هه‌ڵه‌بجه‌ 15 ساڵه‌ چاوه‌ڕێى ناوچه‌ى پیشه‌سازییه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 128‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

زۆرێك له‌ شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ناوچه‌ى پیشه‌سازیى تایبه‌ت به‌ پیشه‌وه‌ر و كاسبكارانى هه‌یه‌، به‌ڵام تائێستا له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ناوچه‌ى پیشه‌سازیى بوونى نییه‌ و ماوه‌ى 15 ساڵه‌ پیشه‌وه‌ران له‌ چاوه‌ڕوانیى ته‌واوكردنى ناوچه‌ى پیشه‌سازیدان. به‌رپرسێكى پارێزگاكه‌یش بڕى یه‌ك ملیار دینار داوا ده‌كات بۆ ناوچه‌ى پیشه‌سازى.

 
جه‌لال محه‌مه‌د، یه‌كێك له‌ پیشه‌وه‌ره‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ دواڕۆژى وت: "له‌ ساڵى 2005وه‌ به‌ڵێنى دروستكردنى ناوچه‌ى پیشه‌سازییمان پێدراوه‌ كه‌ خۆى له‌ 500 دووكانى تایبه‌ت به‌ پیشه‌ جیاوازه‌كانى وه‌ك: فیته‌ری، دارتاشی، كارگه‌ی بچووك، پێشانگه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانی  ئۆتۆمبێل-دا ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام ماوه‌ى 15 ساڵه‌ له‌ چاوه‌ڕوانى ته‌واوكردنى ئه‌و ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌داین".
 
ئه‌و پیشه‌وه‌ره‌ وتى: "هه‌رچه‌نده‌ له‌ئێستادا هه‌ندێك كارى وه‌ك تۆڕی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و كاره‌بای بۆ دابینكراوه‌، به‌ڵام خزمه‌تگوزاریی رێگاوبانی بۆ نه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ هیچ پیشه‌وه‌رێك نه‌چێته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ و دووكانه‌كانی ناوچه‌ی پیشه‌سازیی به‌شێوه‌ی كه‌لاوه‌ بمێننه‌وه‌".
 
ئارى عه‌بدوڵـڵا، یه‌كێك له‌ رۆنگۆڕه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "نه‌بوونى ناوچه‌ى پیشه‌سازیى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى سیماى شارى ناشرین كردووه‌ چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی ئێستا به‌شێكى زۆرى پیشه‌وه‌ران كاری تێداده‌كه‌ن به‌گونجاو نازانرێت و ده‌روازه‌ی شاره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا گرفتیشى بۆ هاووڵاتیان دروستكردووه‌، چونكه‌ هه‌موو پیشه‌وه‌ران له‌یه‌ك جێگادا كۆنه‌بوونه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ كاتێك شۆفێرێك گرفتێك له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا دروست ده‌بێت ناچاره‌ ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌رى شار بكات به‌دواى پیشه‌وه‌رێكدا، یاخود به‌دواى به‌ده‌ستخستنى ئامێره‌كانى ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا".
 
لایخۆیه‌وه‌، كاوه‌ عه‌لی، جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى وت: "له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقییه‌وه‌ به‌ڵێندراوه‌ به‌ دابینكردنى بڕى یه‌ك ملیار دینار بۆ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ نووسراومان كردووه‌ بۆ حكومه‌تی به‌غدا تا ئه‌و بودجه‌یه‌مان به‌زوویی بۆ خه‌رج بكرێت و له‌ ته‌واوكردنى ناوچه‌ى پیشه‌سازیدا خه‌رجى بكه‌ین و پرۆژه‌كانی پێ ته‌واو بكه‌ین".
 
جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ وتیشى: "ئێمه‌ ده‌توانین له‌ماوه‌ى ساڵێكدا سه‌رجه‌م پرۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانى ناوچه‌ى پیشه‌سازیى هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌واوبكه‌ین، به‌ڵام به‌مه‌رجێك كه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تى عێراق بڕى ئه‌و یه‌ك ملیار دیناره‌مان بۆ خه‌رج بكات".  

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure