌ واژۆى جواد فەتاح ئاغا، سه‌رۆكى داواكارى گشتى به‌ (وه‌كاله‌ت)ى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و وێنه‌یه‌كى لاى دواڕۆژه‌، بڕیارێك له‌باره‌ى ئه‌ندامانى داواكارى گشتى هه‌رێم ده‌ركراوه‌.

له‌ بڕیاره‌كه‌دا، ئاگادارى سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى داواكارى گشتى كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا نابێت به‌بێ وه‌رگرتنى رێپێدانی نوسینگه‌ى سه‌رۆكى داواكارى گشتى، لێدوان بۆ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن بده‌ن.

جگه‌ له‌ڕێگرى له‌ لێداونى ئه‌ندامان، له‌ بڕیاره‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ كه‌ نابێت ئه‌ندامانى داواكارى گشتى به‌شدارى بكه‌ن له‌ كارى رێكخراویى و وۆرك شۆپ و سیمیناره‌كان له‌ هه‌ر شوێنێك بێت.

بڕیاره‌كه‌ى داواكارى گشتى هه‌رێم، ئه‌مڕۆ بۆ فه‌رمانگه‌كانى داواكارى گشتى له‌ هه‌ولێر،  سلێمانى، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان نێردراوه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure