ڤالانتاین گیرفانی هونه‌رمه‌ندانی گه‌رمكردەوه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 422‌ جار بینراوە

دواڕۆژ: ڕاپۆرتی سه‌نگین سیامه‌ند
جه‌ژن و بۆنه‌ تایبه‌ته‌كان هه‌لێكی زێڕینی هونه‌رمه‌ندانی گۆڕانی بێژ و میوزیك ژه‌نه‌كانه‌ كه‌ به‌ئه‌نجامدانی كۆنسێرت و ئاهه‌نگی لایڤ میوزیك به‌شداری ئاهه‌نگه‌كان ده‌كه‌ن هه‌وادارانی هونه‌ر له‌خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌شتوانن داهاتێكى دارایی بۆ خۆیان به‌ده‌ست بهێنن كه‌ دیارترین بۆنه‌ش جه‌ژنى خۆشه‌ویستى"ڤالانتاین" ه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینى 14ى شوبات به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ چه‌ندین ئاهه‌نگ له‌هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌چووه‌. 


رێبین جه‌مال، میوزیكژه‌ن و گۆرانیبێژ كه‌ زۆربه‌ی شه‌و به‌شێوه‌ی لایڤ میوزیك له‌ هۆڵ و كافێ و هۆتێله‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی ئاهه‌نگ ده‌گێڕێت بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: هه‌موو ساڵێك به‌بۆنه‌ی ڕۆژی ڤالانتاین ئاهه‌نگمان هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی واتا دوای ساڵی 2014 تا ئه‌مڕۆش ئه‌م ئاهه‌نگانه‌ وه‌كو جاران نین گڕوتینی جارانیان نییه‌ بۆیه‌ داهاتیشی بۆ ئێمه‌ كه‌متره‌ له‌ جاران.

ڕێبین جه‌مال، ده‌شڵێت:" ئێستا بۆئاهه‌نگی ڕۆژی ڤالانتاین ئاهه‌نگمان هه‌یه‌ و به‌بڕی 1000 دۆلار گرێبه‌ستم كردووه‌ كه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ به‌راورد به‌ ساڵی 2012 و 2013 نیوه‌ كه‌متری ئه‌و پارانه‌یه‌ كه‌ له‌و ساڵانه‌ وه‌رمان ده‌گرت".

ڕێبین جه‌مال، نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ زۆری و بۆری گۆرانی بێژ وایكردووه‌ كه‌ ئاهه‌نگه‌كان بگه‌نه‌ ئه‌و ئاسته‌ بۆیه‌ ده‌ڵێت:" گۆرانی بێژ هه‌یه‌ به‌ 100 دۆلار به‌شداری ئاهه‌نگ ده‌كات".

هونه‌رمه‌ند دینه‌، كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م ناوبانگێكی گه‌وره‌ی په‌یداكرد بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: ئه‌مساڵ به‌هۆی سه‌رقاڵبوونم به‌ كاری نوێی هونه‌ری نه‌متوانی له‌ هیچ ئاهه‌نگێكی هونه‌ری به‌شداری بكه‌م هه‌رچه‌نده‌ داواكاری زۆر هه‌بوو بۆ به‌شداریكردنمان له‌ ئاهه‌نگه‌كان.
سه‌باره‌ت به‌ داهاتی ئاهه‌نگی ڤالانتاین دینه‌، ده‌ڵێت:" هه‌موو ئاهه‌نگێك بێگومان داهاتی هه‌یه‌ به‌ڵام ئاهه‌نگه‌كانی كریسمس و كۆنسێرته‌كان داهاتیان له‌ ئاهه‌نگی ڤالانتاین باشتره‌.

هه‌رچه‌نده‌ نه‌یویست بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ ئاشكرا بكات كه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێت له‌ ئاهه‌نگه‌كان دینه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا:" داهاتی ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ پاڵپشتییه‌كی باشه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی كاره‌كانمان و ده‌سته‌به‌ر كردنی كاری نوێ.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure