هه‌شتا ساڵه‌ به‌رده‌وام تۆم وجێرى یه‌كتر راوده‌نێن

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 395‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

بێگومان هه‌موومان هه‌ردوو پاڵه‌وانه‌كه‌ى زنجیره‌ كارتۆنى تۆم و جێرى ده‌ناسین. پشیله‌یه‌ك (تۆم) به‌ده‌ست مشكێك (جێرى)یه‌وه‌، كه‌ پێكه‌وه‌ له‌ ماڵێكدان، هه‌راسان بووه‌، هه‌ر نه‌خشه‌ و پلان و ته‌نانه‌ت پیلانێكیش كه‌ بۆ له‌ناوبردنى دایده‌نێت، شكستدێنێت و مشكه‌كه‌ (زۆڵانه‌) خۆى لێده‌رباز ده‌كات، به‌و پارچه‌ (شیرینییه‌)ى كه‌ بۆى ده‌كات به‌ ته‌ڵه‌-كانه‌وه‌ و به‌سكێكى تێره‌وه‌ خۆى ده‌كاته‌وه‌ به‌ (كونه‌كه‌یدا).

ره‌نگه‌ چیرۆكى تۆم و جێرى لاى زۆبه‌مان روون و ئاشكرا بێت (پشیله‌یه‌ك مشكێك راوده‌نێت و هه‌رچى ده‌كات بۆى ناگیرێت)، به‌ڵام چیرۆكى راسته‌قینه‌ى پشت به‌رهه‌مهێنانى ئه‌م زنجیره‌ كارتۆنییه‌، وانییه‌. ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ ماوه‌ى جه‌نگى سارد-دا به‌رهه‌مهێنراوه‌ و له‌م مانگى شوباتى 2020ه‌دا هه‌شتا ساڵه‌ى ته‌مه‌نى خۆى تێده‌په‌ڕێنێت. 
بێڵ هانا و جۆزێف باربێرا، دوو هونه‌رمه‌ندى فیلم كارتۆن بوون، ته‌مه‌نیان له‌ 30 ساڵ تێنه‌په‌ڕى بوو، له‌ به‌شى وێنه‌ بزۆكه‌كانى ستۆدیۆى میترۆ گۆڵدن مایه‌ر، ویستیان كه‌سێتییه‌كى وا دابهێنن تا ركابه‌ریى كه‌سێتییه‌ كارتۆنییه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى هاوشێوه‌ى میكى ماوس و بۆركى بێگ بكات كه‌ به‌رهه‌مى ستۆدیۆكانى تر بوون.

فیلمى (مشكێك له‌ماڵه‌وه‌ راوده‌نرێت Puss Gets the Boot)یان به‌رهه‌مهێنا و له‌ساڵى 1940دا نمایشكرا. سه‌ركه‌وتنێكى زۆرى به‌ده‌ستهێنا و خه‌ڵاتى ئۆسكار-ى وه‌ك باشترین كورته‌فیلمى كارتۆن پێبه‌خشرا. ئه‌مه‌ بووه‌ سه‌ره‌تاى بیرۆكه‌ى به‌رهه‌مهێنانى تۆم و جێرى.

سه‌ره‌تا به‌ڕێوه‌به‌رانى ستۆدیۆى میترۆ گۆڵدن مایه‌ر، ئه‌وه‌نده‌ گوێیان به‌ بیرۆكه‌ى مشك و پشیله‌كه‌ نه‌دا و ترسى ئه‌وه‌یان هه‌بوو سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى كه‌سێتییه‌كى كاریگه‌رى بوارى پیشه‌سازیى فیلم كارتۆن له‌ ته‌كساس-ه‌وه‌ داواى چیرۆكى دیكه‌ى ده‌رباره‌ى مشك و پشیله‌كه‌ لێكردن، دۆخه‌كه‌ گۆڕا و پێچه‌وانه‌ بووه‌وه‌. ئیدى بیرۆكه‌ى ئه‌وه‌ هاته‌پێشه‌وه‌ كه‌ (جاسپار)ى پشیله‌ بگۆڕدرێت بۆ تۆم و (جینكس)ى مشك-یش بكرێت به‌ جێرى.

وه‌ك باربێرا وتوویه‌تى "گفتوگۆیه‌كى ئه‌وتۆ ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ نه‌كرا كه‌ كه‌سێتییه‌كان (بێده‌نگ-صامت) بن". به‌ ره‌چاوكردنى فیلمه‌ بێده‌نگه‌كانى چارلى چاپلن، هه‌ردوو هونه‌رمه‌نده‌ داهێنه‌ره‌كه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و راستیه‌ى كه‌ كه‌سێتییه‌كان ده‌توانن به‌بێ گۆ و ده‌نگ و به‌بێ گفتوگۆ و قسه‌ى نێوانیان، سه‌رنجى بینه‌ران رابكێشن و بیانخه‌نه‌ پێكه‌نین. ئه‌و مۆسیقایه‌یش كه‌ داهێنراوى (سكوت برادلى)یه‌ هێنده‌ى تر فیلمه‌كه‌ى جوانتر كرد، هانا-یش قیژه‌ و هاواره‌كانى تۆم-ى پشیله‌ى به‌ده‌نگى خۆى تۆمار كرد.
 له‌ ماوه‌ى بیست ساڵێكدا هانا و باربێرا زیاتر له‌ 100 ئه‌ڵقه‌ى ئه‌م سه‌ركێشییه‌یان به‌رهه‌مهێنا. هه‌ر ئه‌ڵقه‌یه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌كى ده‌خایاند و 50 هه‌زار دۆلارى ئه‌مریكیى تێده‌چوو. 

تۆم و جێرى بووه‌ سه‌ركه‌وتووترین فیلمى كارتۆن له‌ جیهاندا، چونكه‌ وێنه‌كان زۆر به‌وردى و به‌ده‌ست ده‌كران و باكگراوندێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى له‌پشته‌وه‌یه‌، حه‌وت خه‌ڵاتى ئۆسكارى برده‌وه‌ و چه‌ندین جار له‌ فیلمه‌كانى هۆڵیوود-دا نمایشكراوه‌.

جێرى بێك، پسپۆر له‌ مێژووى فیلم كارتۆن-دا ده‌ڵێت"گره‌و ده‌كه‌م كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ منداڵى یان به‌ گه‌وره‌یى ئه‌ڵقه‌كانى تۆم و جێرى-ت بینیبێت، حه‌ز ده‌كه‌یت مێژووى دروستكردنى بزانیت. ده‌زانین كه‌ ده‌مێكه‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌، ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌، به‌ڵام دڵنیام هێشتا هه‌یه‌ و ماوه‌ و تائه‌مڕۆیش هه‌ر كاریگه‌ره‌، چونكه‌ هونه‌رێكى جوانه‌ و ته‌نیا بۆ كاتبه‌سه‌ربردن به‌رهه‌منه‌هێنراوه‌ به‌ڵكو پڕه‌ له‌ بیرۆكه‌ و داهێنان و ئه‌فراندن". 

ئه‌و پسپۆره‌ى مێژووى فیلم كارتۆن، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت"نهێنیى مانه‌وه‌ و جێیسه‌رنجبوون و سه‌رسامیى تۆم و جێرى، به‌شێكى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌موو كه‌سێك له‌م جیهانه‌دا، كه‌ ته‌ماشاى ده‌كات شتێكى خۆى له‌و دوو كه‌سێتییه‌دا ده‌بینێته‌وه‌".

جێرى بێك له‌و باوه‌ڕه‌یشدایه‌ كه‌"زۆر كه‌س له‌گه‌ڵ جێرى-ى بچكۆله‌دا هاوسۆزه‌، چونكه‌ هه‌موومان گیرۆده‌ى ده‌ستى كه‌سێكین كه‌ ده‌مانچه‌وسێنێته‌وه‌ و سته‌ممان لێده‌كات، ئیتر ئه‌و كه‌سه‌ خاوه‌ن كار بێت یان خاوه‌ن ماڵ یاخود هه‌ركه‌سێك بێت كه‌ ناهێڵێ به‌ ئاسووده‌یى ژیان به‌ڕێبكه‌ین".

كاتێك به‌شى وێنه‌ بزۆكه‌كان له‌ ستۆدیۆكه‌ داخرا، له‌ ساڵى 1957دا هانا و باربێرا كۆمپانیایه‌كى تایبه‌ت به‌خۆیان دامه‌زراند. كۆمپانیكه‌ى پێشوو (میترۆ گۆڵدن مایه‌ر) بڕیاریدا به‌بێ هاوكاریى دوو داهێنه‌ره‌كه‌، بكه‌وێته‌ فرۆشتنى ئه‌ڵقه‌ كۆنه‌كانى فیلم كارتۆنه‌كه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش ساڵى 1961 ستۆدیۆیه‌كى له‌ پراگ دامه‌زراند، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو چونكه‌ هه‌م پاره‌یه‌كى زۆرى ده‌ویست و هه‌م تیمى كاره‌كه‌یش زانیارییه‌كى ئه‌وتۆیان ده‌رباره‌ى كه‌سێتییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان نه‌بوو، بێجگه‌ له‌وه‌یش چه‌ندین كێشه‌ و گرفتى دیكه‌یان بۆ دروست بوو، به‌تایبه‌ت له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌و گرفت و له‌مپه‌رانه‌یشدا، ستۆدیۆكه‌ى پراگ 13 ئه‌ڵقه‌ى به‌رهه‌مهێنا، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ خراپ بوون كه‌ به‌ته‌واوى كه‌سێتییه‌كانى تێدا شێوا بوون و ته‌نانه‌ت خودى سه‌رپه‌رشتیارى ئه‌و 13 ئه‌ڵقه‌یه‌ له‌ دیدارێكدا ده‌ڵێت"هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتنیشم لێكراوه‌" دیاره‌ له‌به‌ر خراپى و شێواندنى به‌رهه‌مه‌كه‌. دواى ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره‌، هونه‌رمه‌ندى دیكه‌یش خۆى تاقیكرده‌وه‌ به‌ڵام نه‌توانرا به‌وه‌ى سه‌ره‌تا بگه‌نه‌وه‌.

هانا و باربێرا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ میترۆ گۆڵدن مایه‌ر و كه‌وتنه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانى ئه‌ڵقه‌ى ماوه‌درێژتر و به‌ تێچوونێكى كه‌متریش. 
ئه‌م به‌رهه‌مه‌ جیهانییه‌ له‌ ره‌خنه‌ و هێرشكردنه‌ سه‌ر بێبه‌ش نه‌بوو. به‌ (ره‌گه‌زپه‌رسى) تۆمه‌تبار كرا به‌تایبه‌ت له‌ بوونى كه‌سێتیى (مامى تو شوز) ئه‌و ژنه‌ قه‌ڵه‌وه‌ ره‌شپێسته‌ى كه‌ به‌ جووتێك پێڵاوى ره‌شه‌وه‌ ته‌نیا له‌ پشتوێنه‌ به‌ره‌وخوارى ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها هه‌ندێك نوكته‌ كه‌ وه‌ك گاڵته‌كردن به‌ خه‌ڵكى ئاسیا و ئه‌مریكییه‌ ره‌سه‌نه‌كان ده‌رده‌كه‌ون.

ئێستا كه‌و (كه‌موكورتیانه‌) چاره‌سه‌ر كراون. به‌ڵام فیلمى كارتۆنى تۆم و جێرى به‌و توندوتیژییه‌ گاڵته‌جاڕییه‌ و به‌و كۆمیدیا ره‌شه‌یه‌وه‌، تا ئه‌مڕۆیش جاماوه‌رێكى یه‌كجار به‌رفراونى له‌ناو گه‌وره‌ و بچووكى سه‌رتاسه‌رى جیهاندا هه‌یه‌.

هه‌شتا ساڵ به‌سه‌ر راكه‌ڕاك و یه‌كترڕاونان و فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ى ئه‌م پشیله‌ و مشكه‌دا تێده‌په‌ڕێت و هێشتا ژیان و جیهان هه‌ر له‌ بێنه‌ و به‌ره‌و ململانێدایه‌ كه‌ بێگومان هه‌روا ده‌مێنێته‌وه‌. هه‌رچى دوو هونه‌رمه‌نده‌ داهێنه‌ره‌كه‌ى ئه‌م زنجیره‌ فیلم كارتۆنه‌یشه‌، ئه‌وا بێڵ هانا ساڵى 2001 و جۆزێف باربێرا-یش له‌سالى 2006 دا كۆچى دواییان كرد.

ئا: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure