ژنێك خۆی لەكچێكی هاوڕێی دەكات بەكوڕ و هەوڵ دەدات پارەی لێوەربگرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1211‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

لەشاری سلێمانی ژنێك، خۆی لەكچێكی هاوڕێی كردووە بەكوڕ و پاشان بەناوی كوڕەكەوە قسەی لەگەڵدا كردووە و هەوڵیداوە پارەی لێوەربگرێت، بەڵام دواتر ئاشكرابووە، كچێكیش ئاڵتوونی خوشكی لەماڵی باوكی بردووە بۆ كوڕێكی هاوڕێی.  


نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن ‌و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ  29ی كانوونی دووەمی 2020 بەدواڕۆژی راگەیاند: ناسینی ئەو كوڕ و كچانە لەڕێگەی فەیسبووك و هاوڕێی دیكەوەیە، هەندێكیان وەك باند كار دەكەن و پاشان كوڕ و كچی دیكە دەخەڵەتێنن، یان هەندێك خەڵك هەیە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن بزانن كێ دەوڵەمەندە و دۆخی دارایی باشە دەیدۆزنەوە، یان هەندێك كوڕ هەیە كچێك هاوڕێیەتی و لەو رێگەیەوە كچەكە كچێكی دیكەی پێدەناسێنێت، كوڕەكەش كچەكە ئیستیغلالی دەكات.

ناوبراو باسی دوایین چیرۆكی كرد كە ژنێك  بەرامبەر كچێكی هاوڕێی خۆی كردوویەتی تا لەو رێگەیەوە پارەی دەستبكەوێت و وتی : ژنێك كچێكی هاوڕێی هەبووە و قسەی لەگەڵدا كردووە، ژمارەی كەسێكی پێداوە گوایە كوڕێكی زۆر باش و دەوڵەمەندە، بەڵام هەر خۆیشی بەناوی كوڕەكەوە قسەی لەگەڵ كچەكەدا كردووە و داوای پارەی لێكردووە، گەیشتۆتە ئەوەی كچەكە پارە بەژنەكە بدات، بەڵام كچەكە گومانی بۆ دروستبووە لەوەی ژنەكە هەر نایەوێت بینینێت، بۆیە لای پۆلیس سكاڵای كردووە و دوای ئەوەی بەدوای ژمارەكەدا رۆیشتوون، دەركەوتووە هاوڕێی خۆیەتی.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس باسی چیرۆكێكی دیكەی كرد و وتی :كچ هەیە ئاڵتوونی خۆی بردۆتە ماڵی دایكی بۆ ئەوەی نەدزرێت، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی كوڕێكی هاوڕێی ناسیوە و چووە بەدزییەوە ئاڵتونەكەی بەكوڕەكەی هاوڕێی داوە.

پێشتریش نەقیب سەركەوت بۆ دواڕۆژ رایگەیاندبوو، دوای ئەوەی ئافرەتێك لەبەشی نەهێشتی تاوان سكاڵای تۆماركرد لەسەر كەسێك كە فێڵی لێكردووە و دەستی بڕیوە و خۆی وەك پزیشك‌ و بازرگانی نەوت پێ ناساندووە و بڕی 10 هەزار دۆلاری لێسەندووە كە گوایە كاری پێوە دەكات، دوای ئەوە كەسەكە موبایلی كوژاندۆتەوەو خۆی لێ شاردۆتەوە.

ناوبراو وتبووی: دوای دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاری ‌و وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی نەهێشتنی تاوان، توانرا لەڕۆژی 25ی ئەم مانگە تۆمەتبارەكە دەستگیر بكرێت.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەكردبوو :دوای وردبینیكردنی داتاكانی پۆلیسی سلێمانی دەركەوتووە كە ئەم كەسە پێشتریش بە فێڵ پارەی لەهاووڵاتییەك وەرگرتووە كە گوایە كاسبی پێوە دەكات، بەڵام پارەی ئەو هاووڵاتییەشی خواردووە، هەروەها بەتۆمەتی هەڕەشەكردن لەڕێی موبایلەوە بەپێی ماددەی 2ی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن پێشتر دەستگیركراوە.

پێداچونەوە:ئەڤین



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure