لەسەر بودجە و موچەی هەرێم دڵنیایی لە سەرۆك وەزیرانی نوێ وەردەگیرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1124‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كێشە بۆ هەرێم بەتایبەت بودجە و موچە دروست ناكات، ئێمەش دڵنیایی لێ وەردەگرین، د. موسەننا ئەمین سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لە دیدارێكی دواڕۆژ دەڵێت: "محەمەد عەلاوی نایەوێت كێشەی لەگەڵ هەرێم بۆ دروست بێت، وەكو لایەنە كوردییەكانیش بە یەكێتی و پارتیشەوە دەنگی پێ دەدرێت".

دواڕۆژ: ئایا سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو و كابینەكەی دەتوانن كێشەكانی حكومڕانی لە عێراق چارەسەر بكەن؟
موسەنا ئەمین:
محەمەد عەلاوی كێشەی حكومەت چارەسەر دەكات نەك عێراق، بەڵام كێشەی كەڵەكەبووی چەندین ساڵەی عێراق بە ئاسانی بە سەرۆك وەزیرانێك كۆتایی پێ نایەت،  كێشەی نەمانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و حكومەت چارەسەر دەكات، لەو چوارچێوەیەشدا رەنگە بیەوێت دەست بۆ قەیرانەكانی عێراق بەرێت، ئەمانەش پەیوەستە بەهاوكاری فراكسیۆنەكان بۆ سەرۆك وەزیران، لەحاڵەتی چارەسەر نەكردندا هەڵبژاردنی پێشوەختە و سەرپەرشتی كردنی لەلایەن محەمەد عەلاوییەوە ئەگەرێكی بەهێزە.

دواڕۆژ: محەمەد عەلاوی كاندیدی حیزبەكان بۆ پۆستەكان رەتدەكاتەوە، لەم حاڵەتەدا چۆن دەتوانێت پشتیوانی فراكسیۆنەكان بەدەستبهێنێت؟
موسەنا ئەمین:
ئەم حكومەتە لەژێر سایەی بارودۆخێكدا هاتۆتە ئاراوە، كە بەدەیان هەزار هاوڵاتی رژاونەتە سەر شەقام، دەسەڵاتی حیزبە سیاسییەكان رەتدەكاتەوە كە لەماوەی پێشوودا وڵاتیان بەڕێوەبردووە، ئەو هەموو شەهید و بریندارەی خۆپیشاندانەكان دەبێت ئەوەندە مانای گەیاندبێت بە حیزبەكان كە دەست نەخەنە كاروباری حكومەت، بەڵكو لێبگەڕێن بۆ خەڵكی شیاو كە دەكرێت حیزبی نەبن، بەڵام لێیان رازی بن ئەو قۆناغەی پێ بەڕێبكرێت.

دواڕۆژ: ئایا فراكسیۆنە كوردییەكان دەنگ دەدەن بە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو؟
موسەنا ئەمین:
لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كۆدەبینەوە، وەك گروپی 15 واتە پەرلەمانتارەكانی جگە لەیەكێتی و پارتی، ئێمە بەشایستەی دەزانین بۆ ئەم قۆناغە، لە كۆبوونەوەكەشدا بۆمان دەردەكەوێت كە بە چ ئاڕاستەیەكدا كار دەكات، ئەگەر وەكو گفتوگۆكانی پێشتر كە لەگەڵی كردومانە بەڵێنی ئەوە بدات پشتیوانی بودجە و موچە و مافەكانی كوردستان بكات، كێشە بۆ هەرێم دروستنەكات، هەروەها بەڵێنی ئەوە بدات باری نالەباری عێراق راست بكاتەوە، داخوازییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات، زەمانی هەڵبژاردنێكی پاك بكات ئەویش بە چاكسازی لە یاسای هەڵبژاردن، لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانی  دەكەین، پێشموایە یەكێتی و پارتی دەنگی پێدەدەن.

دواڕۆژ: هەڵسەنگاندنتان چۆنە بۆ كەسایەتی محەمەد عەلاوی؟
موسەنا ئەمین:
كەسێكی میانڕەو و رۆشن فیكرە، ئیسلامییە بەڵام تائیفی نییە، سەر بە دەوڵەتانی دراوسێ نییە، ئەزموونی هەیە لە حكومڕانی، باوەڕی بە دیموكراسیەت هەیە، لەرووی كەسێتییەوە باش و گونجاوە، بەڵام ئایا دەتوانێت كێشەكانی حكومڕانی لە عێراقدا چارەسەر بكات یاننا؟ دەبێت چاوەڕێ بین.

دواڕۆژ: كەی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكرێت بۆ دەنگدان بە كابینەكەی؟
موسەنا ئەمین:
دوای راسپاردنی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە ماوەی مانگێكی لەبەر دەستە بۆ گفتوگۆكردن و دروستكردنی كابینەكەی، تا بەرنامەی حكومەت و كاندیدەكان بهێنێت بۆ پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت، دەبێت لەماوەی ئەم مانگەدا ئەركەكانی تەواو بكات.

دواڕۆژ: پێتانوایە كێشەكانی هەرێم و ناوەند لە كابینەی نوێدا بە كوێ دەگەن بەتایبەت رێكەوتنەكە و پرسی بودجە و موچەی هەرێم؟
موسەنا ئەمین:
ئەو رێكەوتنانەی پێشتر كراوە بۆ ئەم قۆناغە جێبەجێی دەكات و لەسەر ئەو بڕە نەوتەی كە هەردوولا پێشتر لەسەری رێككەوتبوون پێموانییە كێشە دروست بكات، بەڵام ئەگەر هەرێم بیەوێت نەوتی خۆی بخوات و لە بودجەی عێراقیش ببات، ئەمە بۆ هیچ حكومەتێك ناچێتەسەر، ئێمە وەكو پەرلەمانتارانی كورد ناتوانین بەرگری لەمە بكەین، حكومەتی هەرێم ئەو بڕە نەوتە رادەست بكات، پێموانییە محەمەد عەلاوی هیچ كێشەك بۆ هەرێم دروست بكات، چونكە نە لەبەرژەوەندی خۆیەتی و نە لە بیرو بۆچونەكانیشیدا ئەمە هەیە.

دواڕۆژ: كە لەگەڵی كۆدەبنەوە ئەو داواكارییانە چین كە رووبەڕووی دەكەنەوە؟
موسەنا ئەمین:
وەكو كەسایەتی خۆی دەناسین، بەڵام لەمە گرنگتر بەرنامەی كابینەكەیە كە چۆن دەبێت؟ پشت بە كێ دەبەستێت بۆ جێبەجێكردنی؟ واتە میكانیزمی دیاریكرنی وەزیرەكانی چۆنە؟ مەبەستمانە وەزیرەكان كەسی پاك و بەهێز بن، وەكو خۆشمان كیسی حیزبیمان بۆ نەدوریوە كە لە ئێمە بن، بۆیە داخوازییەكی حیزبیمان نییە، جگە لەوە چۆن عێراق بەرەو سەقامگیری و خەدەماتی باشتر بەرێت، هەروەها دڵنیاییمان دەوێت سەبارەت بە موچە و بودجەی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ مافەكانی شەهیدان و جوتیاران و زیندانیانی سیاسی دەمانەوێت دڵنیاییمان پێ بدات.

دواڕۆژ: ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەولەویەتی كارەكانە؟ ئایا بۆ كورد گونجاوە لە ئایندەیەكی نزیكدا بكرێت؟
موسەنا ئەمین:
هەڵبژاردنی پێشوەختە كاتێك بۆ عێراق بە كەڵكە، یەكەم، یاسایەكی هەڵبژارندنی عادلمان هەبێت، دووەم، زەمانەتی مسۆگەری پاكی هەڵبژاردنەكان هەبێت، بوونی سەقامگیری و ئاسایش كە بتوانرێت هەڵبژاردن بكرێت، لەئێستادا هیچ یەكێكیان بوونیان نییە و چەند پارێزگایەك لەدەست حكومەت نەماوە و پشێوی و كوشتن هەیە، بۆیە كاتی هەڵبژاردن نییە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانیش، دەشبێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، چونكە رێگەی زۆری تێدایە بۆ ساختەكاری.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure