حکومەت دوو ملیار و 500 ملیۆنی لە پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا وەرگرتووە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 608‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 


رۆژی 24ی کانوونی یەکەمی 2019 وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرەسمی بریاریدا بە کردنەوەی خوێندنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، ماوەی یەک مانگیشی دانا بۆ پێشکەشکردنی داواکاری خوێندن، لەوماوەیەوەشدا راگەیاند، کە 11 هەزار و 242 خوێندکار داواکاریان پێشکەشکردوە و کێبڕکێ لەسەر پێنج هەزار کورسی خوێندن دەکەن.

دوای ئەوەی رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2020 بەرەسمی وادەی پێشکەشکردن دەستیپێکرد بۆ خوێندنی باڵا لە هەرسێ ئاستی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانی هەرێمی کوردستان، دوا وادەش رۆژی دووشەممە 10ی شوباتی 2020، کە هاوکات  خوێندکاران تاقیکردنەوەی توانستی زانستیان ئەنجامدا، وەزیری خوێندنی باڵاش هێمای بۆ ئەوە کرد: 11 هەزار و 242 خوێندکار فۆرمی داواکاری خوێندنیان پڕکردۆتەوە و کێبڕکێ لەسەر پێنج هەزار کورسی دەکەن لە 15 زانکۆی حکومی لەهەرێمی کوردستان.

دوای وەستانی پرۆژەی تواناسازی ساڵانە رێژەیەکی زۆر خوێندکاران دەڕۆیشتنە دەرەوە بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا ، ئەوەش رێژەیەکی زۆر پارەی هەرێمی دەبردە دەرەوەو داهاتەکەشی بۆ حکومەتی هەرێم نەبوو، بەڵام بە کردنەوەی خوێندنی باڵا لەهەرێم ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار دینار داهاتی حکومەتی هەرێم دەبێت.

 لەوبارەیەوە دکتۆر رەشید عومەر ، مامۆستای زانکۆی بۆ دواڕۆژ دەڵێت: حکومەتی هەرێم کارێکی باشیکرد کە لەناوخۆ خوێندنی باڵای کردەوە کۆمەڵێک لایەنی باشی هەیە، جگە لە داهاتی دارایی بۆ حکومەت هاوکات لایەنی تریشی هەیە، لەمەو دوا ساڵانە حکومەتی هەرێم بڕی دوو ،ملیار دیناری عێراقی داهاتی دەبێت.

دکتۆر رەشید عومەر کە هاوکات ئابوریناسیشە وتیشی: بەپێی زانیاریەکانی ئێمە لەماوەی چوار ساڵی رابوردوو زیاتر لە 21 هەزار خوێندکار لەدەرەوە ماستەر و دکتۆرایان خوێندووە ئەوانە ئەگەر هەریەکەیان بڕی 10 هەزار دۆلاریان خەرجکردبێت کە بێگومان هەموویان لەو رێژەیە زیاتر خەرجیانکردوە، ئەوا دەکاتە 210 ملیۆن دۆلار واتا ئەو پارەیە هیچی بۆ حکومەتی هەرێم نەبووە، جگە لەوەی بەشێک لە بڕوانامەکان ئاستی زانستیان نزم بووە یان هەبوو بە پارە دەکڕدران یاخود لە ئاستێکی خراپی کوالێتیدا بوون، بۆیە کردنەوەی ماستەر و دکتۆرا لەهەرێم هەم سودی زانستیی هەیە و هەمیش داهاتێکی باش بۆ حکومەت وەدەست دەخات، بەپێی زنیاریەکانی ئێمە هەندیک خوێندکار تەنیا کاتی تاقیکردنەوەکان دەڕۆیشتنە وڵاتانی دەورووبەر و دواتریش بڕوانامەکەیان وەردەگرت.

لەبارەی پرۆسەکە و هۆکاری کردنەوەی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانید وتی: دواى چوار ساڵ چاوەڕوانى خوازیاران و پێشکەشکاران بۆ خوێندنى باڵا ئەمڕۆ بەخۆشحاڵیەوە پرۆسەى تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى لە زانکۆکانى کوردستان بۆ دبلۆمى باڵا و ماستەرو دکتۆرا کرایەوە، لەم قۆناخەدا بۆ هەرێمى کوردستان لە دواى پرۆژەى تواناسازى، یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانى هەرێمەکەمان بۆ پێگەیاندنى فێرخوازان و هەروەها لایەنی ئابووریش.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشی: ئەمساڵ (15) زانکۆى حکومى لە هەرێمى کوردستان ( 11 هەزار و 242 ) پێشکەشکار بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى کرد، کێبڕکێ لەسەر 5هەزار کورسی خوێندن دەکەن، بەجۆرێک  (1505) پێشکەشکار بۆ دبلۆمى باڵا و، (7343) پێشکەشکار بۆ ماستەرو، (2394) پێشکەشکار بۆ دکتۆرا.

بەپێی ئەو ئامارەی کە وەزیری خوێندنی باڵا لەبارەی ژمارەی خوێندکارانی بەشدار لە تاقیکردنەوە و ئەوانەی داواکاریان پێشکەشکردووە هەریەکەیان بڕی نزیکەی 215هەزار دیناری خەرجکردوە بەجۆرێک، 150 هەزار دینار بۆ داواکاری خوێندن و 50 هەزار دینار بۆ وەرگرتنەوەی بروانامە،15  هەزاریش خەرجی تری مامەڵەکانی پێشکەشکردن بەوپێیەش کۆی داهاتی ئەو خوێندکارانە دەکاتە ( 2ملیار و 417 ملیۆن و 30هەزار دینار)ی عیراقی ئەوە داهاتەش راستەوخۆ بۆ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە.


لەبارەی داهاتەکەوە وتەبێژی وەزارەtی خوێندنی باڵا عەباس ئەکرەم بۆ دواڕۆژ دەڵێت: هیچ برە پارەیەک ناگەڕێتەوە ناو دارایی و ژمێریاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرجەمی پارەکە وەک خۆی زانکۆکانەوە بەپێی میکانیزمی تایبەت دەدرێتە حکومەت کە ئێمە نازانین چەندین بۆ زانکۆکانە و چەندی بۆ حکومەتە ، چونکە رێنمایی تایبەت بەوە نەهاتووە.


بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دواڕۆژ دەستی کەوتووە، حکومەت لەو پارەیە دەستی کەوتووە هیچی ناداتە زانکۆکان و بەڵکو سەرجەمی بۆ وەزارەتی دارایی دەگێڕێتەوە و دواتر دەخرێتە خەزێنەی گشتی و حکومەتی دەتوانێت لە کەرتەکانی تر خەرجی بکات.

لەبارەی چۆنیەتی گەڕاندنەوە و وەرگرتنی پارەکە شەرمین مستەفا، بەرپرسی ژمێری یەکێک لە زانکۆ حکومیەکانی هەرێمی کوردستان تایبەت بۆ دواڕۆژ وتی: هیچ زانکۆیەک ناتوانێت هیج بڕە پارەیەک بگێڕێتەوە و خۆی خەرجی بکات، چونکە پارەی بڕواناکەمان کە 50 هەزار دینارە و پارەی پێشکەشکردن کە 150 هەزار دینارە هەردوو بە وەسڵ وەرگیراوە و وەزارەتی دارایی داوای وەسڵەکان و پارەکان دەکاتەوە، بۆیە وەسڵەکان چەند وەرگیرابێت دەبێت هێندە پارە رادەستی وەزارەتی دارایی بکەین ، لەبەر ئەوە سەدا سەدی پارەکە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و وەزارەتی دارایی مامەڵەی پێوەدەکات.

 

پێداچونەوە:ئەڤین



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure