حیزبێكى هه‌رێم بوو به‌ دووبه‌شه‌وه‌ و ناڕازییه‌كان باره‌گایان جیاكردنه‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 18677‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جه‌مال
ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی "هێڵی گۆڕانكاری"یان له‌ناو حیزبه‌كه‌یان راگه‌یاندووه‌ و به‌مدواییه‌ باره‌گایان كردووه‌ته‌وه‌ و لۆگۆ و ئاڵای حیزبه‌كه‌شیان به‌كارده‌هێننه‌وه‌، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیش سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كات، سه‌ركرده‌یه‌كی هێڵه‌كه‌ ده‌ڵێت سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌ داوای دانوستانیان لێكردوون.


له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی "هێڵی گۆڕانكاری"یان راگه‌یاند و به‌وته‌ی خۆیان ئامانجیان گۆڕانكارییه‌ له‌نێو حیزبه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ساڵی رابوردوو ئه‌م سه‌ركردانه‌ له‌ڕێگه‌ی به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆیان له‌حیزبه‌كه‌ راگه‌یاند و داوای چاكسازییان كرد، دواتر له‌گه‌ڵ حیزبه‌كه‌یان گفتوگۆیان كرده‌وه‌ و گه‌یشتنه‌وه‌ ئه‌نجام، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، دوای ئه‌و گفتوگۆیانه‌ش هێشتا كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر نه‌كراون، بۆیه‌ ئه‌و هێڵه‌یان راگه‌یاندووه‌.

بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌دایكی حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان داده‌نرێت كه‌ ساڵانی هه‌شتاكان له‌شاخ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی عه‌بدولعه‌زیزه‌وه‌ راگه‌یه‌نرا و ئێستا عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز، رابه‌رایه‌تی حیزبه‌كه‌ ده‌كات، بزووتنه‌وه‌ تا خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستانیش كورسی له‌په‌رله‌مان هه‌بوو، به‌ڵام له‌هه‌ڵبژاردنی 2018دا به‌یه‌كلیست له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوی ئیسلامی به‌شدارییان كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێنج كورسییان هه‌یه‌ و پێنج كاندیدی یه‌كگرتوو سه‌ركه‌وتن، بزووتنه‌وه‌ هیچ كورسییه‌كی له‌په‌رله‌ماندا نییه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار  له‌و كێشه‌یه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هێڵی گۆڕانكاری ئێستا له‌شاری سلێمانی باره‌گایه‌كیان كردۆته‌وه‌ ئاڵا و لۆگۆی بزووتنه‌وه‌شیان هه‌ڵگرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا له‌ڕێگه‌ی دادگاوه‌ ناوی حیزبه‌كه‌ هه‌ڵبگرنه‌وه‌، چونكه‌ پێیانوایه‌ زۆرینه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی زانیاریش هه‌بێت ئێستا ژماره‌ی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسییان تاڕاده‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ یه‌كسانن".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد :"هێڵی گۆڕانكاری پێیانوایه‌ رابه‌ری ئێستای بزووتنه‌وه‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی بۆ خۆی قۆرخكردووه‌ ئه‌وه‌ش هه‌ستیاریی لای ئه‌وان دروستكردووه‌، بۆ نموونه‌ رابه‌ر هه‌ندێك مه‌كته‌بی سیاسی سڕكردووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆنگره‌یه‌".

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌: ئێستا هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و هێڵی گۆڕانكاری نه‌ماوه‌ و وتی :"ئێستا بزووتنه‌وه‌ داوای یاساییان له‌سه‌ریان تۆماركردووه‌ بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی ناو و ئاڵا، به‌ڵام هێڵی گۆڕانكاری ده‌ڵێن ئێمه‌ ناوی (عێراق) مان له‌حیزب لابردووه‌، بۆیه‌ ده‌یبه‌ینه‌وه‌".

سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ش له‌بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی بۆ دواڕۆژی روونكرده‌وه‌: سه‌ركرده‌كانی ئه‌و هێڵه‌ باوه‌ڕیان وایه‌ پێشێلی په‌یڕه‌وی و ناشه‌فافی هه‌یه‌ و كۆنتڕۆڵی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی كراوه‌ و ده‌بێت بزوتنه‌وه‌ به‌تیم ئیش بكات،  و به‌شێكی نیگه‌رانییه‌كان راستن، بۆ نموونه‌ كار به‌تیم ناكرێت و پێشێلی په‌یڕه‌و كراوه‌ به‌ڵام له‌ڕووی پره‌نسیپی حیزبییه‌وه‌ نابێت هێڵی گۆڕانكاری باره‌گا بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا مه‌كته‌بی سیاسی له‌ڕێگه‌ی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانییه‌وه‌ ده‌یه‌وێت سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار بكات بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی ئاڵا و لۆگۆ، چونكه‌ ئه‌وان ناشیانه‌وێت جیابوونه‌وه‌ بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت له‌نێو بزوتنه‌وه‌دا گۆڕانكاری بكه‌ن، به‌ڵام زۆرینه‌ نین ".

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌هێڵی گۆڕانكاری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌یانه‌وه‌ داوای دانوستانیان لێكراوه‌ ئه‌وانیش لیژنه‌یه‌كیان پێكهێناوه‌ تا بزانن له‌گه‌ڵیان رێكده‌كه‌ونه‌وه‌ یان نا، سه‌ره‌كیترین كێشه‌یان كارنه‌كردن به‌په‌یڕه‌وی ناوخۆ و رێكخستنه‌وه‌ی حیزب به‌پێی په‌یڕه‌و، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیش نه‌گه‌نه‌وه‌ ئه‌وان به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بن.

 له‌به‌رانبه‌ردا عه‌بدوڵا وه‌رتێ وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌وان هیچ كه‌سێكیان لێ زیاد نییه‌ و كاری جدی ده‌كه‌ن له‌كۆنگره‌ی داهاتوودا كه‌سانی ناڕازی به‌شدار بن و پێكه‌وه‌ حیزبه‌كه‌ به‌ پڕۆگرامێكى دیكه‌وه‌ نوێبكه‌نه‌وه‌.
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure