مه‌سیحییه‌كان به‌فه‌رمی داوای جیابوونه‌وه‌یان له‌ عێراق راگه‌یاند

هەواڵ / کوردستان :: 01/10/2017‌ :: 960‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 1ی تشرینی یه‌كه‌می2017، مه‌سیحییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دانیشتوانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا به‌ فه‌رمی پاڵپشتی خۆیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و جیابوونه‌وه‌یان له‌ عێراق ئاشكرا كرد و داواشیان كرد بگوازرێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.

له‌میانه‌ی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌یه‌كی یه‌كڕۆژه‌دا له‌ناحیه‌ی عه‌نكاوه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر كه‌ پیاوانی ئاینی مه‌سیحی و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسه‌ كریستیانه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق تێیدا به‌شدار بوون، دوای ته‌واو بوونی كۆنگره‌كه‌ش قه‌شه‌ زیا شابا، له‌ كه‌نیسه‌ی ماریوسف له‌ مه‌تڕانیه‌ی عه‌نكاوه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "پاڵپشتی خۆمان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و مافی چاره‌ی خۆنووسین راده‌گه‌یه‌نین".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دژی بڕیاره‌ ناڕه‌واكانی په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراقین و ئه‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ نایاساییانه‌ی عێراقیش زوڵم و سته‌مه‌كانی پێشووی به‌عسمان بیردێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ كریستیانه‌كانی عێراق و گه‌لی كورد و گه‌لانی دیكه‌ی كوردستان و عێراق ده‌كرا.

وتیشی "په‌یاممان  ئاڕاسته‌ی، رای گشتی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌ی كریستیانه‌كانی كوردستان و عێراق ئه‌وه‌یه‌ له‌م دۆخه‌دا، ئێمه‌ وه‌ك مه‌سیحییه‌كانی كوردستان له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركووك و ده‌شتی نه‌ینه‌وا، بڕیارماندا هه‌ڵوێستمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان بێت".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌و بڕیاره‌ زاڵمانهیە‌ی حكومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ سزادانی خه‌ڵكی كوردستان و رێگه‌گرتن له‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌ریانكردووه‌و پێچه‌وانه‌ی په‌یامه‌ ئاسمانی و جاڕنامه‌ و بڕیارنامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌.

زیا شابا، ئاشكراشیكرد، 89%ی كریستیانه‌كان له‌ ناوچه‌كانی خۆیاندا ده‌نگیان به‌ به‌ڵێ داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كوردستان به‌ ئارامی و ئاشتی بژی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure