ورده‌كارى نوێ له‌باره‌ى كوشتنه‌كه‌ى سلێمانى و موهه‌ندیس ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / عێراق :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 980‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

دواى تێپه‌ڕبوونى چل رۆژ به‌سه‌ر كوشتنیاندا، ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رز ورده‌كارى نوێى له‌باره‌ى كوژرانى هه‌ره‌یه‌ك له‌ قاسم سلێمانى و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیسه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.


ئاژانسه‌كه‌ (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12ى شوباتى 2020) لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى وردى له‌باره‌ى رووداوه‌كه‌ى مانگى رابوردووى نزیك فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غداى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ كردووه‌، ئاشكرایكردووه‌: دواى ماوه‌یه‌كى كورت له‌ كوشتنى قاسم سلێمانى، فه‌رمانده‌ى سه‌ربازى ئێرانى به‌ فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وانى ئه‌مریكى له‌ عێراق، حیزبوڵڵاى لوبنانى كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتى ده‌كرێت، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى به‌په‌له‌ى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى عێراقدا ئه‌نجامداوه‌، ئه‌وه‌ش بۆ یه‌كخستنى ریزه‌كانى ئه‌و گروپانه‌، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و بۆشاییه‌ى كه‌ كوشتنى سلێمانى جێیهێشت.

رۆیته‌رز له‌ دوو سه‌رچاوه‌ى ئاگادارى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌: كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ ئامانجى هه‌ماهه‌نگى هه‌وڵه‌ سیاسییه‌كانى ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارییانه‌ بووه‌، كه‌ زۆرجار دابه‌شبوونیان پێوه‌دیاره‌، به‌هۆى ئه‌و هێرشه‌ى رۆژى 3ى كانونى دووه‌مى 2020ه‌وه‌ كه‌ له‌ ئاكامیدا نه‌ك ته‌نها قاسم سلێمانی-یان له‌ده‌ستدا، به‌ڵكو سه‌ركرده‌یه‌كى سه‌ربازى دیاریان له‌ده‌ستدا، كه‌ رۆڵى گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌ یه‌كخستنى گروپه‌كان، كه‌ ئه‌ویش ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس بوو.

جگه‌ له‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌، دوو سه‌رچاوه‌ى ترى ناو هاوپه‌یمانییه‌ك كه‌له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتى ده‌كرێن، رونیانكردوه‌ته‌وه‌: حیزبوڵڵا كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ وه‌ك رێكخراوێكى تیرۆرستى پۆلێن ده‌كرێت، هاتۆته‌ پێش بۆ پێشكه‌شكردنى یارمه‌تى له‌باره‌ى پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆشاییه‌ى سلێمانى جێیهێشتوه‌، ئه‌وه‌نده‌ى په‌یوه‌ست بێت به‌ پێدانى رێنمایى به‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌وه‌.

هه‌موو سه‌رچاوه‌كان، كه‌ به‌و مه‌رجه‌ قسه‌یان بۆ رۆیته‌رز كردووه‌ كه‌ ناویان بڵاونه‌كرێته‌وه‌، تیشكیان خستۆته‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ ئێران و گروپه‌ هاوپه‌یمانه‌كانى هه‌وڵده‌ده‌ن، ئه‌و رێگه‌یه‌ په‌ره‌پێبده‌ن و به‌هێزبكه‌ن، كه‌ كۆنتڕۆڵى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بكه‌ن، به‌تایبه‌ت دواى كوشتنى سلێمانى، به‌پێى وته‌ى یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كان، سلێمانى ده‌ستوه‌ردانى كردووه‌ له‌ كێشه‌كانى عێراق و چه‌ند مانگێك پێش كوشتنى له‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ گروپه‌ چه‌كداره‌كاندا كۆبوونه‌وه‌ى كردووه‌، له‌ كاتێكدا تاران هه‌وڵیداوه‌ به‌رگرى له‌ هاوپه‌یمانه‌كانى بكات.

به‌پێى سه‌رچاوه‌كان، كۆبوونه‌وه‌كه‌ى حیزبوڵڵاى لوبنانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق، دواى چه‌ند رۆژێك له‌ كوشتنى قاسم سلێمانى ده‌ستى پێكردووه‌، یه‌كێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كان جه‌ختى له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ بگه‌نه‌ پلانێكى یه‌كگرتوو بۆ كۆنتڕۆڵكردنى خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانى عێراق.

به‌پێى ئه‌وه‌ى رۆیته‌رز له‌ سه‌رچاوه‌كانى نزیك له‌ ئێرانه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌: هاتنه‌سه‌ر هێڵى حیزبوڵڵاى لوبنانى بۆ راسپارده‌ و رێنمایى سیاسییه‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستى فه‌راهه‌مكردن و دابینكردنى هێزى مرۆیى و چه‌ك و جبه‌خانه‌وه‌، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى كوشتنى سلێمانى.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌: گروپه‌ عێراقییه‌كان وه‌ڵامى هێرشه‌كه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌، بۆیه‌ بۆ كاتژمێرى سفر خۆیان ئاماده‌كردووه‌ و پێویستیان به‌ حیزبوڵڵاى لوبنانى نییه‌، چونكه‌ تواناى شه‌ڕ و ئه‌زمون و هێزى مرۆیى و لێهاتوویى ئاگرینیان هه‌یه‌.

به‌رپرسێكى نزیك له‌ ئێرانیش وتوویه‌تى: رێنماییه‌كانى حیزبوڵڵا بۆ گروپه‌ چه‌كدارییه‌ عێراقییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت، تا ئه‌وكاته‌ى سه‌ركرده‌یه‌كى نوێ له‌ فه‌یله‌قى قودس، به‌رپرسیارێتى كارى گروپه‌كانى عێراق و كێشه‌ عێراقییه‌كان ده‌گرێته‌ئه‌ستۆ.

پ: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure