كلیلى گێڕانه‌وه‌كانى په‌یوه‌ندى ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ واشينتۆندا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 184‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

هه‌ڵوێست و دید و بۆچوونى دژبه‌یه‌ك له‌نێوان مۆسكۆ و ئه‌نقه‌ره‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى سوریا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكى هه‌ستیار به‌تایبه‌ت پاش لێكه‌وته‌كانى كوشتنى سێ سه‌ربازى تورك له‌ هه‌فته‌ى رابوردوودا، كه‌ له‌ ئاكامى هێرشێكى هێزه‌كانى سوریا بۆسه‌ر پێگه‌كانیان له‌ شارى ئیدلیب گیانیان له‌ده‌ستدا و هێزه‌كانى سوریا به‌ ئاشكرا پشتیوانیان لێده‌كرێت له‌لایه‌ن مۆسكۆوه‌.


رادیۆى ده‌نگى ئه‌مریكى راپۆرتێكى سه‌باره‌ت به‌م گرژى و ئاڵۆزیانه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند زیادبوونى ناكۆكیه‌كانى نێوان مۆسكۆ و ئه‌نقه‌ره‌ وه‌ك ده‌رفه‌تێك سه‌یر ده‌كرێت بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندیه‌ خراپه‌كانى له‌گه‌ڵ توركیادا پێ چاك بكات.

راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت ئه‌ردۆگان ده‌ڵێت گه‌شته‌ دوو رۆژه‌ییه‌كه‌ى بۆ ئۆكرانیا وه‌ك گوشارێك به‌كارهێنا دژى مۆسكۆ. كه‌ تیایدا ئه‌ردۆگان ئیدانه‌ى داگیركردنى نیمچه‌ دورگه‌ى قرمى كرد له‌لایه‌ن مۆسكۆوه‌. هه‌روه‌ها رێكه‌وتنێكى سه‌ربازیى له‌گه‌ڵ ئۆكرانیادا ئیمزاكرد.

پسپۆڕانى كاروبارى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ڵێن هه‌ڵكشانى ناكۆكییه‌كان له‌نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و مۆسكۆدا به‌ ره‌چاوكردنى ئه‌م گه‌شته‌ى ئه‌ردۆگان بۆ ئۆكرانیا ده‌گه‌ینه‌ خاڵێك كه‌ ئیتر ورده‌ ورده‌ دۆستایه‌تى نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و مۆسكۆ به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت. روسه‌كان به‌مه‌ دڵخۆش نین و تاقه‌ براوه‌ى ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ واشینتۆنه‌. پێشتر په‌یوه‌ندى توركیا به‌ روسیاوه‌  هێنده‌ توندوتۆڵ بوو كه‌ نیگه‌رانیه‌كى زۆرى له‌ په‌یمانى ناتۆدا دروست كرد و ئه‌مریكا به‌ نیازى سه‌پاندنى كۆمه‌ڵێك سزاى قورس بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ سیستمى موشه‌كیى پێشكه‌وتووى روسیاى كڕیوه‌.

چاودێره‌ سیاسییه‌كان ده‌ڵێن ئه‌و هێرشه‌ى كه‌ هێزه‌كانى توركیا له‌ سوریادا كرایه‌ سه‌ریان ره‌نگه‌ ده‌رگا به‌ رووى په‌یوه‌ندیه‌كانى توركیا و ئه‌مریكا بكاته‌وه‌.

ئه‌وانه‌ى شاره‌زاى سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستى ئه‌ردۆگانن ده‌ڵێن هه‌موو گۆڕان و وه‌رچه‌رخانێكى لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌ردۆگان بۆ باوه‌شى ناتۆ و ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ كه‌وتووه‌. پێده‌چێت ئه‌ردۆگان هێشتا بڕیارى نه‌دابێت په‌ته‌كه‌ له‌گه‌ڵ مۆسكۆدا به‌ته‌واوى بپچڕێنێت بۆیه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌ ئۆكرانیا به‌ رۆژنامه‌نووسه‌كانى راگه‌یاند له‌ ساته‌وه‌ختى ئێستادا پێویستمان به‌وه‌ نییه‌ بچینه‌ ناو ململانێ و دژایه‌تیه‌كى ترسناكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ روسیادا.

ئه‌ردۆگان ده‌ڵێت ناتوانین چاوپۆشى له‌ هاوبه‌شیه‌ ستراتیجیه‌كه‌مان بكه‌ین له‌گه‌ڵ روسیادا بۆیه‌ له‌گه‌ڵیدا داده‌نیشین و گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ده‌كه‌ین. ئێمه‌ به‌ تووڕه‌یى ئه‌و كاره‌ ناكه‌ین چونكه‌ زیانى لێده‌كه‌وێته‌وه‌. دیاره‌ په‌یوه‌ندى توركیا له‌گه‌ڵ روسیادا ئاڵۆز و گرنگه‌. زیاتر له‌ 50%ى پێویستیه‌كانى توركیا له‌ بوارى غازدا روسیا دابینى ده‌كات. 

هه‌روه‌ها كۆمپانیایه‌كى روسى سه‌رگه‌رمى دروستكردنى یه‌كه‌مین ئێزگه‌ى وزه‌ى ئه‌تۆمیه‌ له‌ توركیادا. هه‌ر دوێنێش ئه‌ردۆگان جه‌ختى كرده‌وه‌ له‌سه‌ر بایه‌خى سیستمه‌ موشه‌كیه‌كه‌ى روسیا كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ كڕیویه‌تى. ئه‌م قسه‌یه‌ واشینتۆنى نائومێد كردووه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ واز له‌ مامه‌ڵه‌كه‌ بهێنێت.

وتاره‌كه‌ ده‌ڵێت په‌یوه‌ندى تایبه‌تى ئه‌ردۆگان به‌ پۆتینه‌وه‌ بزوێنه‌رى نزیكبوونه‌وه‌ى ئه‌نقه‌ره‌یه‌ له‌ مۆسكۆ. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا توركیا به‌رده‌وام گومانى هه‌یه‌ له‌ سیاسه‌ت و مه‌به‌سته‌كانى واشینتۆن له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، بۆیه‌ تا پێى بكرێت په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ روسیادا ده‌پارێزێت. یه‌كێك له‌ ناكۆكیه‌ سه‌ره‌كیه‌كان هێزه‌كانى سوریاى دیموكراته‌ كه‌ واشینتۆن پشتیوانى لێده‌كات له‌ شه‌ڕى دژه‌تیرۆردا و ئه‌م بایه‌خ پێدانه‌ توركیاى نیگه‌رانى كردووه‌، ئه‌و توركیایه‌ى كه‌ هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات به‌ هێزێكى تیرۆریست له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و ده‌ڵێت په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ پارتى كرێكارانى كوردستانه‌وه‌.

ئه‌ردۆگان پشتیوانیكردنى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌ ده‌زانێت بۆسه‌ر توركیا و پێى وایه‌ له‌ كۆتاییدا ئه‌م پشتیوانیه‌ ده‌بێته‌ هۆى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆى كوردى.

خاڵێكى هاوبه‌شى گرنگ له‌نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و مۆسكۆدا پاراستنى یه‌كپارچه‌یى خاكى سوریایه‌، كه‌ هیچ رێكه‌وتنێكى له‌وجۆره‌ له‌نێوان توركیا و ئه‌مریكادا نیه‌. هه‌موو ئه‌م راستیانه‌ ئاماژه‌ن بۆ هه‌ستیاریى و ئاڵۆزى مه‌سه‌له‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و نیشانه‌ى ئه‌وه‌ن كه‌ چاككردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و واشینتۆن كارێكى زۆر سه‌خته‌. 

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure