وێنە: لەکەرکوک سێ ئەندامی بزوتنەوەی مافی کورد دەستگیرکران

هەواڵ / کوردستان :: 02/01/2018‌ :: 688‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگەی کەرکوک
بەھۆی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ 2ی کانونی دووەمی کەرکوک دژ بە تەعریبکردنەوەی پارێزگاکە لەلایەن پۆلیسی گشتی کەرکوک سێ ئەندامی بزوتنەوەی مافی کورد دەستگیرکران.


زانیار جومعە، ئەندامی بزوتنەوەی مافی کورد بە دواڕۆژی راگەیاند "ئەمڕۆ خۆپیشاندانێکمان لە نزیک بانکی رافیدەین ئەنجامدا دژ بە بریارەکانی پارێزگای کەرکوک بە وەکالەت کە دەیەوێت کەرکوک لەژێر ناوی جیاجیا تەعریب بکاتەوە،  بەڵام لەلایەن پۆلیسی قۆرییەی کەرکوک سێ ئەنداممان دەستگیرکران".

وتیشی "ئەندامە دەستگیرکراوەکانمان  ئەدھەم جومعە، رزگار ئاڵتوونچی و مەتین کەرکوکین، لەئێستادا لەلایەن پۆلیسەوە گواستراونەتەوە بۆ دادگا بۆ وەرگرتنی وتە لێیان لەلایەن دادوەرەوە".

خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی کەرکوک یەکەم چالاکی مەدەنییە لەدوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ی پارێزگای کەرکوک، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆری ئەو خێزانە عەرەبانەی كاتی خۆی لەسەر زەوی كورد لەگوندی پەڵكانەی سنوری سەرگەڕانی داقوق نیشتەجێكرابوون لەئێستادا جارێكیتر گەڕاونەتەوە سەر گوندەکانیان و دەیانەوێت دەست بگرنەوە بەسەر خانوی هاووڵاتیانی كوردا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure