ئه‌مریكا بیانویه‌كى نوێ له‌باره‌ى هۆكارى كوشتنى قاسم سلێمانى ئاشكراده‌كات

هەواڵ / جیهان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 2712‌ جار بینراوە
قاسم سلێمانى

دواڕۆژ

له‌ راپۆرتێكدا كه‌ ئاراسته‌ى كۆنگرێسى كردووه‌، كۆشكى سپى هۆكارى ئه‌و هێرشه‌ى بووه‌ هۆى كوژرانى قاسم سلێمانى و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس ئاشكراده‌كات.


كۆشكى سپى له‌ كاتژمێره‌كانى یه‌كه‌مى به‌ره‌به‌یانى (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 15ى شوباتى 2020) له‌ راپۆرتێكدا كه‌ ئاراسته‌ى كۆنگرێسى كردووه‌ ده‌ڵێت: دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا فه‌رمانى به‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و هێرشه‌ كردووه‌ كه‌ مانگى رابوردوو قاسم سلێمانى، فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودس له‌ سوپاى پاسدارانى پێكوژرا، وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و هێرشانه‌ى ئێران و میلیشیاكانى بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ئه‌نجامیداون.

راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت: "مه‌به‌ست له‌ هێرشه‌كه‌ پاراستنى سه‌ربازانى ئه‌مریكا و وه‌ڵامدانه‌وه‌ و رێگرى بووه‌ له‌ ئێران و لاوازكردنى تواناى میلیشیاكانى له‌ ئه‌نجامدانى هێرش و كۆتایهێنان به‌ هه‌نگاوه‌ ستراتیجییه‌كانى ئێران له‌ رووى هێرشه‌كانیه‌وه‌".

به‌ره‌به‌یانى رۆژى هه‌ینى 3ى كانونى دووه‌مى رابوردوو قاسم سلێمانى، فه‌رمانده‌ى پێشووى فه‌یله‌قى قودس و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس، جێگرى پێشووى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌ بۆردومانێكى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌غدا كوژران. 

له‌و هێرشه‌دا ژماره‌یه‌ك پله‌دارى سوپاى پاسداران و چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبیش كوژران.

ده‌ستورى ئه‌مریكا ماف به‌ سه‌رۆك ده‌دات فه‌رمانبكات به‌ به‌كارهێنانى هێز بۆ پاراستنى وڵات له‌ هه‌ر هێرش یان هه‌ڕه‌شه‌ یان ئه‌گه‌رێكى هێرشى چاوه‌ڕوانكراو.

هه‌روه‌ك له‌و هێرشه‌دا پشت به‌ یاساى رێگه‌دان به‌ به‌كارهێنانى هێزى سه‌ربازى كراوه‌ كه‌ كۆنگرێس له‌ ساڵى 2002 بۆ جه‌نگى عێراق ده‌ریكردووه‌.

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure