تەرمی ئه‌فسه‌رێكی پێشمه‌رگه‌‌ دۆزرایه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1550‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 29 كانوونی دووه‌م 2020، تەرمی ئه‌فسه‌رێكی هێزه‌كانی پاراستنی ئێزدیخان له‌ نزیك ناحیه‌ی سنونێ دۆزرایه‌وه‌.

 
خۆدێدا چۆكی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ، بۆ دواڕۆژ وتی: "دوێنێ ئێواره‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ به‌ناوی (حسێن خه‌له‌ف شڤان) له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێك كوژرابوو، ئه‌مڕۆ له‌ گوندی (دووگرێ) له‌ نزیك ناحیه‌ی سنونێ له‌لایه‌ن چه‌ند گوندنشینێكەوە تەرمەكەی دۆزرایه‌وه‌".

ناوبراو وتیشی: "كوشتنی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ په‌یوه‌ندی بە بابه‌تی تیرۆر و داعشه‌وه‌ نییه‌، به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییەوه‌ كوژراوه‌ كه‌‌پێشتر كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بووە".

چۆكی ئاماژه‌ی بەوەكرد كه‌ ئێستا جه‌نازه‌ی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ له‌ پزیشكی دادی نه‌خۆشخانه‌ی ناحیه‌ی سنونێیه‌ و دوای پشكنینی پزیشكی داد، تەرمەكەی راده‌ستی كه‌سوكاری ده‌كرێت.

هێزه‌كانی پاراستنی ئێزدیخان نیزكه‌ی 400 كه‌س ده‌بن، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ دامه‌زراون، به‌ فه‌رمانده‌یی حه‌یده‌ر شه‌شۆ، دوای هاتنی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بۆ شنگال ئه‌و هێزه‌ ئاڵای عێراقی له‌ جیاتی ئاڵای كوردستان هه‌ڵدا و هه‌ر له‌شنگال مانه‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure