زانیاری نوێ لەسەر دۆخی ناوخۆی یەکێتی

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1168‌ جار بینراوە

دواڕۆژ هۆگر کەمال

دوای ئەوەی کۆسرەت رەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حیزبەکە کرد و داوای لێ کردن کۆبوونەوەکانیان رابگرن، کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەنێوان ناوبراو و بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دەستیپێکردووە.


بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ: دوێنێ دووجار بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی سەردانی کۆسرەت رەسوڵیان کردووە و لەگەڵی کۆبوونەتەوە.

دواڕۆژ زانیویەتی کۆسرەت رەسوڵ نیگەران بووە لە جێگیرکردنی سیستمی هاوسەرۆکیی و دیاریکردنی دوو هاوسەرۆک بۆ حیزبەکە، بۆیە داوای کردووە بۆ ئەوەی یەکێتی پەرت نەبێت، چارەسەری دیکە بدۆزرێتەوە.

لە کۆبوونەوەکانی دوێنێدا پێشنیارێکی دیکە کراوە کە ئەوەیە دەستەی هاوسەرۆکیی دروستبکرێت کە لە پێنج کەس پێک بێت و وەکو یەک دەسەڵاتیان هەبێت، کۆسرەت رەسوڵیش وتویەتی ئەگەر بەرهەم ساڵح رازیبێت ئەوا منیش رازیم، بەڵام بەرهەم ساڵح بەو پێشنیارە رازی نەبووە.

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە دواڕۆژی وت: "ئەگەر گۆڕانکاری بەسەر دۆخەکەدا نەیەت ئەوا بەرهەم ساڵح، نایەتە پرۆسەی هاوسەرۆکییەوە و وەکو ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەمێنێتەوە و خەریکی کاری سەرۆک کۆماریش دەبێت".

وتیشی: "گفتوگۆکانی نێوان کۆسرەت رەسوڵ و بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە باشی بەڕێوەدەچن".

ئەمەش لەکاتێکدایە وابڕیارە کاتژمێر 11ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ئەنجامبدرێت و گفتوگۆ لەسەر پەسەندکردنی مادەکانی پەیڕەوی ناوخۆ بکرێت کە لەئێستادا 69 مادە لە کۆی 77 مادە پەسەندکراوە، گفتوگۆکانی ئەمڕۆش لەسەر ژمارە و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شارەکان دەبێت.

ئا: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure