لیستێكى نوێى دابه‌شكردنى مووچه‌ راگه‌یه‌ندرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 26083‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
 به‌پێى خشته‌یه‌ك كه‌ وه‌زاره‌تى دارایی و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دایناوه‌ هه‌فته‌ى داهاتوو مووچه‌ى مانگى تشرینى دووه‌مى ساڵى رابوردوى سێ وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌یه‌ك و دوو چین دابه‌شده‌كرێت. 

به‌پێى زانیاریه‌كانى دواڕۆژ كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرسی وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوریه‌وه‌ ده‌ستى كه‌وتووه‌ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو 16ى شوباتى 2020 مووچه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى دابه‌ش ده‌كرێت.

 سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هه‌فته‌ی داهاتوو دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ دوای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رۆژی دووشه‌ممه‌ 17ى شوبات مووچه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ‌و مووچه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی دابه‌شده‌كرێت".  

وتیشی: " رۆژانی سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌ى داهاتوش مووچه‌ی وه‌زاره‌تی دادو ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم دابه‌شده‌كرێت".  

 ئه‌وسه‌رچاوه‌یه‌ روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌پێی زانیارییه‌كان له‌ هه‌فته‌ی داهاتوو پاره‌كه‌ی به‌غداش ده‌نێردرێت ئه‌و كات لیستی مووچه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و وه‌زاره‌ت و شوێنانه‌ی كه‌ ماون مووچه‌ وه‌ربگرن راده‌گه‌یه‌ندرێت و كاتێك پاره‌كه‌ى به‌غدا ده‌گاته‌ هه‌رێم به‌شێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان له‌ كۆتایی هه‌فته‌ی داهاتوو دابه‌شده‌كرێت و به‌شێكی دیكه‌شی  ده‌كه‌وێته‌ هه‌فته‌ى دواتر. 
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure