گرێبەستی سەدە دزراوە یان داهێنانی ترەمپ خۆیەتی؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 358‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


ئیدارەی ترەمپ بە جۆرێك پڕوپاگەندە بۆ كارەكانی خۆی دەكات كە گوایە هەموویان داهێنان و بەرهەمی هزرێكی بلیمەتن، كە لە چوارچێوەی سیاسەتدا بێ وێنەیە. 


یەكێك لەو بابەتانە كە ترەمپ و ئیدارەكەی شانازییەكی زۆری پێوە دەكەن و بە كلیلی كردنەوەی دەرگای ئاشتی دادەنێن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، یەكێكە لەو بابەتانە.

سەرچاوە دیپلۆماسی و ئیعلامییەكانی نزیك لە ترەمپ دەڵێن ئەم پڕۆژە ستراتیجیە بە یەكجاری كۆتایی دەهێنێت بە ململانێی نێوان عەرەب و ئیسرائیل و زادەی بیركردنەوە و لێهاتوویی دۆناڵد ترەمپە.

فۆڕین پۆلیسی بە بڵاوكردنەوەی وتارێك تێكڕای ئەم لێكدانەوە و پیاهەڵدانانەی هەڵوەشاندەوە. وتارەكە هەڵسووڕاوێكی ئیسرائیلی نووسیویەتی كە ناوی یەهودا شائولە. ناوبراو لە ساڵانی 2001 بۆ 2004 وەك سەركردەیەكی سەربازی لە چەندین ناوچەی ئیسرائیل و فەلەستین خزمەتی كردووە و شارەزایەكی دیاری كاروباری سیاسی و ئەمنی ئیسرائیلە.

نووسەری وتارەكە بە گاڵتەپێكردنەوە ئاماژە دەكات بۆ وتارەكەی گارید كۆشنەر كە زاوای ترامپە و بە ئەندازیاری گرێبەستی سەردە دادەنرێت و دەڵێت ئێمە رێبازێكی جیاواز لە رێبازە نەریتیەكە پەیڕەو كرد چونكە دەزانین ئەو رێبازە كۆنە هیچ ئەنجام و پێشكەوتنێكی تێدا بەدی نایەت.

بەڵام نووسەری وتارەكە روونی دەكاتەوە كە نەخشەكەی ترەمپ كتومت نەخشەیەكی كۆنی ئیسرائیلە كە ساڵی 1979 بڵاوكراوەتەوە. 

ئەو نەخشەیە بەرهەمی رێكخراوی زایۆنیستی جیهانیی بووە لەژێر ناونیشانی (نەخشەی سەرەكیی بۆ پەرەپێدانی ئۆردوگاكان بۆ چوار ساڵی داهاتوو).

نووسەری نەخشەكە ئەندامێكی پێشووی پەڕلەمانی ئیسرائیل و سەرۆكی بەشی نیشتەجێكردنە لە رێكخراوی زایۆنیستی جیهانیی، كە راستەوخۆ بەرپرسیاری نەخشەدانان و دروستكردنی ئۆردوگاكانە بۆ نیشتەجێكردنی جولەكە. داڕێژەری بەرنامە سەرەكییەكە كە ساڵی 1979 بڵاوكراوەتەوە، ماتیتیاهۆ دڕۆبڵز، كاتی خۆی بەو نەخشەیە یارمەتی حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی ئیسرائیلی داوە بۆ فراوانكردنی سنووری ئیسرائیل و لە ماوەی 40 ساڵی رابوردوودا توانراوە 640 هەزار جولەكە لە ناوچە جیاجیاكانی كەناری خۆرئاوا نیشتەجێ‌ بكرێن. 

شائول دەڵێت تێڕوانینەكەی ترەمپ لە ڕاستیدا فۆتۆكۆپییەكەی تازەی نەخشەكەی دڕۆبڵزە. چونكە هەردووكیان هەموو دەسەڵاتێكی فەلەستینی بەسەر زەویدا رەد دەكەنەوە. واتە ترەمپیش وەك 40 ساڵ لەمەوپێشی دڕۆبڵز پێداگری دەكات لەسەر دەسەڵاتی رەهای ئیسرائیل بەسەر خاكدا. هەروەها هەردوو نەخشەكە هاوڕان لەسەر ئەوەی كە پێویستە ئیسرائیل دەسەڵاتێكی هەمیشەیی هەبێت بەسەر كەناری خۆرئاوادا. هەردوو نەخشەكە لەسەر سنووری خۆرهەڵاتی ئیسرائیلیش یەك بۆچوونیان هەیە و پێداگری دەكەن لەسەر ئەوەی كە ئیسرائیل بەشێوەكی رەها و هەمیشەیی كۆنترۆڵی دۆڵی ئوردون بكات.

شائول دەڵێت نەخشەكەی ترەمپ درێژكراوەی هەمان نەخشەی داگیركاری ئیسرائیلییە كە دەیان ساڵە پەیڕەوی دەكات لەگەڵ بەڵێنێكی ئاشكرادا كە ترەمپ بە ئیسرائیلی داوە و دەڵێت هەرگیز ئیسرائیل ناچار ناكرێت هیچ ئۆدوگایەك لەناوببات.

نەخشەكەی دڕۆبڵز لە ساڵی 1979دا بە ئاشكرا دەڵێت زۆر گرنگە ئۆردوگا لە ناوچە عەرەنشینەكاندا دروست بكرێت بۆ نیشتەجێكردنی جولەكە بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت لە ئایندەدا دەوڵەتێكی عەرەبیی زیادە لەو ناوچەیەدا دروست بكرێت.

شائول دەڵێت لەكاتێكدا دڕۆبڵز نایشارێتەوە كە ئامانجی نەخشەكەی رێگریكردنە لە دروستبوونی دەوڵەتێكی فەلەستینی كەچی ترەمپ و زاواكەی دەڵێن ئەم نەخشەیەی ئێمە نەخشەیەكە بۆ دروستكردنی دوو دەوڵەت.

شائول ئامۆژگاری كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی سەركردەكانی تر دەكات كە بۆ ئەوەی بە تەواوی هیوای ئاشتی لە ناوچەكەدا لەناونەچێت پێویستە كۆببنەوە و بە كۆی دەنگ ئەو نەخشەیە رەد بكەنەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure