دیدارى شێروانه‌ بۆ شیعر و لێكۆڵینه‌وه‌ لەکەلار بەڕێوەدەچێت

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 116‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

ئه‌مڕۆ له‌ شارى كه‌لار له‌لایه‌ن ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌دیبان و نوسه‌رانی كه‌لار (دیدارى شێروانه‌ بۆ شیعر و لێكۆڵینه‌وه‌) ده‌ستى به‌كاره‌كانى كرد. 

ساڵح هه‌لاج، به‌رپرسی ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌دیبان و نووسه‌رانی كه‌لار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: مه‌به‌ستیان له‌م جۆره‌ چالاكییانه‌ خزمه‌تكردنى نووسەران و ئه‌دیبان و شاعیرانه‌ و كۆكردنه‌وه‌یانە بۆ كارى هاوبه‌ش و پێشكه‌شكردنى به‌رهه‌مه‌ جۆراوجۆره‌كان.  

وتیشی: "ئه‌م چالاكییه‌ى ناوه‌نده‌كه‌یان ئه‌نجامدانی ئه‌م دیداره‌یه‌ كه‌ جگه‌ له‌ نووسه‌ران و ئه‌دیبانی ناوچه‌كه‌ چه‌ندین نووسه‌ر و ئه‌دیبی گه‌وره‌ی كورد له‌ شاره‌كانی تر و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان تیایدا به‌شدارن و بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ به‌ چالاكی جۆراو جۆر به‌رده‌وام ده‌بێت".
 
ده‌ستپێكى دیداره‌كه‌ به‌ پێشانگەیه‌كی په‌یكه‌رتاشی هونه‌رمه‌ند (به‌یان مانی) ده‌ستیپێكرد و تیایدا ژماره‌یه‌ك په‌یكه‌ر نمایشكران، هه‌روه‌ها له‌ لایه‌ن رۆماننووس خه‌سره‌و جاف په‌خشان خوێندرایه‌وه‌ و دواتریش چه‌ند پانێلێك تایبه‌ت به‌ زمان و ئه‌ده‌بی كوردی سازدران تیایدا له‌لایه‌ن پسپۆرانه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ پێشكه‌شكران.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure