ئاسیاسێڵ شەڵتەرێكی گەورە بۆ پاراستنی ئاژەڵی بێلانە دروست دەكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 737‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەسپۆنسەری كۆمپانیای ئاسیاسێڵ، ژمارەیەك نووسەر و چالاكوان هەڵمەتی پاراستنی ئاژەڵی بێلانەیان راگەیاند و ئاسیاسێڵیش رایگەیاند، شەڵتەرێكی گەورە بۆ پاراستنی ئاژەڵ دروست دەكەن.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 8ی شوباتی 2020 لەبەردەم باخی گشتی لەشاری سلێمانی، هەڵمەتی پاراستنی ئاژەڵی بێلانە راگەیەنرا كە دەستپێشخەرییەكە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ توانا ئەمین كراوە، ئاسیاسێڵیش پشتگیری ماددی و مەعنەوی دەكات.

لەماوەی ساڵانی رابردوو و تائێستاش زۆرجار هەبووە ئاژەڵ بەدەستی مرۆڤ بەشێوەیەكی نامرۆڤانە و ناشارستانییانە لەنێوبران یان كوژراون، بۆیە ئەم نووسەر و چالاكوانانە بیریان لەو كەمپینەكە كردەوە.

عەبدوڵا حەسەن، وتەبێژی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەدواڕۆژی راگەیاند: هەرچەندە راگەیاندنی پڕۆژەكە درەنگ بوو، بەڵام كۆمپانیاكەیان ئەم پڕۆژەیەی بەلاوە گرنگە بۆ پاراستنی ئاژەڵانی بێلانە لەبەرئەوەی مرۆڤ و ئاژەڵ پێكەوە دەژین، بۆیە ئەوان وەك چۆن لەخەمی مرۆڤدان، لەم دەستپێشخەرییەشدا پشتگیری ماددی و مەعنەوی پڕۆژەكە دەكەن.

ناوبراو روونیكردەوە: جگە لەم پڕۆژەیە، لەشاری سلێمانی شەڵتەرێكی گەورەش بۆ پاراستنی ئاژەڵانی بێلانە دەكەنەوە، هەروەها ئەو ئاژەڵانەشی دوای چارەسەری پێویست لەبەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری رەوانەی ئەو شەڵتەرە دەكرێن، ئەو كەسانەشی بیانەوێت ئاژەڵی ماڵیان دەست بكەوێت، دەتوانن لەو شەڵتەرە دەستیان بكەوێت.

توانا ئەمین، نووسەر و سەرپەشتیاری كەمپەینەكە بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: دڵخۆشە بەوەی ئەمڕۆ ئەو كەمپەینە راگەیەندراوە و بۆ ئەو مەبەستەش قسەیان لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ دەركردنی یاسای تایبەت بۆ پاراستنی ئەو ئاژەڵانە، پاشان حكومەتیش رێنماییان بۆ دەربكات،  چونكە ئەمە پڕۆژەیەكی مرۆییە.

توانا بەشداریكردنی هاوڵاتیانی لەكەمپەینەكەیان بەگرنگ زانی، چونكە وەك چۆن دەیانەوێت ئاژەڵ لەدەست مرۆڤ بپارێزن، هەمانكات مەبەستیشیانە منداڵ لەئاژەڵی وەك سەگی هار بپارێزن.

ناوبراو سوپاسی كۆمپانیای ئاسیاسێڵی كرد كە پشتگیری ئەم پڕۆژەیەی كردووە و شەڵتەرێكیش بۆ پاراستنی ئەو ئاژەڵانە دروست دەكات و داوایكرد كۆمپانیاكانی دیكەش بێنە پڕۆژەكەوە بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ئاژەڵانە رووبەڕووی ئازار نەبنەوە.

هاوكات سەروەر قەرەداغی، چالاكوانی ژینگە بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: لەڕابردوودا هەوڵی جۆراوجۆر هەبووە بۆ پاراستنی ئەم ئاژەڵانە، بەڵام ئەم كەمپەینە و كۆكردنەوەی كۆمەك بۆیان و دروستكردنی كۆدەنگی كارێكی گرنگە، جگە لەوەش زۆر گرنگە پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەیاسا و رێنمایی كار بۆ پاراستنی ئەو ئاژەڵانە بكەن. 

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure