بەختیار فەرەج: 171 روفاتی ئەنفالەكان دەهێنرێنەوە و موچە دەدرێتە كەسوكاریان

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 6238‌ جار بینراوە
بەختیار فەرەج

دواڕۆژ، سامان قوبادی


 بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم ئاشكرایدەكات، سەرقاڵی هێنانەوەی روفاتی ئەنفال كراوانین و لە ئایندەیەكی نزیكیشدا 171 روفات دەگەڕێنینەوە، ئەگەر كەسوكارەكەشیان موچەیان نەبێت بۆیان دەبڕینەوە.


 بەختیار فەرەج بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم لە دیدارێكی دواڕۆژدا باس لەوە دەكات، 5000 كەس موچەی زیندانی سیاسی وەردەگرن، ئەو كەسانەی تریش كە مامەڵەكانییان كردووە لە ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ ئەوەی بڕیاری بڕینەوەی موچەیان بۆ دەربكرێت، دەشڵێت: "پاش نەمانی ئاڵۆزییەكانی بەغدا لیژنەكەمان لەگەڵ حكومەتی ناوەند كۆدەبێتەوە بۆ یەكخستنی موچە".

دواڕۆژ: دوایین زانیاری لەسەر هێنانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەماوە چییە؟ كەی دەگەڕێنرێنەوە؟ 
بەختیار فەرەج: هێشتا دیاری نەكراوە كە خەڵكی كام ناوچەی هەرێمی كوردستانن،  بۆ هێنانەوەشیان سەردانی هەڵەبجە و چەمچەماڵمان كردووە و رێكاری پێویستمان بۆ ئەنجامداوە، هاوكات كارەكانی لە بەغدا لە تەواوبوندایە، هێشتا بڕیاری هێنانەوەی نەدراوە، چونكە پێویستی بە ئامادەكاریی هەیە، بەڵام لەماوەیەكی نزیكدا دەیانگەڕێنینەوە.

دواڕۆژ: ژمارەی ئەو روفاتانە چەندە كە دەگەڕێنرێنەوە؟ كێ تێچووی هێنانەوەی دابین دەكات؟
 بەختیار فەرەج: ژمارەیان نزیكەی 171 روفاتە، داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم دەكەین بودجەمان بۆ تەرخان بكات بۆ ئەم پڕۆسەیە، بەداخەوە حكومەتی ناوەند لەڕووی داراییەوە هیچ هاوكارییەكمان ناكات، كە دەبوایە ئەوان خەرجییەكانیان لە ئەستۆ بگرتایە، بەڵام تیمەكەی ئێمە بەشەو و رۆژ لەو بیابانە كاریان كردووە بەشێوەی خۆبەخش.

دواڕۆژ: چەند گۆڕی تری بە كۆمەڵ هەن لەو ناوچانە؟ پێدەچێت چەند روفاتی تێدا بێت؟
 بەختیار فەرەج: سێ گۆڕی بە كۆمەڵ لە بیابانەكانی سەماوە هەیە، كە نزیكەی 300 روفاتی تێدایە، ئەوەی كاری لەسەر كراوە زۆربەی ژن و منداڵن، گۆڕە بە كۆمەڵەكانی تر پێ دەچێت پیاو بن، بەڵام زۆربەی ئەو  روفاتانە هی ناوچەی گەرمیانن.

دواڕۆژ: پشكنین بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان كراوە؟ واتە یەكلایی بوونەتەوە بۆ خاوەنەكانیان؟
 بەختیار فەرەج: پشكنینەكان كۆتایی پێ نەهاتووە، هێشتا نازانرێت كێ خاوەنی ئەو كەسانەیە، نموونەكان دەهێنرێنەوە، هەروەها پاش وەرگرتنی خوێنی كەسوكارەكەیان پشكنینی dna بۆ دەكرێت ئەوكات دەردەكەوێت روفاتەكان هی كام ناوچەیەیە.

دواڕۆژ: بۆچی پڕۆسەی گەڕان و هێنانەوەی روفاتی ئەنفال كراوان بەخاوی بەڕێوە دەچێت؟
 بەختیار فەرەج: كێشەكە دارایی نەبووە، بەڵكو 171 روفات تا پشكنینی بۆ دەكرێت و نموونەیان لێ وەردەگیرێت نزیكەی سێ مانگی پێویستە، هەروەها پێویستە شوێنی ناشتنیان بۆ دابین بكرێت، بۆ هێنانەوەشیان مەراسیمێكی تایبەتیان بۆ دەكرێت، روفاتەكانیش لە پزیشكی دادوەرین لە بەغدا، ئەو بارودۆخە خراپەی هەیە لەڕووی ئەمنیەوە،  هۆكارە بۆ دواخستنی  گەڕانەوەی روفاتەكان. 

دواڕۆژ: ئەم روفاتانە كە كەسوكاریان هەیە، ئایا وەزارەت چی دەكات بۆ قەرەبوو كردنەوە یان بڕینەوەی موچە؟
بەخیتار فەرەج: پاش ئەوەی ساغ دەبێتەوە و دەزانرێت كەسوكاریان كێن، ئەوكات دەتوانین موچەیان بۆ ببڕینەوە.

دواڕۆژ: لیژنەكەتان چوونە بەغدا بۆ یەكخستنی موچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی؟ ئەنجامی هەبوو؟
 بەختیار فەرەج: بەهۆی دۆخی ئێستای عێراق چوونی لیژنەكەی وەزارەت دواخرا، بەڵام لە پاش نەمانی ئاڵۆزییەكان و لە كابینەی نوێدا لیژنەكە دەچێتەوە بەغدا، بەمەبەستی ئەوەی موچەی شەهیدان و زیندانیای سیاسی هەرێم هاوتای ناوەند بكرێت.

دواڕۆژ: ژمارەی زیندانیانی سیاسی هەرێم چەندە كە موچەیان هەیە و بڕیارە هاوتای بەغدا بكرێت؟ مامەڵەی ئەو كەسانەی تر بەچی گەیشتووە كە داوای بڕینەوەی موچە دەكەن؟
 بەختیار فەرەج: لە هەرێمی كوردستان 5000 هەزار كەس موچەی زیندانی سیاسی وەردەگرن، ئەوەی تر كە هێشتا موچەیان بۆ نەبڕدراوەتەوە دۆسیەكانیان لە ئەنجومەنی وەزیرانە، تەنیا ئەوە ماوە بۆ بڕینەوەی موچە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ دەربچێت، دواتریش  لیژنەیەكی وەزارەت دەچێتە بەغدا گفتوگۆ دەكەن بۆ هاوتا كردنی موچەكان.

دواڕۆژ: ئایا بەپێی یاسای چاكسازی لە موچەدا دەرماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی چی لێ بەسەر دێت؟
بەخیتار فەرەج: جاری نەخراوەتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بڕیاریش نییە بۆ بڕینی دەرماڵە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure