فراكسیۆنێكی گه‌وره‌ی په‌رله‌مان ده‌نگ به‌ عه‌لاوی و حكومه‌ته‌كه‌ی نادات

هەواڵ / عێراق :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 725‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا
سه‌رۆكی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقییه‌كان (سوننه‌) ئه‌مڕۆ هه‌ینی 14ی شوباتی 2020 ئاشكرای كرد، ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ی محه‌مه‌د عه‌لاوی سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردرا و ناده‌ن.

 
فه‌لاح زێدان سه‌رۆكی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقییه‌كان، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌نگ به‌ كابینه‌ی حكومه‌تی نوێی عێراق نادات، به‌هۆی میكانیزمی ده‌ست نیشانكردنی محه‌مه‌د عه‌لاوی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو".

ده‌شڵێت: "پێویسته‌ پارێزگاری له‌ پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراقی بكرێت، له‌ رێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی خۆیان له‌ حكومه‌تدا، چونكه‌ ئه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی گه‌له‌ به‌ هه‌موو پێكاته‌كانیه‌وه‌، نه‌ك كۆمه‌ڵ و فراكسیۆنێكی دیاریكراو".

 ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ خاوه‌نى 38 كورسی په‌رله‌مانى عێراق و سه‌رجه‌م ئه‌نجامدانى له‌ پێكهاته‌ى سوننه‌ن.

روونیشی كرده‌وه‌:"رێككه‌وتنێكی پێشوه‌خت هه‌بووه‌، كه‌ دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى ره‌زامه‌ندی خۆپیشانده‌رانی له‌سه‌ر بێت و هۆكارێكی دیكه‌ى ده‌نگنه‌دان به‌ حكومه‌تی  نوێ نه‌بوونی  بڕیارێكى راسته‌قینه‌یه‌ له‌سه‌ر دیاریكردنی كاتی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت".

 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure