هێلکەی "پیس" لەناو جەرگەی هەرێمدا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1276‌ جار بینراوە

دواڕۆژ: ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو

سەرباری زۆری ڕێژەی بەرهەمی هێلکەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێلکە لە تورکیا و ئێران هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بەشێک لەو هێلکانە بە قاچاخ هاوردە دەکرێن و تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە کێن ئەوانەی کاری قاچاخی هێلکە دەکەن، ئەو هێلکانەیش کە بەڕێگای نادرووست هاوردە دەکرێن نازانرێت تەندرووستن یان نا، لەبەرئەوەی بە کوالێتی کۆنترۆڵدا تێپەڕ نابن و ئەگەر هەڵگری هەر جۆرە میکرۆبێک بێت ئەوا بەو پیسییەوە دەرخواردی هاووڵاتیان دەدرێت.


هێلکەی تورکی لە ناوخاکی تورکیا کارتۆنی بە 2 دۆلارە و لە هەرێمی کوردستان بە پەنجا هەزار دینار دەفرۆشرێتەوە، هێلکەی خۆماڵیش کە لە کێڵگەکانی ناوخۆ بەرهەمدێت کارتۆنی لە 46 دۆلارەوە تاوەکو 56 دۆلارە بەپێی قەبارەی هێلکەکە کە گەورەترینی جۆری سوپەرە کە بە 56 دۆلارە.

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابوردوو بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی هێلکەی لە وڵاتان بۆ عێراق خستە بواری جێبەجێ کردنەوە هەرێمی کوردستانیش پابەندبوونی خۆی بەو بڕیارە ڕاگەیاند، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆش هێلکەی تورکیا و ئێران هاوردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەپێی یاسا هاوردەکردنی هێلکە لە مانگی 10ی ساڵی ڕابوردوو قەدەغە کراوە، بەڵام ئەوەی هەیە بەشێوەی قاچاغ هاوردە دەکرێت کە ئەوەش ئەرکی لایەنی ئەمنی و سنورەکانە ڕێگری لێبکەن تاوەکو هێلکەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی ناوحۆ زیاتر بێت لەبازاڕ و تەواوی کێڵگەکان بکەونە کار.

حوسێن حەمە کەریم، ئاماژەی بەوەشدا: بەهۆی ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان هێلکەی خۆماڵی واتا کێڵگەکانی ناوخۆ ناکڕن و نایخۆن و هاوڵاتیانی عەرەب زیاتر بەکاری دەهێنن بۆیە زۆرترین بەرهەمی ناوخۆ بۆ شارەکانی عێراق دەڕوات.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان ئەگەر هەموویان کار بکەن کە ژمارەیان 11 پڕۆژەیە، ساڵانە یەک ملیار ‌و 311 ملیۆن هێلكە بەرهەمیان هەیە، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانە پێویستی هەرێمی كوردستان بە هێلكە نزیكەی 800 ملیۆن هێلکەیە.

محەمەد خۆشناو، بازرگانێکی هاوردەکاری هێلکەیە بۆ دواڕۆژ چۆنیەتی هاوردەکردنی هێلکە بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "ڕاستە حکومەت هاوردەکردنی قەدەغە کردووە بەڵام ڕاستیەکەی قەدەغە کردن نییە بەڵکو وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زیاترە وەک باج چونکە جاران بۆ هاوردەکردنی بارێک هێلکە هەزار دۆلارمان وەک باج خەرج کردبا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار دۆلارمان لێوەردەگیرێت بەناوی بەرتیل بۆیە ئێمەش ناچارین بڕی پارەکە بخەینەوە سەر نرخی هێلکە".

محەمەد خۆشناو، نایشارێتەوە لە هەردوو زۆنی زەرد و سەوز هێلکە لە سنورەکان بەبڕیاری کاربەدەستان هاوردە دەکرێت و بە قازانج بە فرۆشیارانی بازاڕ دەفرۆشرێنەوە.

محەمەد خۆشناو،دەشڵێت: "هەفتانە نزیکەی  هەزار کارتۆن هێلکەمان لە تورکیاوە هاوردە دەکرد، ئێستا دەمانەوێت هێلکەی کێڵگەکانی ناوخۆ هاوردە بکەین، بەڵام جگە لەوەی کە خواستی لەسەر نییە، خەڵک هێلکەی سور ناخوات، هێلکەی ناوخۆش گرانبووە، بەجۆرێک نرخی تەبەقەیەک هێلکەی خۆماڵی کە پێشتر بە 3000 دینار بوو، ئێستا بە 5000 دینارە".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان یازدە کێڵگەی بەرهەمهێنی هێلکە هەن بەڵام تەنیا 6 پڕۆژە کاردەکەن کە لەسەدا 50% ی پێویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە.

هێلکەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان هێلکەی مریشکی سۆرە کە لەناوخۆ خواستی لەسەر نییە و بۆ بازاڕەکانی خوار و ناوەڕاستی عێڕاق دەڕوات.

بەکر عەلی، خۆی و براکانی ماوەی 13 ساڵە هێلکە دەفرۆشن لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "خەڵکی کوردستان هێلکەی خۆمان ناخۆن خواستیان زیاتر لەسەر هێلکەی تورکییە، هەرچەندە هێلکەی خۆمان فرێشە و بێ کێشەیە".

بەکر عەلی، دەشڵێت: "سەرباری قەدەغەکردن بەڵام ئێمە هێلکەی تورکی و ئێرانی دەفرۆشین چونکە بازرگانان هاوردەی دەکەن و ئێمەش لێیان دەکڕین خواستی زیاتریش لەسەر هێلکەی هاوردەیە نەک خۆماڵی".

ئەو فرۆشیارە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هێلکەی تورکی و ئێرانی لە کوێ دەکڕێت، ڕایگەیاند: هێلکە لە بازرگانان دەکڕین و زۆریشە هیوادارم هەردەم زۆر بێت چونکە ئەگەر هاوردە نەیەت هەر تەبەقەیەکی هێلکە بۆ دەگاتە 15 هەزار دینار چونکە هێلکەی خۆماڵی کە لە کێڵگەکانی ناوخۆ بەرهەمدەهێندرێن بەنرخی گرانتر لە هێلکەی هاوردە دەخرێتە بازاڕ بۆیە بازرگانان بازاڕ قۆرخ دەکەن.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure