وەزارەتی پلاندانان: غەدر لەهیچ پارێزگایەك ناكرێت لەڕووی ئەنجامدانی پڕۆژەوە

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 291‌ جار بینراوە

تاگ :: پرۆژە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جیاوازی له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان له‌نێوان پارێزگاكاندا نه‌كراوه‌و 43%ی پڕۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین جێبه‌جێده‌كرێت، ده‌شڵێت:"حكومه‌تی هه‌رێم ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ له‌ سلێمانی جێبه‌جێده‌كات".


دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند هه‌واڵێكی میدیای ناوخۆیی هه‌رێم له‌سه‌ر جیاوازیكردنی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ له‌نێوانی پارێزگاكانی هه‌ولێرو سلێمانی، وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێم رێژه‌ی پڕۆژه‌كان و به‌رنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی بۆ جێبه‌جێكردنیان بڵاوكرده‌وه‌.

زاگرۆس فه‌تاح، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بودجه‌ی پڕۆژه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "پڕۆژه‌كانی حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی له‌نێوان پارێزگاكان جێبه‌جێده‌كرێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی دانیشتوان و خواستی كۆمپانیاكان ده‌بێت، كه‌ به‌شێكیان ئاماده‌ن پڕۆژه‌ به‌ قه‌رز له‌ شاره‌كان جێبه‌جێبكه‌ن، بۆ نموونه‌: پڕۆژه‌ی ته‌واوكردنی 120ی هه‌ولێر به‌ قه‌رز بووه‌ و  بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریش بە هەمان شێوە بەقەرز جێبەجێدەكرێت، ئه‌مه‌ش خواستی كه‌رتی تایبه‌ته‌ نه‌ك حكومه‌ت".

وتیشی: "جگه‌ له‌وه‌، هه‌ندێك كات نه‌تواندراوه‌ پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ پڕۆژه‌كانی پارێزگایه‌ك جێبه‌جێبكرێت، بۆیه‌ بۆ حكومه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان غه‌در له‌ هیچ پارێزگایه‌ك نه‌كراوه‌ له‌سه‌ر حیسابی پارێزگایه‌كی دیكه‌، چونكه‌ 43%ی بودجه‌ی پڕۆژه‌كان له‌ ساڵانی رابردوو بۆ پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین ته‌رخانكراوه‌ و 34%ی بۆ پارێزگای هه‌ولێرو 23%شی بۆ پارێزگای دهۆك بوو، ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ ساڵی 2020_یش هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت.

 

زاگرۆس فه‌تاح، ده‌شڵێت: "هاووڵاتیانی سلێمانی دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هیچ وه‌زاره‌تێك قبوڵ ناكات جیاوازی له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان بكرێت، منیش خه‌ڵكی سلێمانیم و رێگه‌ ناده‌ین غه‌در له‌ هیچ پارێزگایه‌ك بكرێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ میدیاكان دەوترێت راست نییه‌".

سه‌بارەت به‌و پڕۆژانه‌ی ئه‌مساڵ جێبه‌جێده‌كرێن، زاگرۆس فه‌تاح وتی: "ژماره‌یه‌ك له‌ پڕۆژه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان بۆ پارێزگاكان گه‌یشتۆته‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان و هه‌ندێكیش بڕیاری جێبه‌جێكردنی دراوه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ پڕۆژه‌كان له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و دادپه‌روه‌رانه‌ ده‌بێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure