لەبارەی هەندێک دەرمانی سێکسییەوە هۆشداری دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 01/01/2018‌ :: 5383‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی 
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەو پەیج و ئەكاونتانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رێكلام بۆ فرۆشتنی چەند جۆرێكی دەرمانی سێكسی دەكەن سەرجەمیان بە پێی یاساكانی هەرێم قەدەغەكراون و داواش لە هاوڵاتیان دەكات، خۆیان بە دوور بگرن لەو جۆرە دەرمانانە، چونكە زیانی بۆ تەندروستیان هەیە.


ماوەیەكە ژمارەیەك پەیج و ئەكاونتی نەناسراو رێكلام بۆ چەند جۆرە دەرمانێك دەكەن بۆ ئەو كەسانەی كە ئارەزوو و توانای سێكسیان لاوازەو بەشێك لەو دەرمانانە گوایە بۆ جوان كردنی چەند ئەندامێكی سێكسی مرۆڤ سودی هەیە.

ئەو دەرمانانەی كە ئەو پەیجانە بانگەشەی بۆ دەكەن بۆ گەورە كردنی سمت و سنگ و هەردوو ئەندامی سێكسی ژن و پیاو بەكار دەهێندرێت، بەڵام سەرجەمی ئەو پەیجانە نەناسراون و وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمیش هیچ زانیاریەكی لەبارەیانەوەنیە.

خالس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوان و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دواڕۆژی وت " ئەو پەیجانەی بەناوی دكتۆر و دەرمانخانەكان ریكلام بۆ دەرمانی بەرز كردنەوەی توانای سێكسی دەكەن، سەرجەمیان نەناسراون و دەرمانەكانیشیان زیانیان بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە".

وتیشی " بە پێی یاساكانی تەندروستی هەرێم بۆ هیچ پەیج و دەزگایەك نیە ریكلام بۆ ئەو جۆرە دەرمان و ئامێری گەورە كردنی ئەندامی سێكسی و بە هێز كردنی توانای سێكی بكات و بۆ ئەم مەبەستەش زانیاری لەسەر هەر كەسێك هەبێت كە ئەم كارانە دەكات بڕیاری دەستگیر كردنی دەدرێت ".

ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوەشدا، داوایان لە وەزارەتی تەندروستی  كردووە رێكاری یاسای بەرامبەر ئەو كەسانە بگرێتە بەر كە بە نایاسای و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بانگەشە بۆ فرۆشتنی چەند جۆرێكی دەرمان دەكەن.    




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure