شێوازى دانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ ئاشكرا كرا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 31303‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی وئابووری هه‌رێم، بڕیاریدا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ دایكبووی 1957 تا 1975 به‌ ئاره‌زوو مه‌دانه‌ ده‌توانن خانه‌نشین بن و پاشه‌كه‌وتی مووچه‌كانیشیان وه‌ربگرنه‌وه‌، دواڕۆژ نهێنیی پشت ئه‌و بڕیاره‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ ئامانج لێى دانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌یه‌ له‌پاش رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا كه‌ بۆ ئه‌وه‌ش دوو پێشنیار هه‌یه‌.


به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ وه‌زاره‌تی دارایی له‌رێگه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی شوباتی 2020 ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌ت و بانكه‌ بازرگانییه‌كانی كردووه‌ ده‌یه‌وێت ئامارێكی وردی له‌باره‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌ست بكه‌وێت كه‌ ته‌مه‌نیان 45 ساڵ و زیاتره‌ و خزمه‌تی فه‌رمانبه‌ریشیان له‌ 15 ساڵ و زیاتره‌.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان وه‌زاره‌تی دارایی به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌و كاره‌ی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كاتێك له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی له‌سه‌ر پرسی بووجه‌ی گشتی عێراق و پشكی هه‌رێم له‌و بوودجه‌یه‌ رێككه‌وتن ئه‌وكاته‌ حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری خانه‌نشین بوونی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌خاته‌ بواری جێبه‌جێكردن و هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت له‌و ته‌مه‌نانه‌ كه‌ له‌ دایكبووی ساڵه‌كانی 1957 تا 1975 بۆیان هه‌یه‌ به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ خۆیان خانه‌نشین بكه‌ن. 


به‌رپرسێكی ئاگادار له‌ بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئامانجی حكومه‌ت له‌م كاره‌دا بۆ ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك هاندانێك به‌دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ده‌یان هه‌زار فه‌رمانبه‌ر خانه‌نشین بكات و خه‌رجی حكومه‌ت كه‌م بكاته‌وه‌.


سه‌باره‌ت به‌ شێوازی دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وته‌كه‌ش ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ی بڵاوبكرێته‌وه‌ وتی: "گه‌ر كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر پشكی كورد له‌ بوودجه‌ی گشتی عێراق چاره‌سه‌ر بێت و حكومه‌تی نوێ ده‌ستبه‌كاربێت، هاوكات هه‌رێم نه‌وتی پێویست راده‌ستی به‌غدا بكات به‌پێی یاسای بوودجه‌ی گشتی عێراق مانگانه‌ مووچه‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران له‌ به‌غداوه‌ ده‌نێردرێت، ئه‌وكاته‌ حكومه‌ت ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاری خانه‌نشین بوونی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌كات و به‌ یه‌كجار یان دووجار پاشه‌كه‌وته‌كانیان ده‌داته‌وه‌".
وه‌زاره‌تی دارایی وئابووری به‌ نووسراوێكی فه‌رمی له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و گه‌نجینه‌ و بانكه‌كانی كردووه‌ تێیدا داوای زانیاری ساڵی خزمه‌ت و بڕی مووچه‌ی پاشه‌كه‌وت كراویان لای حكومه‌ت له‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ كردووه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان 45 ساڵ و زیاتره‌و خزمه‌تیان له‌ 15 ساڵ و زیاتره‌و له‌ دایكبووی ساڵانی 1957- 1975-ن

پێشتر دواڕۆژ به‌پشت به‌ستن به‌ زانیاری به‌رپرسێكی شاره‌زا له‌ وه‌زاره‌تی دارایی بڵاویكرده‌وه‌: كه‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌م نوسراوه‌ ئامانج لێی بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له‌ نوسراوه‌كه‌ ئاماژه‌یان پێكراوه‌ به‌ ئاره‌زومه‌ندانه‌ گه‌ر خۆیان خانه‌نشین بكه‌ن حكومه‌ت سه‌رجه‌م پاشه‌كه‌وتی مووچه‌كانیان ده‌داته‌وه‌.


دواڕۆژ بۆ وه‌رگرتنی زانیاری له‌باره‌ی ئه‌م پرسیاره‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی دارایی قسه‌ی كردوو و ناوبراو رایگه‌یاند: بڕیاره‌كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ پێشتر خانه‌نشین بوون، چونكه‌ ئامانج له‌و بڕیاره‌ هاندانێكه‌ بۆ ئه‌و فه‌مانبه‌رانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی خانه‌نشین بوون،به‌ڵام خزمه‌تیشیان له‌ 15 تا 45 ساڵ و زیاتریشه‌ ئه‌مانه‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌.


 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure