هه‌ولێر؛ یۆبیلی زێڕینی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد به‌ڕێوه‌چوو

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 204‌ جار بینراوە

دواڕۆژ؛ فه‌رمان ڕه‌شاد
به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی په‌نجا ساڵ به‌سه‌ر ته‌مه‌نیدا، یادی یۆبیلی زێرینی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10ی شوباتی 2020 له‌ هه‌ولێر له‌ رێوره‌سمێكدا یادی په‌نجا ساڵه‌ و یۆبیلی زێڕینی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد له‌ ژێرناونیشانی “به‌خشش و داهێنان” له‌ هه‌ولێر به‌ڕێچوو.

رێوره‌سمه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بونی حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، له‌ سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌دا كاكه‌مه‌م بۆتانی سه‌رۆكی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد رایگه‌یاند: "ئه‌م یه‌كێتیه‌ به‌رهه‌می كار و ماندوبونی نوسه‌رانی كورده‌ و به‌شێك بووه‌ له‌ بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كورد و له‌و رێگایه‌ش خاوه‌نی 19 شه‌هیدی ئه‌دیب و نوسه‌رین".

وتیشی:"به‌هۆی دۆخی دارایی یه‌كێتیه‌كه‌ له‌ ئێستا ناتوانین وه‌ك جاران چالاكیه‌كانیان درێژه‌ پێبده‌ن و پشتیوانیه‌ داراییه‌كانیان وه‌ستاوه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ حه‌وت ساڵه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كۆنگره‌ ببه‌ستن كه‌ كاته‌كه‌ی تێپه‌ڕیوه‌".

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ فیلمێكی دیكۆمێنتاری له‌باره‌ی یه‌كیتی نوسه‌رانی كورد له‌ ژێر ناونیشانی نسێی قه‌ڵه‌م پێشكه‌شكرا، دواتر خه‌ڵاتی رێزلێنان پێشكه‌شی نوسه‌ره‌ دیاره‌كانی كورد و ئه‌ندامانی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد و بنه‌ماڵه‌كانیان كرا.

په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر  ‌و له‌ 10ی شوباتی 1970 یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد به‌ ره‌سمی مۆڵه‌تی كاركردنی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق وه‌رگرت، به‌ڵام رژێمی به‌عس له‌ساڵی 1980 هه‌ڵیوه‌شانده‌وه‌ ‌و كردی به‌ به‌شێك له‌ رێكخراوی ئه‌دیبان‌ و نوسه‌رانی عێراق و له‌ دوای راپه‌رینه‌وه‌ دووباره‌ به‌ناوی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد ده‌ستی به‌كارو چالاكیه‌كانی كرده‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure