تورکمان ئیلی: دەمانەوێت کۆدەنگی دروستبکەین بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکان

هەواڵ / عێراق :: 03/01/2018‌ :: 332‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگەی کەرکوک
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حزبی تورکمان ئیلی عێراق رایدەگەیەنێت "سەردانی لایەنەکان دەکەن بەمەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکان، چونکە دۆخی کەرکوک و تەلەعفەر ناجێگیرە."


عەلی موفتی ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی تورکمان ئیلی عێراق بە دوارۆژی راگەیاند "ئێمە ھەفتەی رابردوو داوای دواخستنی ھەڵبژاردنەکانمان کرد بۆ ماوەی شەش مانگ تاکو دۆخی پارێزگای کەرکوک و قەزای تەلەعفەر ئاسایی دەبێتەوە ئەمەش پێویستی بە کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکان ھەیە لەبەرئەوە سەردانیان دەکەین."

موفتی ئەوەشی خستەڕوو "پرۆژیەکمان ئامادە کردووە لە ئەگەری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانیش کورسییەکانی کەرکوک بۆ پەرلەمانی عێراق بەسەر پێکھاتەکانی شارەکە دابەشبکرێت لەبەرامبەردا ئەو پێکھاتانەی کە قازانج لەو پرۆژەیە دەکەن، تەنازول لەچەند پۆستێکی کەرکوک بکەن بۆ پێکھاتەی زۆرینە."

ئامادەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە تەواو بووندایە، کە بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure