22 جۆر دەرماڵەی فەرمانبەرانی كوردستان ده‌بڕدرێت

هەواڵ / ئابوری :: 02/01/2018‌ :: 25975‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وابڕیاره‌ دواى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى نوێ، په‌ڕله‌مانى كوردستان، خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ دوو پڕۆژه‌ یاسایى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامبدات، به‌ پێى پڕۆژه‌كانیش گۆڕانكارییه‌كى زۆر له‌ سیسته‌مى خانه‌نشینى فه‌رمانبه‌ران ئه‌نجامده‌درێت و ده‌رماڵه‌ى ژماره‌یه‌ك توێژیش ده‌بڕدرێت.

به‌پێى ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ى حكومه‌ت ناردوویه‌تى بۆ په‌ڕله‌مان، بڕیاره‌ تا ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌و دواى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى نوێى سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مان، په‌ڕله‌مانى كوردستان بڕیارى له‌سه‌ر بدات، گشت به‌ڕێوبه‌رایه‌تى و فه‌رمانگه‌و هه‌ریه‌كه‌یه‌كى كارگێڕى، كه‌ موچه‌ى خانه‌نشینى لێى خه‌رجده‌كرێت به‌ شارستانى، سه‌ربازى، هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆو چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى و كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان و زیندانیانى سیاسى و كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت، كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانى خانه‌نشینى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورین هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و پاشان گواستنه‌وه‌ى میلاكیان بۆ ده‌كرێت، بۆ سه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى خانه‌نشینى هه‌رێم.

ده‌ستكارى زیاتر له‌ 22 جۆر ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌كرێت
له‌ ساڵى 2008وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم زیاتر له‌ 22 جۆر ده‌رماڵه‌ى به‌ فه‌رمانبه‌ران داوه‌، به‌ڵام به‌ پێى پڕۆژه‌كه‌یان، له‌مه‌ودوا خه‌رجكردنى ده‌رماڵه‌ى تایبه‌ت له‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان ته‌نها بۆ فه‌رمانبه‌رو كارمه‌ندى شایسته‌یه‌، كه‌ به‌فیعلى خزمه‌ت ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش زۆرێك له‌و ده‌رماڵانه‌ى ده‌درێت به‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕدرێت، ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێت، كه‌ ساڵى 2007 له‌ په‌ڕله‌مانى عێراقه‌وه‌ بڕیارى له‌سه‌ردراوه‌.

حكومه‌تى هه‌رێم له‌ماوه‌ى 90 ڕۆژدا، سه‌رجه‌م پله‌و مه‌رته‌به‌یه‌كى زێده‌كى كه‌ دراوته‌ موچه‌خۆران له‌ دواى دامه‌زراندنیان له‌ ساڵى 2004 هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ساڵانانى خزمه‌تى ئه‌ژماركراو له‌ جیاتى ساڵانى دابراو دواى دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌ر.

سندوقى خانه‌نشینى هه‌رێم داده‌مه‌زرێت
پڕۆژه‌ یاساكه‌ى حكومه‌ت، ده‌بێته‌ هۆى دامه‌زراندنى سندوقى خانه‌نشینى هه‌رێم به‌ پێى ماده‌ى (18) له‌ یاسایى خانه‌شینى یه‌كگرتوو ژماره‌ ( 27) ساڵى 2006، پاشان دانانى بڕى پاره‌ى لێبڕینى خانه‌نشینى.

به‌پێى پڕۆژه‌كه‌، له‌ دواى ده‌رچوونى بڕیاره‌كه‌ى په‌ڕله‌مان، نابێت هیچ كه‌سێك خانه‌نشینبكرێت له‌ ژێر هیچ یاسا و پاساوێك، ئه‌گه‌ر ناوى له‌ سیسته‌مى بایۆمه‌ترى تۆمارنه‌كرابێت.

له‌ماوه‌ى ساڵانى ڕابردوو هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى دارایى، ساڵانه‌ خزمه‌تى وه‌زیفى فه‌رمانبه‌رانى مه‌ده‌نى و سه‌ربازیان له‌سه‌ر داواكارى وه‌زاره‌ته‌كان درێژده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام به‌پێى پڕۆژه‌ نوێیه‌كه‌، هه‌موو جۆره‌ درێژكردنه‌وه‌یه‌كى ماوه‌ى خزمه‌تى وه‌زیفى بۆ فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانى هه‌رێمى كوردستان له‌ خزمه‌تى شارستانى و سه‌ربازى و هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ، له‌ پله‌ى گشتیى و تایبه‌ت و له‌ گشت و وه‌زاره‌ت دامه‌زراوه‌كان ڕاده‌گیرێت، ئه‌وانەشى بۆیان درێژكراوه‌ته‌ پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ خانه‌نشینبكرێن.

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ رێگه‌ى په‌ڕله‌مانى كوردستانه‌وه‌، ده‌یه‌وێ یه‌كه‌كانى ژمێریارى له‌ گشت هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و یه‌كه‌ى (70) و (80) هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و خه‌رجى چاره‌سه‌رى ته‌ندروستى و خوێندنى ڕۆڵه‌كانى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان له‌ قوتابخانه‌و زانكۆو په‌یمانگا نا حكومییه‌كان سنووردار بكات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure