دواڕۆژ، زانیاری ورد سەبارەت بەهەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بڵاودەكاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 712‌ جار بینراوە

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال


پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە 80 ماددە پێكهاتووە و لەماوەی چەند رۆژێكدا لەكۆبوونەوەی سەركردایەتیدا پەسەند دەكرێت، سەرۆكی یەكێتیش دەبێت 80 دەنگی سەركردایەتی بەدەستبێنێت.

هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەی سەركردایەتی گشتی یەكێتی بكرێت، بەڵام دوێنێ مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی و سەرۆكی یەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی رایگەیاند "بەهۆی ئامادەكاری زیاتری تەكنیكییەوە كۆبوونەوەكە بۆ رۆژی شەممە 1ی شوبات دواخراوە".

یەكێتی نیشتمانی كوردستان رۆژی 21ی مانگی رابردوو چوارەمین كۆنگرەی بەست و تیایدا ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی هەڵبژارد كە لە 121 ئەندام پێكهاتوون، جگە لەوەی هەریەك لە (بەرهەم ساڵح، رێواس فایەق، قوباد تاڵەبانی) بەهۆی پێگەی فەرمییان لەئاستی عێراق و كوردستان بێ هەڵبژاردن بوونە ئەندامی سەركردایەتی، بۆیە ئێستا ئەندامانی سەركردایەتی 124 كەسن.

بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ، پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی تەواو بووە و دوێنێش كۆتا وردەكاری تەكنیكییان بۆ كردووە، پەیڕەوەكە دوای هەمواركردنەوەی لە 80 ماددە پێكهاتووە، بۆیە لەیەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا ناتوانرێت هەمووی پەسەند بكرێت و چەند رۆژێكی دەوێت، دوای هەموارەكەش دەبێت سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی یەكێتی هەڵبژێردرێن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەلیژنەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەوان دیارییان كردووە سەرۆك دوو جێگری هەبێت، بەڵام نازانن لەكۆبوونەوەی سەركردایەتیدا ئەو هەموارە جێگیر دەكرێت یان دەستكاری دەكرێت، بەڵام سەرۆك و جێگرانی و بەرپرسانی خوار ئەوانیش لەسەركردایەتی هەڵدەبژێردرێن، دواتریش ئەنجومەنی جێبەجێكار دیاری دەكرێت ئەگەر ناوی ئەنجومەنەكە نەگۆڕدرێت، ئەو ئەنجومەنە ژمارەیان پەیوەندی بەژمارەی مەكتەب و مەڵبەندەكان هەیە، واتە هەڵبژاردنیان بۆ ناكرێت.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، تائێستا كەس بەفەرمی خۆی بۆ سەرۆك كاندید نەكردووە، یەڵام زیاتر باس لەبەرهەم ساڵح دەكرێت ئەگەر موفاجەئە روونەدات، بەڵام دەبێت سەرۆك دوو لەسەر سێی دەنگی سەركردایەتی بەدەست بێنێت واتە 80 دەنگ، بۆ جێگرانی سەرۆكیش تائێستا باڵەكان رێكنەكەوتوون، چونكە چاوەڕێی تەواوبوونی هەموارەكەیان دەكرد، ئیدی گفتوگۆ لێرەوە دەست پێدەكات و لەكاتژمێرەكانی كۆتاییدا نزیك دەبنەوە.

وەك ئەو سەرچاوەیە باسیكرد: سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی یەكێتی نابنە ئەندامی دەستەی جێبەجێكار، بەڵام دەسەڵاتیان دەبێت و كۆبوونەوە بەدەستەی جێبەجێكار دەكەن، جگە لەوەش ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی كە كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكات دەسەڵاتی كەمیان هەیە وەك سەرپەرشتی و چاودێری، بەڵام دەسەڵاتی بڕیاردانیان نییە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure