چالاكوانە كوردەكەی تەحریر چیرۆكی رفاندنەكەی ئاشكرادەكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 825‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

شێخ عەبدولرەحمان بەرزنجی، ئەو چالاكوانە كوردەی رۆژی (6ی شوباتی 2020) لەگەڵ دوو چالاكوانی دیكەی نێو گۆڕەپانی تەحریر رفێندران، چیرۆكی رفاندنەكەی بۆ دواڕۆژ دەخاتەڕوو و دەڵێت: "بەڵێننامەیان پێپڕكردمەوە كە جارێكیتر نزیك گۆڕەپانەكە نەكەومەوە، بەناچاری بەغداشم بەجێهێشت".


رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو، لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریر دژی گەندەڵی و بێكاری، شێخ عەبدولرەحمان بەرزنجی وەكو یەكێك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە بەشداربوو.

ئامانجی عەبدولرەحمان لە بەشداریكردنی خۆپیشاندانەكان، وەكو خۆی دەیگێڕێتەوە دژی گەندەڵی بووە و داوای دادپەروەری و یەكسانی و گەڕانەوەی ئەو موڵك و ماڵانەی كردووە كە بەناحەق دەستیان بەسەرداگیراوە و له‌وكاته‌وه‌ تا كۆتایى هه‌فته‌ى رابوردوو به‌رده‌وام بووه‌.

به‌ڵام كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە (6ی شوباتی 2020)، عەبدولرەحمان بەرزنجی رفێندرا و دواتر دوو كەسی دیكەیش كە بەهەمان شێوە چالاكوانی نێو خۆپیشاندەرەكان بوون، لەهەمان رۆژدا رفێندران.

شێخ عەبدولرەحمان بەرزنجی بە دواڕۆژی وت: "لەناوچەیەكی نێوان سەعدون و ئەبو نەواسی شاری بەغدا، پیكاب تۆیۆتایه‌كى جۆری نوێ كە كەسی چەكداری تێدابوو، بەجلوبەرگی مەدەنییەوە لە تەنیشتم راوەستان و بەفشاری دەمانچە خستمیانە نێو ئۆتۆمبێلەكەوە و سەرمیان داخست تاوەكو گەیاندمیانە شوێنێك كە نەمزانی كوێیە".

وتیشی: "دوو كەسی دیكەش لەنێو ئۆتۆمبێلێكی تر بەدوای ئۆتۆمبێلەكەمانەوە بوون وەكو چاودێر كە دوای گەیشتنم بەو شوێنە زانیم لەڕێگەی دوو ئۆتۆمبێلەوە رفێندراوم و كۆی گشتی سەرنشینەكانیشی پێنج كەسی چەكدار بوون".

"سێ رۆژ لەنێو ژورێكی بچوكدا دەستبەسەر بووم، لەو ماوەیەشدا هەموو چەند سەعاتێك لێكۆڵینەوەم لەگەڵدا دەكرا لەلایەن كەسانێكەوە كە سەرجەمیان جلوبەرگی مەدەنیان لەبەردابوو" بەرزنجی وای وت.

زیاتر وتی: "لەنێو ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵمدا دەكرد، كەسێك هەبوو كە میانڕەوتر بوو بەباشیش منی دەناسی و ئاگاداری هۆكاری توڕەبوونەكەشم بوو لە دەسەڵات، هەرچەندە حەقیشی پێدەدام، بەڵام دەیوت داوای ماف لەو گۆڕەپانەدا ناكرێت، چونكە لەلایەن ئیسرائیل و وڵاتانی دیكەوە بەڕێودەبرێت".

هەروەها وتی: "بەردەوام لە لێكۆڵینەوەكاندا داوایان لێدەكردم ناوی كەسانێك بدەم كه‌ ئەوان بەتێكدەر ناویان دەبردن گوایە لە نێو گۆڕەپانەكەدان، بەڵام من پێموتن هەموو ئەو خەڵكە بۆ داوای مافی خۆی هاتووە و هیچ كەسێك بەهاندانی وڵاتان نەهاتووەتە ئەوێ".

شێخ عەبدولرەحمان بەرزنجی ئەوەشی خستەڕوو: دوای ئەوەی بەڵێننامەیەكیان پێ واژۆكردووە، هەڕەشەیان لێكردووە كە جارێكی دیكە نەچێتەوە گۆڕەپانی تەحریر، هەر بۆیە لەدوای ئازادكردنی بەغداشی بەجێهێشتوە.

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابوردووەوە خۆپیشاندانەكان دەستیپێكردووە، سەرەتا بە داواكاری هەلی كار و بنبڕكردنی گەندەڵی دەستیپێكرد تا دواتر گۆڕا بۆ داوای گۆڕینی سیستمی دەسەڵات لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی.

هەرچەندە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراق لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام رێكنەكەوتنی لایەنەكان و رازی نەبوونی گۆڕەپانی تەحریر بە كاندیدەكان، تاوەكو ئێستا نەتوانراوە حكومەتی نوێ پێكبهێندرێت.

هێزە ئەمنییەكانیش بۆ پاراستنی ناوچەی سەوز و هەوڵە یەك لەدوای یەكەكانیان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران وایكردووە قوربانییەكی زۆر بكەوێتەوە، كە بەپێی دوایین ئاماری كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 540 خۆپیشاندەر كوژراون و 23 هەزاری دیكەیش برینداربوون.

بەپێی ئامارەكەی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ، لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە 72 چالاكوان رفێندراون و نزیكەی 25 كەسیان ئازادكراون.

شێخ عەبدولرەحمان بەرزنجی دەشڵێت: "لەكاتی ئازادكردنم خرامە نێو ئۆتۆمبێلەكەوە و چاوم بەسترایەوە، دوای كەمتر لە 5 خولەك دابەزێنرام كە خۆم لە شەقامێكی خەدەمی بینیەوە كە نزیك پردی محەمەد قاسم بوو لە تەنیشت بەڕێوبەرایەتی ئەمنی پێشووی سەردەمی سەدام حسێن ".

شێخ عەبدولرەحمان عەبدولسەمەد بەرزنجی، تەمەنی (٥٠ ساڵە) خەڵکی شاری کەرکوکە و باوکی چوار منداڵە.

ناوبراو سەرقاڵی وەبەرهێنان بووە لە بەغدا، بەڵام لەسەردەمی دەسەڵاتی نوری مالیکی، ئەنجومەنی وەزیران بە سێ بڕیار تەواوی کاری وەبەرهێنانیان لێوەرگرتوەتەوە و مۆڵەتی وەبەرهێنانەکەشیان هەڵوەشاندوەتەوە.

بەرزنجی دەڵێت: "بەهۆی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەو ماوەیەی کە لەدادگاکاندا هەوڵی گەڕانەوەی مافەکەم داوە بە ملیۆن دۆلار زیانم پێگەیشتووە، ئێستا خۆم لەخانوی کرێدا دەژیم".

ب: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure