شەڕ لەنێوان سوپاى ئه‌مریكا و ئەم وڵاتە روویدا

هەواڵ / جیهان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 6441‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

له‌ ئه‌نجامى دروستبوونى شه‌ڕ له‌ نێوان سوپاى ئه‌مریكا و سوریا، له‌ گوندى خڕبه‌ت عه‌مۆ له‌ باشوورى خۆرهه‌ڵاتى شارى قامیشلۆ، سه‌ربازێكى سوریا كوژرا و كه‌سێكى مه‌ده‌نى بریندار بوو.


‌تیرێژ شیار، له‌ناوه‌ندى راگه‌یاندنى یەکینه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌) له‌ شارى قامیشلۆ بۆ دواڕۆژ وتى: "له‌كاتى ده‌ركه‌وتنى ده‌ورییه‌یه‌كى هێزه‌كانى سوپاى ئه‌مریكا له‌ شارى قامیشلۆ، ئه‌و هێزه ئه‌مریكییه‌ چووه‌ گوندى خڕبه‌ت عه‌مۆ-ى، عه‌ره‌ب نشین كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵى هێزه‌كانى رژێمى سوریادایه‌".

وتیشى: "كاتێك ئه‌مریكییه‌كان چوونه‌ ناو گوندەکە،‌ خه‌ڵكی گوندەکە به‌ به‌رد هێرشیان كرده‌ سه‌ر زرێپۆشى ئه‌مریكییه‌كان، هێزه‌كانى رژێمى سوریاش له‌ بازگه‌ى خۆیان رێگەیان به‌ ئه‌مریكییەكان نه‌دا، بۆیه‌ شه‌ڕ له‌ نێوان سوپاى ئه‌مریكا و سوریا دروستبوو".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "له‌ئه‌نجامى ئه‌و شه‌ڕه‌ سه‌ربازێكى (به‌رگرى نیشتمانى) رژێمى سوریا كوژرا و كه‌سێكى مه‌ده‌نى برینداربوو، به‌ڵام هیچ زیانێكى گیانى به‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا نه‌كه‌وت".

ده‌ربا‌ره‌ى دواین زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ تیرێژ شیار ئاماژه‌ی بەوە كرد: "هێزێكى رووسى بۆ ناوبژی و هێوركردنه‌وه‌ی دۆخەکە گه‌یشته‌ شوێنى شه‌ڕه‌كه‌، به‌ڵام به‌هۆى كۆبوونه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ خه‌ڵك فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانى ئه‌مریكا (دیوارى ده‌نگی)یان بۆ ترساندنى خه‌ڵك به‌كارهێنا و كاتژمێر 2:30 خولەک، ئه‌و هێزه‌ى ئه‌مریكا له‌ گوندى خڕبه‌ت عه‌مۆ ده‌رچوون".

بۆ جارى یه‌كه‌مه‌ شه‌ڕێكى به‌مشێوه‌یه‌ له‌ نێوان سوپاى ئه‌مریكا و رژێمى سوریا له‌ خۆرئاواى كوردستان رووده‌دات.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure