بڕیارێك لە سوودی گەڕەكە كۆنەكانی سلێمانی دەرچوو

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 249‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بۆ رێگریكردن لەتێكدانی شوێنە كەلەپورییەكان لەشاری سلێمانی، دروستكردنی بینای بازرگانی لەچەند گەڕەكێكی دێرینی سلێمانی قەدەغەكراوە.


رەوا كەمال نوێنەری لیژنەی شوێنەوار لەلیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ 29ی كانوونی دووەمی 2020 بەدواڕۆژی راگەیاند: لەمانگی ئایاری ساڵی رابردووەوە رێنمایی دەرچووە بەقەدەغەكردنی دروستكردنی بینای بازرگانی لەچەند گەڕەكێكی سلێمانی ئەوانیش (سەرشەقام، جولەكان، دەرگەزێن، كانێسكان، سابونكەران، مەڵكەندی).ن

ناوبراو باسی لەوەكرد، ئەوانە گەڕەكی كەلەپورین و دەرچوونی ئەو رێنماییانە بۆ ئەوەیە رێگری لەتێكدانی شوێنە دێرینەكان بكرێت، چونكە تێبینی كرابوو زۆربەیان كرابوونە گەراج و زۆربەیان پەڵە پەڵە ببوون، زۆربەشیان لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە بەدەر لەڕێنماییەكانی شوێنەوار كرابوون بەبینا.

ناوبراو روونیكردەوە، بەپێی رێنمایی نوێی شارەوانی و شوێنەوار، هەر خانوویەك لەناوەندی شار لەشوێنی نیشتەجێبوون نابێت لە دوو نهۆم زیاتر بێت، لەشوێنی بازرگانیش نابێت لە سێ نهۆم زیاتر بێت، هەروەها بەپێی رێنماییەكانی شوێنەواریش دروست بكرێت كە رووخساری پێشەوەی كەلەپوری بێت و ئەو پێداویستییە بیناسازییانەی كە پێشتر لەدروستكردنی بینادا بەكارهاتووە، بەكاربهێنرێتەوە، دروستكردنی بینای بازرگانی و مۆڵەتی گەراجیش لەشوێنی نیشتەجێبوون قەدەغەیە.

ناوبراو وتی: "پێشتریش لەلایەن شارەوانییەوە لەناو گەڕەكەكاندا مۆڵەتی بازرگانی دراوە كە ئەوانە سەرپێچین و ئەو كەسانە دراونەتە دادگا، ئەو شوێنە بازرگانییانەشی لە سێ نهۆم زیاترن بەدەرن لەڕێنمایی و پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure