دواڕۆژ زانیاری ورد لەبارەی دۆخی یەكێتی ئاشكرا دەكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1564‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی هۆگر كەمال

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرایدەكات كە ناكۆكییەكانیان گەیشتۆتە لێكتێگەیشتن و لە دوو رۆژی داهاتوودا چارەسەری هەموو پرسە ناوخۆییەكانیان دەكەن و رێكدەكەون.

ئارام قادر خەبات، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بە دواڕۆژی وت: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەردەوام بوو، وەك دژایەتی بۆ داواكارییەكەی كۆسرەت رەسوڵ نا، بەڵكو ئێمە بەردەوام بووین لە گفتوگۆی ماددەكانی پەیڕەو و پەسەند كردنی".

وتیشی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بە كۆی دەنگ مەكتەبی كۆمەڵایەتیشمان زیاد كرد و ئێستا مەكتەبەكان بریتین لە 10 مەكتەب، كە ئەوانیش (رێكخستن، راگەیاندن، بیر و هۆشیاری، شەهیدان و تێكۆشەرە دێرینەكان، كۆمەڵایەتی، دارایی، رێكخراوە دیموكراتیەكان، ناوەندی دەرەوە)".

ئاماژەی بەوەشدا "هەر ئەمڕۆ گفتوگۆمان لەبارەی هەرێمەكان كرد، كە داواكاری ئەنجومەنی باڵای سیاسییە دروست بكرێت، بڕیارماندا دروست بكرێت و ناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی شارەكان بێت، كە تا ئێستا پێشنیاز كراوە ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەم شوێنانە هەبێت (ئەنجومەنی سەركردایەتی هەولێر و مەخمور و كۆیە، سلێمانی و چەمچەماڵ، كەركوك و خورماتوو، هەڵەبجە و شارەزوور و پێنجوێن، دهۆك و موسڵ و شەنگال، ڕاپەڕین و سۆران) لە كۆبوونەوەی سبەینێ‌ گفتوگۆی لەبارەوە دەكەین و پەسەندی دەكەین".
 
ئارام قادر خەبات، ئاماژەی بەوەشدا "راستە ناكۆكی لەسەر دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و پرسی هەرێمەكان و سیستمی هاوسەرۆكی هەبوو، بۆیە ئێوارەی دوێنێ‌ سێشەممە كاك كۆسرەت ئەو نامەیەی ئاراستەی ئەنجومەنی سەركردایەتی كردبوو".

باسی لەوەشكرد "هەر ئەمڕۆ دوو جار بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی كۆبوونەتەوە و ئەمڕۆ شتەكان لەچاو دوێنێ‌ زۆر گۆڕاوە و نزیكین لە رێككەوتن".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، جەختیشی كردەوە "ناكۆكییەكان زۆر نزیكن لە چارەسەر و لە دوو رۆژی داهاتوودا دەگەینە رێككەوتن و هەموو بابەتەكان كۆتایی پێدێنین، كۆبوونەوەكانی كۆسرەت رەسوڵ و بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی زۆر زۆر باش و سەركەوتوو بووە و گفتوگۆكانیشیان بەردەوام دەبێت تا ئاستی رێككەوتنی تەواو لەبارەی پرسەكان".

ئارام، روونیشیكردەوە "ئەنجومەنی باڵای سیاسی داوای دەسەڵاتی زۆر و دروستكردنی هەرێمەكان دەكەن، بەڵام دەبێت بە دەنگدان پەسەند بکرێت، ئێمەش ئەمڕۆ دروستكردنی هەرێمەكانمان پەسەندكرد و هەر ئەوە ماوە بڕیار لە رێژەكەیان و شوێنەكان بدەین سبەینێ‌".

سەركردەكەی یەكێتی، ئەوەی بە درۆ خستەوە كە نوێنەری ئێران سەردانی كۆسرەت رەسوڵی كردبێت لە بارەی كێشەكانی یەكێتی و وتی: "ئێمە دەڵێین ناكۆكی هەیە لە فەراغی مام جەلال و ناكۆكییەكان زۆر نزیكن لە چارەسەر لەناوخۆی یەكێتی بە ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی باڵای سیاسیشەوە، چونكە كۆسرەت رەسوڵ كەسێكی تێكۆشەرە و جێگەی شانازیمانە، بۆیە نە هیچ هێزێكی ئیقلیمی و ناوخۆیی ناتوانن دەستوەربدەنە كاروباری ناوخۆی یەكێتی و ئەوەی دەوترێت پڕوپاگەندەیە و ئێمە لە ناوخۆی یەكێتی بە یەكدەست گرفتەكانمان چارەسەر دەكەین".

سەبارەت بەوەی تاچەند ئەوە راستە كە قوباد تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كردبێت، بۆ وەرگرتنی رەزامەندی ئەو لەسەر هاوسەرۆكەكانی یەكێتی، ئارام قادر خەبات، وتی: "قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمە و زۆر ئاساییە سەردانی مەسعود بارزانی بكات، بەڵام بەهیچ شێوەیەك شتی وانییە پرس بەو یان كەسێكی تر بكات یان بكرێت لەبارەی دانانی هاوسەرۆك بۆ یەكێتی، چونكە ئەوە پرسێكی ناوخۆی خۆمانە و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت دەستوەردانی تێدا بكات جگە لە یەكێتییەكان".

دووپاتیشی كردەوە "كۆبوونەوەكانمان بەردەوام دەبێت و تا ئێستا 69 مادەی پەیڕەومان پەسەندكردووە و پێشنیوەڕۆی سبەینێ‌ پێنجشەممەش كۆدەبینەوە و هەموو ناكۆكییەكان لە دوو رۆژی داهاتوو بە گفتوگۆ چارەسەر دەكرێن و هیچ كەسێك لای ئێمە ئاوت نییە و نابێت و ماددەكانی پەیڕەو تەواو دەكەین و بە هەموومان دەست لەناو دەست بۆ بەرنامەی نوێی یەكێتی و خزمەتی هاوڵاتیانی كوردستان".

ئارام قادر خەبات، ئاشكراشیكرد "هەیكەلی داهاتووی یەكێتی بەجۆرێكە كە دوو هاوسەرۆك و دوو جێگر دەبێت، ئێستا ناوی بەرهەم ساڵحیش دەهێنرێتەوە و ئەگەر هەیە بكرێتە سێ‌ هاوسەرۆك، ئەوەش دەبێت ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاری لێبدات، هەروەها سێ‌ كەس دادەنرێت بۆ دەستەی كارگێڕی، مەكتەبی سیاسیش دادەنرێت كە لە 10 بەرپرسی مەكتەب و سەرپەرشتیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شارەكان پێكدێن".

ئەوەشی باس كرد، كە لە دوای ئەنجومەنی سەركردایەتی شارەكان مەڵبەند دەبێت، كە دەبێت بەرپرسی مەڵبەندەكان و ئەنجومەنی سەركردایەتی شارەكان و كۆمسیۆنەكان و مەكتەبەكانیش ئەندامی سەركردایەتی بن.
 
تەئكیدیشی كردەوە "هەر كاتێك پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بەتەواوی پەسەندكرا، ئەوا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكان دەكرێتەوە و بە دەنگدانی نهێنی لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی پۆستەكان لە هاوسەرۆكەوە تا كۆتایی یەكلایی دەكرێنەوە".

شەوی رابردوو كۆسرەت رەسوڵ، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی، نامەیەكی بەپەلەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كرد و داوای لێكردن كۆبوونەوەكانیان رابگرن و لەبەر دۆخی یەكێتی دەستبكەن بە گفتوگۆ لەبارەی پرسەكانی ناوخۆی یەكێتی.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆتا مانگی ساڵی رابردوو چوارەمین كۆنگرەی خۆی بەست و تێیدا بە كۆی دەنگ ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەستنیشان كرد و دواتر بە هەڵبژاردن ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژارد.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure