سەرۆکی حکومەت و بەڵێندەران کۆدەبنەوە

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 273‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و بەشێکی بەڵێندەران کۆبووەوە بەمەبەستی بەگەڕخستنی ژمارەیەک پرۆژەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان، بڕیارە دوای گەڕانەوەی لە کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان کۆببێتەوە.


سەرۆ دزەیی، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان بە دواڕۆژی وت: "بڕیارە لەبارەی چەند پرسێك و كێشەی بەڵێندەرانی كوردستان، كۆبوونەوەیەك لە نێوان سەرۆكی حكومەت و بەڵێندەراندا ئەنجام بدرێت".

وتیشی: "كاتێك سەرۆكی حكومەت لەگەڵ سەرمایەداران كۆبووەوە، داوامان كرد لەگەڵ بەڵێندەرانیش كۆببێتەوە و بەڕێزیشیان رەزامەندیی دەربڕیوە و بڕیارە بەمزووانە لەگەڵ بەڵێندەرانیش كۆببێتەوە".

سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی بەڵێدەرانی کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا: "كۆبوونەوەكە لەبارەی كێشەی دارایی پرۆژەكانە و هەروەها داوا دەكرێت هەندێك پارە بۆ بەڵێندەران خەرج بكرێت و هەندێك رێنمایی تازەش دەربكرێن كە ئاسانكاری بۆ بەڵێندەران بكرێت، بۆیە دەمانەوێت لەسەر ئەو پرس و كێشانە، گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بكەین".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure