رێگەچارەیەك بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ دەخرێتەڕوو

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 515‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی

بەمەبەستی کەمکردنەوەی قوربانیانی رووداوەكانی (هاتوچۆ - كرێكاران لەكاتی كاركردندا) و پابەندبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ، وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەكە.



پڕۆژەكەی وەزارەتی تەندروستی بەناوی(رێگەچارەیەك بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ و گیانلەدەستدان) لەگەڵ ژمارەیەك وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان كاری لەسەر دەكرێت و باس لە هۆكارەكانی زیادبوونی رووداوەكانی هاتوچۆ دەكات كە جگە لە زیانی گیانی و ماڵیی هاوكات بووەتە بارگرانییەك بەسەر كەرتی تەندروستییەوە.


دكتۆر ئارام سەعدون راوێژكاری وەزیری تەندروستی، بە دواڕۆژی وت:"بەهۆی باپەندنەبوون بە بەكارهێنانی پشتوێنی سەلامەتی و خۆنەبەستنەوە، لەكاتی رووداوەكاندا قوربانیی زۆر دەكەوێتەوە و زیانی زۆر بەر جەستەیان دەكەوێت".


وتیشی:"ماتۆڕسوارەكان كە زۆربەیان پابەندنین بە یاساكای هاتوچۆ و30% رووداوەكان پێكدێنن، بەتایبەت ئەوانەیان بەهۆی بەكارنەهێنانی كڵاو و سەرچۆك-ەوە زیانی زۆر بەر جەستەیان دەكەوێت و بەهۆی مانەوەیشیان لە نەخۆشخانەكانی حكومەت تا چاكدەبنەوە رۆژانە خەرجییان500-800 دۆلار لەسەر وەزارەتی تەندروستی دەكەوێت، ئەمەیش بارگرانییەكی زۆرە لەسەر كەرتی تەندروست،  بۆیە
داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین رێگریی لە سەرپێچیكردنیان بكەن و دەبێت شۆفێرانی ماتۆڕسكیلەكان کڵاو و سەرچۆک بەکاربهێنن و پابەندبن بە ترافیک لاییتەکان".

راوێژكارەكەی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت:"وەزارەتەكانی ناوخۆ، پەروەردە، شارەوانی، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، ئەوقاف و وەزارەتی تەندروستی، لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاریاندا كۆنووسێك ئامادەبكەن و لە چەند خاڵێكدا بە وردیی هۆكارەكان و چۆنیەتی رێگریی لەكەمبونەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ و كرێكاران لەكاتی كاركردندا، ئامادە بكەن".

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure