"لەبۆنە تایبەتەكاندا بە بەهای ملیۆنان دۆلار گوڵ دەفرۆشرێت"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 439‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

ئامانج خۆی ئامادەكردووە بۆ ئەوەی لەڕۆژی ڤالانتایندا گوڵێكی سوور پێشكەشی خۆشەویستەكەی بكات و پەیامەكەیان نوێ بكەنەوە، بەوتەی گوڵفرۆشێكیش لەبۆنەكاندا بەبەهای ملیۆنان دۆلار گوڵ دەفرۆشرێت.


رۆژی 14ی شوباتی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانی عاشقانە كە لەجیهاندا بە (ڤالانتاین) ناسراوە، لەزۆربەی وڵاتان و هەرێمی كوردستانیش بەشێوەی تایبەت عاشقان و تەنانەت خێزانەكانیش یادی ئەو رۆژە دەكەنەوە و دیارترین دیاریش پێشكەشكردنی گوڵێكی سوورە بەیەكدی. 

ئامانج عەلی، گەنجێكی تەمەن 25 ساڵە و دەرچووی زانكۆیە و لەكەرتی تایبەت كار دەکات، ئەو وەک خۆی دەڵێت بۆ یەكەمجارە لەژیانیدا لەڕۆژی ڤالانتایندا گوڵی سوور پێشكەشی خۆشەویستەكەی بكات.

ئامانج وتی: "نزیكەی شەش مانگە خۆشەویستم هەیە و بەنیازین هاوسەرگیریش بكەین، بۆیە دڵم خۆشە ئەمساڵ لەڕۆژی ڤالانتایندا دەتوانم گوڵی سوور پێشكەشی خۆشەویستەكەم بكەم، بێگومان ئەویش دیاریم پێشكەش دەكاتەوە".

جاران لەشاری سلێمانی دوكانەكانی فرۆشتنی گوڵ بەپەنجەی دەستێك دەبژێردران، بەڵام ئێستا لەزۆربەی شەقامە گشتی و لاوەكییەكان دوكانی فرۆشتنی گوڵ كراوەتەوە، بەجۆرێك بەقسەی هەندێك لەدوكانداران ئێستا نزیكەی 35 تا 40 دوكانی فرۆشتنی گوڵ هەیە.

هەڵۆ قادر، خاوەنی پێشانگەی جەمشید بۆ فرۆشتنی گوڵ بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: ئێستا دوكانی گوڵفرۆشتن زۆر زیادیكردووە، چونكە ئیشێكی جوانە، بۆ خۆشی و ناخۆشی بەكاردێت، بۆ نموونە خەڵكی بۆ ڤالانتاین و پرسەش بەكاری دێنن، دەتوانن بڵێین ئێستا بووەتە بزنس-یش، بگرە وڵاتێكی وەك هۆڵەندا هەموو داهاتی لەسەر گوڵە، هەرێمی كوردستانیش 80%ی هاوردەی لەسەر گوڵی ئێرانە، دواتریش هەندێك گوڵی دیكە لەهۆڵەنداوە دێت.

هاوكار رەئوف، خاوەنی دوكانێكی گوڵفرۆشتنە لەشاری سلێمانی بۆ دواڕۆژ باسی لەوەكرد: لەم مانگەوە تا مانگی ئایاریش دەبێتە جەژنی گوڵفرۆشەكان، چونكە هەم جەژنی ڤالانتاین و هەمیش ئاهەنگی دەرچوونی خوێندكاران بەڕێوەیە كە پێویستییان بەگوڵە، ئەمە جگە لەوەی گوڵ دەبرێت بۆ لای نەخۆشیش.

هاوكار لەكاتی قسەكانیدا سەرقاڵی پێچەوانەی گوڵێك بوو لەگەڵ نووسینێك لەسەری و بەپێكەنینەوە وتی: "ئەمە گەنجێك لەئەوروپاوە داوایكردووە لێرە گوڵ بگەیەنینە دەستی خۆشەویستەكەی و پارچە هۆنراوەیەكیشی لەسەر بنووسین".

بەوتەی ئەو گوڵفرۆشە، ئەوان هەفتانە گوڵیان بۆ دێت، چونكە گوڵیش بۆ ماوەی هەفتەیەك توانای مانەوەی هەیە و دەبێت لەو ماوەیەدا ساغی بكەنەوە، بەبۆچوونی ئەو لەهەفتەیەكدا نزیكەی یەك ملیۆن گوڵی (رۆز) لەكینیاوە دێتە عێراق، جگە لەگوڵەكانی دیكە، بۆیە لەبۆنەكانی ڤالانتاین و ئاهەنگی دەرچوونی خوێندكاران داهاتی گوڵ دەگاتە ملیۆنان دۆلار.

بەپێی ئاماری رەسمی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان كە بە دواڕۆژ دراوە، لەنزیكەی 9 تا 10 وڵاتەوە گوڵ هاوردەی كوردستان دەكرێت، بەپلەی یەكەم هۆڵەندا پاشان توركیا، چین، ئێران و بولگاریا.

مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی گشتی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: ئێستا بەشێوەیەكی فراوان دەستكراوە بەهاوردە و فرۆشتنی گوڵ و لەهەموو شوێنە گشتییەكان دانراوە، بەڵام بەوردی ناتوانن دیاری بكەن مانگانە بەبەهای چەند گوڵ هاوردە دەكرێت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure