ئەمیری ھۆزەکانی عوبەید: لەکەرکوک دەمێنینەوە تاکو چارەسەری کێشەی برا کوردەکانمان دەکەین

هەواڵ / کوردستان :: 01/01/2018‌ :: 367‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگەی کەرکوک
ئەمیری ھۆزەکانی عوبەید لە عێراق رایدەگەیەنێت "لە پارێزگای کەرکوکم دەمەوێت لە شارەکە بمێنمەوە تاکو چارەسەری کێشەی برا کوردەکانمان دەکەین و دڵنیادەبینەوە لە ئارامی کەرکوک".

شێخ ئەنوەر ئەلعاسی، ئەمیری ھۆزەکانی عوبەید لە عێراق بە دواڕۆژی راگەیاند "دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ زۆرینەی دانیشتوانە کوردەکانی کەرکوک ئاوارە بوون، ئەمە بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانی بوو لەبەرئەوە دەمانەوێت لە کەرکوک بمێنینەوە تاکو بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و کەسایەتییەکان چارەسەری ئەو کێشانە بکەین کە بوون بە رێگری لە ھاتنەوەی ئاوارەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد "واقیعێکی نوێ دروستبووە لە بەڕێوەبردنی ئیدارە و ئەمنیەتی کەرکوک ئەمە رەنگە زووبێت کە لەگەڵیدا بگونجێن بەڵام دەبێت ئەوان لەوە دڵنیابن ھێزە عێراقیەکان بۆ پاراستنی ئەوان و تەواوی پێکھاتەکان لە کەرکوکن".

لە 16ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ‌کەرکوک و تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکان، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنێكدا بە ناوی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی، كەوتنە ژێر دەستی حكومەتی ناوەندی ئەوەش دوای ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كشانەوە و ژمارەیەکی زۆری کوردەکانی کەرکوک ئاوارە بوون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure