وەفدێكی یەكێتی لە بەغدا كێشەكانی كەركوك تاوتوێدەكات

هەواڵ / عێراق :: 30/12/2017‌ :: 426‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
وەفدەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رۆژی پێنجشەممە 28ی كانونی یەكەم سەردانی بەغدایان كرد، شەوی رابردوو گەڕاونەتەوە كەركوك.


ئەو وەفدەی یەكێتی لەنوێنەرانی كەركوك لەئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانی عێراق پێكهاتبوو، رزگار عەلی سەرۆكایەتی كردووە.

شوان داوودی، كە ئەندامی وەفدەكەی یەكێتی بووە بۆ بەغدا بە دواڕۆژی وت "لەسەردانەكەماندا بۆ بەغدا لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكانی توركمان و عەرەب كۆبووینەتەوە و پرسی ئیدارەی پارێزگاكە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگامان تاوتوێكردووە".

وتیشی "سەردانەكە بۆ لەیەكنزیكبوونەوەی بیرو بۆچونی پێكهاتەكان بووە لەسەر ئەو پرسانە و بەئاستێكی باش ئەرێنی بووە بەو پێیەی خاڵی هاوبەشمان زۆربووە و هەرچی جیاوازیشە دەتوانین بەگفتوگۆ تێیپەڕێنین".

سەبارەت بە هەواڵێكی رۆژنامەی عوكازی سعودی كە باس لە شكستهێنانی دانوستانەكانی وەفدەكەی یەكێتی دەكات بۆ بەغدا بەو پێیەی حكومەتی عێراق داواكانی وەفدەكەی رەتكردوەتەوە، شوان داووی رەتیكردەوە وەفدەكەیان لەگەڵ هیچ لایەنێكی حكومیدا كۆبوبێتەوە و وتی "بەتەنها لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانەدا كۆبوینەتەوە كە نوێنەرایەتی پێكهاتەكانی كەركوك دەكەن".

رزگار عەلی، سەرۆكی وەفدەكە بەبیانوی سەرقاڵبوونی رەتیكردەوە سەبارەت بەسەردانەكەیان قسە بۆ دواڕۆژ بكات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure