ئه‌و لایه‌نه‌ ئاشكرا بوو كه‌ هێرشی موشه‌كى كرده‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌كه‌ى كه‌ركوك

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 5897‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نن ده‌ستیان گرتوه‌ به‌سه‌ر  سه‌كۆى ئه‌و موشه‌كه‌ی ئاڕاسته‌ی سه‌ربازگه‌ی k1 كراوه‌ له‌ كه‌ركوك ‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبیش ده‌ڵێت: ” گومان ده‌كرێت داعشی له‌پشته‌وه‌ بێت ".

ئه‌مشه‌و پێنجشه‌ممه‌ ١٣ی شوباتی ٢٠٢٠ گوله‌ هاوه‌نێك ئاڕاسته‌ی سه‌ربازگه‌ی k1  كرا له‌ كه‌ركوك شوێنی جێگیربونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌كه‌ركوك.
له‌و باره‌یه‌وه‌ شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی عێراق له‌راگه‌یاندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، موشه‌كێك كه‌وتوه‌ته‌ نێو سه‌ربازگه‌ی k1 به‌ڵام هیچ زیانێكی گیانی نه‌بوه‌.
راشیگه‌یاندوه‌، دوای روداوه‌كه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كێوماڵی ناوچه‌كه‌یان كردوه‌و ده‌ستیان گرتوه‌ به‌سه‌ر سه‌كۆى ته‌قاندنی موشه‌كه‌كه‌ و هه‌ر له‌و شوێنه‌دا ١١ موشه‌كی دیكه‌ی له‌سه‌ر بووه‌ كه‌ ئاماده‌كرابوو به‌ئاڕاسته‌ی سه‌ربازگه‌كه‌ بته‌قێندرێت.

لای خۆشیەوه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ حه‌شدی شه‌عبی نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: دوای ته‌قاندنی موشه‌كه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌ستنیشانكراوه‌و پرۆسه‌ی كێوماڵكردنی ناوچه‌كه‌ ده‌ستیپێكردوه‌، له‌ئاسمانیشه‌وه‌ فڕۆكه‌ چاودێری ورد ده‌كات.
وتیشی:" ئه‌و ناوچه‌یه‌ی موشه‌كه‌كه‌ی لێوه‌ ئاڕاسته‌ كراوه‌  قه‌ره‌ته‌په‌ یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ پشتی ناحیه‌ی یایچی له‌رۆژئاوای كه‌ركوك و ناوچه‌كه‌یش به‌رده‌وام جموجۆڵی چه‌كدارانی داعشی تێدایه‌ كه‌ گومان ده‌كرێت ئه‌و گروپه‌ موشه‌كه‌كه‌یان ئاڕاسته‌ى ئه‌و سه‌ربازگه‌كه‌ كردبێت".
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure