شارەوانی سلێمانی: ئەمساڵ زیاتر لە 10 ملیار داهاتمان هەبووە

هەواڵ / کوردستان :: 30/12/2017‌ :: 358‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ئاشكرایدەكات كە ئەمساڵ زیاتر لە 10 ملیار داهاتیان هەبووە و لە 20%ی ئەو داهاتەیان بۆ پڕۆژەكانیان بەكارهێناوەتەوە.


یوسف یاسین، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 30ی كانونی یەكەمی 2017 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وتی "سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی تەنها كاری سنوری ماستەرپلانی شارەكە دەكات و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان كاری هەموو قەزا و ناحیەكانی دەرەوەی شارەكە دەكات".
 
وتیشی "لەمساڵدا توانیومانە لە بودجەی ئاسایی خۆمان 498 ملیۆن خەرج بكەین، كە 22 پڕۆژەی بچوكی پێ جێبەجێكراوە و هەمووشیان تەواوبوون، بەڵام لەسەر بودجەی فرۆشتنی زەوی توانیومانە 11 پڕۆژە بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە بە تێچووی دوو ملیار و 636 ملیۆن بووە".

ئاماژەی بەوەشدا "لەماوەی 11 مانگی ئەمساڵ 10 ملیار و 500 ملیۆن داهاتمان هەبووە، لە 20%ی ئەو پارەیەمان بەكارهێناوە لەگەڵ بەشێك لەو پارەیەی لە ساڵی رابردوو مابۆوە، توانیومانە 50 پڕۆژەی پێ جێبەجێبكەین كە تێچووەكەی سێ‌ ملیار و 374 ملیۆنە".

یوسف یاسین، باسی لەوەشكرد "كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكمان كردووە بە پێنج بەشەوە، بەشێكی لەلایەن شارەوانی خۆیەوەیەتی چوار بەشەكەی تر لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەیە كە گرێبەستیان لەگەڵ كراوە، لەماوەی 11 مانگی ئەمساڵدا 370 هەزار تۆن خۆڵ و خاشكمان كۆكردۆتەوە لە سلێمانیدا".

ئەوەشی خستەڕوو "ساڵانە بڕی 17 ملیار و 500 ملیۆن دەدەین بەو چوار كۆمپانیایەی خۆڵ و خاشاكمان بۆ كۆدەكەنەوە، كە گرێبەستی سێ‌ ساڵمان لەگەڵ كردوون، لە ساڵی نوێشدا هەر ئەوان كارەكە دەكەن".

سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، هێمای بۆ ئەوەشكرد "لەماوەی 11 مانگی ئەمساڵدا سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی 42 ملیار و 199 ملیۆن دینار خەرجی هەبووە".

باسی ئەوەشی كرد، كە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی پێنج هەزار و 265 موڵكی هەیە داویەتی بەكرێ‌، یوسف یاسین دەشڵێت "ئێمە توانیومانە لەمساڵدا 450 هەزار مەتر چوارگۆشە قیرتاو وسیانە بكەین، جگەلەوەش حەوت هەزار و 800 مەتر توڵ ئاوەڕۆ راكێشین لە كۆلانەكانی شاردا، هەروەها 176 هەزار مەتر دووجا تێكەڵەڕێژ و 54 مەتر دووجا كۆنكرێتی كۆڵانەكان كراوە".

وتیشی "ئەمساڵ هەزار و 850 مۆڵەتی دروستكردنی بینای ئاسایی و 112 مۆڵەتی دروستكردنی تەلاری بازرگانی دراوە و 132 خانوی نیشتەجێیی بێ‌ تاپۆ بە بڕیار تاپۆكراون، هەروەها 175 دەستنیشانكراوە بۆ ئەو كەسانەی فەرمانی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانیان هەبووە".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure