حوكمڕانى تائیفى له‌ عێراقدا

هەواڵ / چاوی تۆ :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 83‌ جار بینراوە
بورهان شێخ ره‌ئوف

ئه‌گه‌رچى زۆرێك له‌ شاره‌زایانى تیۆرى كۆمه‌ڵناسى و سیاسى له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ تائیفیه‌تى سیاسى بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت و حوكمڕانى ده‌ستنادات و ئاكامه‌كه‌ى شكستهێنان و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌ و نموونه‌ى زیندووى حوكمڕانى تائیفیش هه‌ردوو نموونه‌ى لوبنان و عێراق-ن كه‌ سه‌ره‌ڕاى بوونى ده‌ستوور و سیستمى په‌رله‌مانى كه‌چى حكومه‌ته‌كانیان شكستیانهێناوه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى وڵات و دابینكردنى خزمه‌تگوزارى و سه‌روه‌ركردنى یاسا و دادپه‌روه‌رى، ئه‌وه‌ خه‌ڵكى شیعه‌ن كه‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى شیعه‌یان گرتووه‌ و سه‌دڕۆژ زیاتره‌ داواى جیاكردنه‌وه‌ى دین له‌ ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن.

تائیفیه‌ت وه‌كو شمشێرێكى دووده‌مه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سانێك بخوازن به‌كاریبهێنن بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانیان ئه‌وا ده‌مه‌كه‌ى ترى زیان به‌ په‌یمانى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ بنه‌ماى بنیاتنان و دامه‌زراندنى ژێرخانى ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌.

له‌ عێراقى دواى پرۆسه‌ى ئازادى و سه‌ره‌ڕاى نووسینى جوانترین ده‌ستوور و راپرسى گه‌لى عێراق له‌سه‌رى، كه‌ له‌سه‌رووى 80% زیاتر به‌ به‌ڵێ ده‌نگیان له‌سه‌ر دا، كه‌چى وتارى تائیفیه‌تى سیاسى زاڵ بوو به‌ سه‌ر كه‌ش و هه‌واى سیاسى وڵاتدا و بووه‌ په‌تا و ده‌ردێكى كوشنده‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقى دابه‌ش و ته‌فروتوونا كرد.  هه‌ر له‌ چینى ده‌سته‌ڵاتدارانه‌وه‌ تا كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك، به‌ هۆى پێداگریى ئه‌و تاقمه‌ و حیزبه‌ تائیفیانه‌ له‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كاتى و خێراكانى  خۆیان كه‌ خزمه‌تى ئه‌جندا تایبه‌ته‌كانى حیزبه‌كانیان و وڵاتانى ئیقلیمى ده‌كرد، له‌ ئاكامدا عێراق بوو به‌  شكستخواردووترین وڵاتى ناوچه‌كه‌ و جیهان و خاكه‌كه‌یشى بووه‌ گۆڕه‌پانى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌ و ململانێكانى وڵاتانى تر، به‌ تایبه‌تى ئێران و ئه‌مریكا.

ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى كه‌ له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى رابردووه‌وه‌ له‌ به‌غداى پایته‌خت و شاره‌كانى ترى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق سه‌ریهه‌ڵداوه‌، ناونراوه‌ به‌ (راپه‌ڕینى تشرین)، ئه‌گه‌رچى سه‌ره‌تا خۆپیشاندانى داخوازیى خه‌ڵك بوو بۆ خزمه‌تگوزاریى به‌ڵام دواى خوێنڕشتن و قوربانییه‌كانى خه‌ڵك كه‌ ئێستا له‌ سه‌رووى 700 كه‌سه‌وه‌یه‌ و زیاتر له‌ 24هه‌زار كه‌سیش برینداره‌، خه‌ڵك داخوازییه‌كانیان گۆڕاوه‌ بۆ گۆڕینى سیستم و هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ و زۆرداخوازیى ره‌واى تر.

سه‌روه‌رییه‌كى ترى ئه‌م راپه‌ڕین و خۆپیشاندانانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆتایى به‌ وتارى تائیفیه‌ت هێناوه‌ و وتارى نیشتمانى و سیكۆلار جێى به‌ تائیفیه‌ت لێژ كردووه‌. ئه‌وه‌ى حیزب و تاقمه‌ تائفییه‌كان له‌ حه‌ڤده‌ ساڵى رابوردوودا به‌ سه‌روه‌ت و سامانى عێراقیان كردووه‌، كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ سه‌ره‌تاییترین  خزمه‌تگوزارییه‌ پێویست و ژیانیه‌كانى خه‌ڵك دابین بكه‌ن و له‌كاتێكدا خۆیان به‌ یاسا ئیمتیازات و پله‌و پۆست و خانه‌نشینى و زۆر شتى تریان بۆخۆیان دابین كردووه‌ و خه‌ڵكى ره‌شوڕووتى عێراقیان له‌بیر نه‌بووه‌.

دروستكردنى میلیشیاى چه‌كدار و وابه‌سته‌ بوون به‌ وڵاتانى ئیقلیمى و بڵاوبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و به‌فیڕۆدانى سامانى گشتیى وڵات، وایانكردووه‌ كه‌ عێراق له‌ ئێستادا له‌ ریزى یه‌كه‌مه‌كانه‌ له‌ لیستى گه‌نده‌ڵى به‌ گوێره‌ى راپۆرت و پۆلێنه‌كانى رێكخراوى شه‌فافیه‌تى نێوده‌وڵه‌تى.

هه‌ربۆیه‌ خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانى ئێستاى هه‌موو گۆڕه‌پانه‌كانى عێراق، لووتكه‌ى به‌گژاچوونه‌وه‌ى خه‌ڵكى عێراقه‌ بۆ تاقم و گروپه‌ تائیفییه‌ دز و گه‌نده‌ڵ و به‌كرێگیراوه‌كانى وڵاتان كه‌ هه‌ر هه‌وڵ و كۆششێك بۆ دووباره‌ مكیاجكردن و سازدانه‌وه‌یان به‌ ناوى نوێ  بۆ به‌ڕێوه‌بردنى عێراق  له‌ شكست و ئابڕووچوونى زیاتر هیچ ئاكامێكى ترى  نابێت، به‌ حوكمى هۆشیاریى خه‌ڵك و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ڕێگه‌ى ته‌كنۆلۆجیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌موو ده‌سته‌كانیان بۆ گه‌لى عێراق ده‌ركه‌وتووه‌ و مه‌حاڵه‌ بتوانن جارێكى تر سوارى شه‌پۆله‌كانى رق و بێزاریى خه‌ڵك ببن.

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure