رێكخراوێك چارەسەری نەخۆشانی هەژار دەكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 159‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، تابان رەزا


زاد رێكخراوێكی خێرخوازی  تەندروستییە و  هاوكاری نەخۆشانی كەمدەرامەت و هەژار دەكات، ئەویش لەڕێگەی چارەسەر بەنەشتەرگەری، هەموو رۆژانی شەممەیەك پشكنین بۆ نەخۆشەكان لەلایەن لیژنەیەكی پزیشكییەوە ئەنجامدەدرێت، ئەم رێكخراوە زیاتر پشت بەهاوكاری مرۆیی دەبەستێت و لەلایەن خەڵكی خێرخوازەوە هاوكاری دارایی دەكرێت،  تائێستا 280 نەشتەرگەرییان بۆ نەخۆش كردووە و بڕیارە لەئایندەدا سەنتەرێكی مەمۆگرافی بۆخزمەتی خانمان لە دەڤەری گەرمیان بكەنەوە.

عومەر ڕەشید، بەرپرسی راگەیاندنی رێكخراوی زاد بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ڕێكخراوی زاد  رێكخراوێكی قازانج نەویستە و لەكۆمەڵێك ئەندام و چین و توێژی جیاواز پێكهاتووە، كەهەموویان خۆبەخشن، بەدروشمی (زاد بۆ ژیانەوەی ئادەزمیزاد) لە 18/11/2018  خۆی راگەیاندووە، تەنها  ئامانجیان هەوڵدانە بۆ خزمەتی مرۆڤ و لەو چوارچێوەیەدا كۆشش دەكەن بۆ چارەسەری  نەخۆشە كەمدەرامەتەكان، بۆئەوەی بتوانن بە تەندروستییەكی باش و ژیانێكی شایستەوە بگەڕێنەوە  بۆ ناو خێزانەكانیان".

 وتیشی: "زاد رێكخراوێكی  خۆبەخشی خێرخوازی  تەندروستییە و  تەنها ئیش لە چارەسەری نەخۆشەكان دەكات ئەویش بەنەشتەرگەری". 

ئەو بەرپرسە، ئەوەشی بۆ دواڕۆژ باسكرد، هەموو رۆژانی شەممەیەك  نەخۆش دەبینرێت كە لیژنەیەك ئامادە دەبێت پشكنین بۆ ئەو كەسانە دەكات كە بەمەبەستی چارەسەر ڕوو لە رێكخراوەكە دەكەن، پاشان هەریەك لەو كەسانە دەنێردرێن بۆ لای پزیشكی تایبەتمەند ئەو پزیشكە بڕیار دەدات كە ئەم نەخۆشە پێویستی بەنەشتەرگەرییە یان نا، پاشان لەڕێگەی لیژنەیەكەوە سەردانی ئەو كەسە دەكەن تابزانرێت رێژەی هەژارییەكەی چەندە بەپێی ئەو رێژەیە یارمەتی دەدەرێت، هەر بۆیە ئەو كەسانە سودمەند دەبن كە نەخۆشن  و هەژارن و نەخۆشییەكەی پێویستی بە چارەسەر بێت. 

ناوبراو وتیشی: "رێكخراوەكە بنكەی سەرەكی لەشاری سلێمانییە و نوسینگەی لەزۆربەی شارو  یەكە ئیدارییەكانی تر كردۆتەوە و لە (هەولێر، هەڵەبجە، كەركوك، ئیدارەی راپەڕین و  گەرمیان) رێكخراوەكە چارەسەری ئەو  كەسانەی كردووە كە لەئێرانەوە هاتوون، هەروەها  ئەوانەی لەكەمپەكانن و پەنابەری  عەرەب و سووری، ئێزدیش كردووە بەبێ جیاوازی رەگەز و ئاین و نەتەوە.  

عومەر رەشید، بۆ دواڕۆژ ئاماژەی بەوەكرد،لەچوارچێوەی كارەكانی زاد هەموو رۆژانی سێشەمەیەك پشكنینی پیشوەختەی شێرپەنجەی مەمكیان بۆ خانمان بەبێ بەرامبەر دەكرد، بەڵام ماوەیەكە ئەو پرۆژەیە راگیراوە، بڕیارە  ئەمجارە بەشێوەیەكی باشتر دەستپێبكاتەوە، لەبەرنامەشیاندا هەیە سەنتەرەكی مەمۆگرافی دابنرێت بۆ ئەو مەبەستە، ئەگەری زۆرە كەسەنتەرەكە لەدەرەوەی شار دروست بكەین، چونكە خەڵكی دەرەوە كەمتر دەستی بە ناو شار دەگات و تا پزیشك بیبینێت، ئەگەری زۆریشە لە ئیدارەی گەرمیان دەستپێبكەین.

 وتیشی: "كارێكی تری رێكخراوەكە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستییە، كە ئەویش لەڕێگەی كۆڕ و سیمینار لە زانكۆ، پەیمانگە و قوتابخانە و شوێنە گشتییەكان دەبەستێت، تا كۆمەڵگەیەكی هۆشیار و  تەندروست پێبگەیەنێت". 

ئەم رێكخراوە زیاتر پشتی بەهاوكاری مرۆیی بەستووە لەلایەن خەڵكی خێرخوازەوە هاوكاری دارایی دەكرێت، هەروەها لەشاری سلێمانی 40-50 پزیشك هاوكاری ئەم رێكخراوەیە و  چەند دەرمانخانە بەپێدانی دەرمان بەنەخۆشەكان هاوكارییان دەكات و تاقیگەكانیش بەهەمان شێوە، لەگەڵ نەخۆشخانەكانیش پەیوەندییان هەیە هاوكاریانن، عومەر رەشید وای وت.

ئەو بەرپرسە  بۆ دواڕۆژ دەشڵێت: "لەبارەی كارەكانی رێكخراوەكەوە وتی: "زاد تا ئێستا نزیكەی 280 نەشتەرگەرییان بۆ نەخۆش كردووە و نزیكی 380 بۆ 370 هاوكاری نەخۆشیان كردووە لەڕێگەی پشكنین و دەرمانەوە، تائێستا نزیكەی هەزار و 300 نەخۆش لە رێكخراوەكە بینراوە".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure